زمانی کوردیی له قسه‌کردن و نووسییندا

Kurd24

بیهێنه به‌رچاوی خۆت له سه‌ره‌تایه‌کی به‌هاردا، ده‌چیته دارستانێکی چڕه‌وه‌. دارستانێک که ته‌واوی دره‌خته‌کانی سه‌وزبوون، دارستانێک پڕ گوڵ و گوڵزار، بۆنخۆش، ده‌نگی باڵنده‌کانی دارستانه‌که ئارامبه‌خش و تێپه‌ڕینی تیشکی خۆر به دارستانه‌که‌دا و ڕووناککردنه‌وه و گه‌رمکردنه‌وه‌ی ده‌مووچاوت ئارامییه‌کی گه‌وره‌ت پێده‌به‌خشێت، جار ناجاره چاوه‌کانت داده‌خه‌یت و له به‌تاڵییه‌کدا ئاسووده ده‌بیت. لێره‌دا به‌تاڵی له هه‌موو شت، به‌تاڵ له خه‌م، به‌تاڵ له پلان، به‌تاڵ له چاوه‌ڕانیی. ئه‌وه‌ی بۆ تۆ گرنگه ئێستا و ئالێره‌دا هه‌یت و به‌خته‌وه‌ریت به بوونت.

ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه به‌رهه‌می خوده، وه‌ک ڕێگاکانی ژیان. وێڕای هه‌موو کێشه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مان، خود هه‌میشه هانده‌ره بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێک، که تێیدا وزه بۆ ژیان وه‌ربگرین و له ڕێگایه‌وه به‌خته‌وه‌ر بین. پرسیارێکی گرنگ، که لێره‌دا هه‌موو تاکێک پێویسته له خۆی بکات، ئه‌وه‌یه، که بپرسێت، که ئاخۆ ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه به‌رهه‌می چییه؟ به گشتیی له جیهاندا و له‌ناو ئێمه‌ی کورددا به‌تایبه‌ت، هه‌میشه له ڕێگای زمانه‌وه ده‌گه‌ڕێین بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵام. ده‌شێت له ڕێگای زمانه‌وه دڵنه‌وایی خۆمان بده‌ین، لێ من پێموایه، که هه‌رگیز له زماندا ناتوانین بۆ وه‌ڵام بگه‌ڕێین. زمانێک که مرۆڤ په‌نجا هه‌زار ساڵێک ده‌بێت به‌کاری ده‌هێنێت و ئه‌زموونی تێیدا هه‌یه. گفتووگۆکردن به ته‌نها له ڕێگای وشه‌وه نییه، به‌ڵکوو به پله‌ی یه‌که‌م له ڕێگای گۆڕینه‌وه‌ی وزه‌وه‌یه، له ڕێگای ئێلێکترۆنه‌وه‌یه.

من وه‌ک تاکێکی کورد، له دایکبووی باشووری کوردستانم. کوردم، زمانی کوردیی له‌ژێرده‌سته‌ییدا فێربووم، وێڕای ئازادیی به‌کارهێنانی زمانی کوردیی، لێ هێشتا ئه‌و ژینگه‌یه‌ی، که تێیدا ژیاوم، یاریده‌ده‌رم نه‌بووه بۆ گه‌یشتن به زمانێکی باڵا. من نه‌وه‌یه‌کم، که ئێستا ناویان ناوه، نه‌وه‌ی ئاڵتوونیی. بۆ من هیچ گاڵته‌جاڕییه‌ک له‌مه زیاتر جێگای پێکه‌نین نییه، چونکه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له‌م نه‌وه‌یه‌دا بوونی نییه، که ناوی لێبنرێت نه‌وه‌ی ئاڵتوونیی، به‌ده‌ر له‌وه‌ی، که له سه‌ختتریین کاته‌کانی ژیانی کوردبووندا له‌ژێر ڕکێفی به‌عسدا ژیاوه. بۆ من هیچ نه‌وه‌یه‌ک، له‌م نه‌وه‌یه خه‌مبارتر نه‌بووه. هیچ نه‌وه‌یه‌ک له‌م نه‌وه‌یه زیاتر ژه‌هراوییتر نه‌بووه. ژه‌هراویی به بیری به‌عس، ژه‌هراویی به تووندوتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تیی، ژه‌هراویی به تووندوتیژیی سیاسیی.

من بیرده‌که‌مه‌وه، من ده‌نووسم. زمانی کوردیی من زمانێکی باڵا نییه، لێ ئامڕازێکه، که من له ڕێگایه‌وه له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی کورددا له گفتووگۆدام. من بیرده‌که‌مه‌وه، من ده‌دوێم، له دوانمدا هه‌تا بتوانم، ڕێگریی ده‌که‌م له به‌کارهێنانی وشه‌ی عه‌ره‌بیی. ئه‌م ڕه‌وشه ده‌روونییه، چونکه من ئازارێکی گه‌وره‌ی ڕۆحیی دراوم. من نه‌وه‌ی سه‌رده‌می به‌عسم، ئازارێکی گه‌وره‌ی ده‌روونییم له‌سه‌ر ده‌ستی به‌عس چه‌شتووه. من نه‌وه‌ی خه‌مم، نه‌وه‌ی ئاڵتوونیی.

هه‌نووکه من ئه‌وه‌م، که هه‌م. هاووڵاتییه‌کی جیهانم. بوونه‌وه‌رێکی کوردم، چۆن بیرده‌که‌مه‌وه ئاوهاش ده‌دوێم، چۆن ده‌دوێم ئاوهاش ده‌نووسم. ڕۆژێک خاوه‌نی بیست و چوار کاتژمێره. له میانه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌دا، که من تێیدا خاوه‌نی نووسین بووم، به‌شێکی گه‌وره‌ی کاته‌کانم له کارکردندا خه‌رجکردووه. له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، زۆرینه‌ی کاته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌م له کاردا خه‌رجکردووه، لێ وێڕای ئه‌م هه‌موو سه‌رقاڵییه‌شم، ده‌نووسم و ده‌خوێنمه‌وه، وه‌رزش ده‌که‌م، کاری ماڵه‌وه ده‌که‌م و ده‌شخه‌وم. کاتێک وتارێک ده‌نووسم، ته‌نها یه‌کجار پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌که‌م، لێ جاری وه‌هاش هه‌یه، ئه‌وه‌ش ناکه‌م، چونکه که‌می کات ڕێگره له کردنی هه‌ندێک شتی تر. له نووسینی کتێبدا خاوه‌نی هه‌مان کێشه‌م. هه‌موو ئه‌مانه‌ش نابێت ببێته به‌هانه‌یه‌ک بۆ من، به‌ڵام ئه‌مه ڕاستییه، ڕاستیی ژیانی ڕۆژانه‌ی من. ده‌شێت هه‌ندێک نووسه‌ری تر، کاتیان ته‌نها بۆ نووسیین خه‌رج بکه‌ن و هیچ ئه‌رکێکی تریان له‌سه‌ر شان نه‌بێت، لێ مه‌رج نییه هه‌موو که‌س، ئه‌م شانسه‌ی هه‌بێت.

من داوای لێبووردن له خوێنه‌ر ده‌که‌م، که گرفتیان له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌کانی مندا هه‌یه. نووسین بۆ من، نووسینه بۆ بیرکردنه‌وه، نووسینه بۆ خودی نووسین خۆی. ئه‌و چه‌مکانه‌ی، که من به‌کاریان ده‌هێنم، چه‌مکی زانستیین، موڵکی یۆنانی کۆن و لاتینن، نه‌ک ئه‌ڵمان. زمانی زانست زمانێکی جیهانییه. من به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی چه‌مکێکی زانستیی له نووسیندا به‌کاربهێنم وه‌ک له عه‌ره‌بیی. قوڵپی پێکه‌نین له‌م کێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه، که قسه‌که‌ر له میدیای کوردییدا له چوار به‌ش سێ به‌شی زمانه‌که‌ی عه‌ره‌بییه، لێ که‌س پێیان ناڵێت، پشتی چاوتان برۆیه.

له کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا قسه‌ له‌سه‌ر زمانی گوند و شار ده‌کرا. قسه له‌سه‌ر زمانی فڵان و فیسار نووسه‌ر ده‌کرا. نووسه‌رێک نووسینه‌کانی به نووسینی زمانی لادێی ده‌نرخێنرا و نووسه‌رێکی تریش نووسینه‌کانی به نووسینی زمانی شار ده‌چوێنرا. هه‌نووکه خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ترین. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چی بکه‌ین؟ چۆن بتوانین پێکه‌وه زمانێکی یه‌کگرتووی باڵا پێکبهێنین؟ من به‌وشێوه‌یه ده‌نووسم، که بیرده‌که‌مه‌وه و قسه ده‌که‌م، ئه‌ی تۆ چۆن ده‌نووسیت؟