له‌نێوانی مردووشۆری سارا عومه‌ر و "ژنانی وه‌ک من"ی ڕازان هاوگۆدا ڕاستییه‌ک
ڕازان هاوگۆ، کتێبه بیۆگرافییه‌که‌ی ناوناوه، ژنانی وه‌ک من ناوده‌نێنن قوربانیی. ئه‌م کتێبه بانگه‌شه‌یه‌که بۆ ڕاستیی و بۆ ڕاستگۆیی ڕازان خۆیشی. ئاخر له‌م بیۆگرافییهدا، ڕازان به سه‌ری په‌نجه‌یه‌کی نه‌رم کۆمه‌ڵێک نه‌ریتیی کوردیی ده‌جوڵێنێت، که فێمێنیسته کورده‌کانیش هه‌ر کار له‌سه‌ر ئه‌مجۆره نه‌ریتانه ده‌که‌ن، لێ جیاوازیی تێیاندا ئه‌وه‌یه، که به‌شێک له فێمێنیسته کورده‌کان خه‌ڵکانی تووڕه و تووندڕه‌ون، لێ ڕازان به تۆنێکی نه‌رم و به خه‌نده‌یه‌که‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه ده‌دوێت. ڕازان له بیۆگرافییه‌که‌یدا نه‌ک به ته‌نها ڕاستگۆیه، به‌ڵکوو ژنان و کچانی کوردییش فێری مۆدێلێکی تری ژیان ده‌کات، که له ڕێگایه‌وه بگه‌ن به ڕاستیی. ڕاستیی ژیانی خودێتیی نه‌ک ئه‌و خه‌وشه‌ی، که تاک پێیوایه، که ئه‌وه ئه‌مه. گه‌ڕان به دوای خۆشه‌ویستییدا له دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییدا ده‌ستپێده‌کات و له ئازادییشدا تێیدا ده‌ژییت، ئه‌مه‌ش دیسان تاک ده‌گه‌یه‌نێت به ڕاستییه‌کی تر، که تاک سه‌رله‌نوێ ده‌ستبکاته‌وه به گه‌ڕان به دوای ڕاستییدا. گه‌ڕان به دوای خودادا، که دواجار ڕازان له دڵی خۆیدا ده‌یدۆزێته‌وه وه‌ک ڕووناکییه‌کی وزه به‌خش میهره‌بان و به‌خشنده. نه‌ک بوونێکی تووڕه و سزاده‌ر. ئه‌م گه‌ڕانه درێژه‌ی ده‌بێت هه‌تا ئه‌و کاته‌ی،که تاک سه‌رله‌نوێ له خۆی بپرسێت، که ئاخۆ ڕاستیی چییه؟ وه‌ڵامی من بۆ ئه‌م پرسیاره، بریتییه له: که ڕاستیی هه‌میشه کاتییه و هیچ شتێک هه‌تا سه‌ر و بۆ هه‌تاهه‌تایه وه‌ک خۆی نامێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ڕاستییه‌ک ساڵێک ڕاسته یان میلیۆنێک ساڵ. دواجار ئه‌م ڕاستییه ده‌گۆڕێت، ئه‌مه یاسای سروشته.
ساده‌تر بدوێین، وه‌ک زمانی بیۆگرافییه‌که‌ی ڕازان، ئه‌وا تێده‌گه‌ین، که نه‌وه‌ی سه‌رده‌می ڕازان، بریتیین له‌و کچانه‌ی، که به‌شێکی گه‌وره‌یان دراون به شوو. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر زۆره‌ملێیی ناکرێت، چونکه کاتێک دایک و باوک گووتیان کچه‌که‌یان ده‌ده‌ن به شوو، ئیدی کچ له‌سه‌ریه‌تی شووبکات. ئه‌م شووکردنه له ڕێگای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌وه بێت یاخوود نه‌ریتی کو‌لتووریی خێزان له‌پێناوی پاراستنی خێزاندا هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. ڕازان به سیانزده ساڵیی وه‌ک به‌شێکی گه‌وره‌ی کچانی کورد ده‌درێت به شوو. ڕازان نه ده‌زانێت شووکردن چییه و نه ده‌شزانێت خۆشه‌ویستیی چییه، لێ وه‌ک خۆی ده‌ڵێ، له‌دوای شووکردنی فێربوو که مێرده‌که‌ی خۆشبوێت.
سه‌ره‌تای کتێبه بیۆگرافییه‌که‌ی ڕازان، به‌وه ده‌ستپێده‌کات، که قسه بۆ پانزده هاووڵاتیی نوێ له دانمارک‌دا بکات، که کۆرسێکی بیست هه‌فته‌یی پیشهییانکردووه، هه‌تا له ڕێگایه‌وه کارێکیان ده‌ستبکه‌وێت. ئه‌م هاووڵاتییانه به‌شێکی گه‌وره‌یان خاوه‌نی باکگراوندێکی ئیسلامیین، به جلکی درێژ و له‌چکه‌وه. لێره‌دا ڕازان ده‌گێڕێته‌وه، که ئه‌و له 13.09.1990 دا هاتۆته دانمارک. ئه‌و کات ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵ بووه و خاوه‌نی هیچ خوێندنێک نه‌بووه. ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ، که ئه‌م به سیانزده ساڵیی دراوه به شوو، شوویه‌ک وه‌ک فرۆشتن، که دایک و باوکی له بری ئه‌م توێتایه‌ک و کۆمه‌ڵێک پاره و زێڕیان وه‌رگرتووه.
ڕازان و سارا باس له دوو سه‌رده‌می جیاواز ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که ڕازان نزیکه‌ی هه‌ژده نۆزده ساڵێک له سارا به ته‌مه‌نتره. پارادۆکس لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ده‌کرا کوردانی سه‌رده‌می ڕازان دواکهوتووتربوونایه وه‌ک له کوردانی سه‌رده‌می سارا، لێ ڕازان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نه‌بووه سووکایه‌تیی به کۆمه‌ڵگای کوردیی و به کوردستان بکات، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه ڕازان وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێک به‌شێوه‌یه‌کی فێمێنیستانه به زمانێکی ساده و ساکار دێته گۆ، که منیش وه‌ک خوێنه‌رێک پشتگیریی ڕه‌خنه‌کانی ده‌که‌م. ڕه‌وه‌ندی کوردیی له ئه‌وروپا هه‌تا سه‌ره‌تاکانی ساڵی دوو هه‌زاریش له قۆناغێکی ناله‌باری کۆمه‌ڵایه‌تییدا ده‌ژیان. ئه‌م ناله‌بارییه به‌داخه‌وه به‌رهه‌می پارته‌کان بوون. کورده‌کان له ئه‌وروپادا نه‌ک ئاماده نه‌بوون پراکتیزه‌ی ئازادیی سێکسوال بکه‌ن، به‌ڵکوو ئازادیی کچان و ژنانیش بوونی نه‌بوو.
ڕازان له‌دوای ماوه‌یه‌ک له دانمارک له مێرده‌که‌ی جیاده‌بێته‌وه، جیابوونه‌وه‌یه‌ک که کولتووری کوردیی گۆڵمه‌زێکی کۆمێدیی بۆ ده‌خوڵقێنێت. ئه‌م گۆڵمهزهش بریتییه له خۆشاردنه‌وه له کورد له دانمارک‌دا، نه‌باده ناتۆره‌یه‌کی دوابخه‌ن. ڕازان ڕاستگۆیه له پێناسه‌کردنی ئه‌م نه‌ریته‌دا، که کورده‌کان له ئه‌وروپادا کاری زۆریان له‌سه‌ر ده‌کرد. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه، نه‌ک سووکایه‌تییپێکردن. ئه‌مه‌ش ته‌واو و ڕێک پێچه‌وانه‌ی دیدی سارایه. ڕازان نه ئایینی ئیسلام و نه کۆمه‌ڵگای کوردیی نه‌کرده په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دیواری ناو و ناوبانگدا. ڕازان وه‌ک سارا هه‌ڵنه‌ستا به سووکایه‌تییکردن به کورد و بێنرخکردنیان و قووتکردنهوهیان وه‌ک بوونه‌وه‌ری جه‌نگه‌ڵ و نه‌زانیی، به‌پێچه‌وانه‌وه، ڕازان به ڕێزه‌وه ڕه‌خنه له کولتوورێک ده‌گرێت، که له زیان زیاتر بۆ تاک و کۆ هیچ قازانجێکی نییه. وێڕای هه‌موو شتێک، ڕازان ڕیالیستانه ده‌ڕوانێته ژیانی کورد و خۆی له‌و کولتووره‌دا و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردیش ده‌بینێت. ڕزان قسه له‌سه‌ر کچانی ئێستاش ده‌کات، که ئازادییان چه‌ند بوێریی کردوون، ئیمڕۆ به ویست و خواستی خۆیان به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه شوو ده‌که‌ن و سبه‌ینێش به هه‌مان ئازادیی و خۆشییه‌وه جیاده‌بنه‌وه.
من به‌م نزیکانه ئه‌م کتێبه‌ی ڕازان له‌سه‌ر خواست و داوای خۆی وه‌رده‌گێڕم بۆ کوردیی، ئه‌مه‌ش دیسان به‌پێچه‌وانه‌ی ساراوه، که هه‌تا ئێستا چه‌ندیینجار داوای لێکراوه، که ڕۆمانی مردووشۆری بکاته کوردیی، لێ ئاماده نه‌بووه ڕه‌زامه‌ندیی پیشان بدات. دواجار ڕازان هه‌م له دایکی ده‌بوورێت و هه‌میش دایکی تێده‌گات، که ته‌نانه‌ت خۆیشی قوربانیی کولتووره، نه‌ک حه‌ز و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌بووبێت، که کچێکی سیانزده ساڵان بدات به شوو و بیگۆڕێته‌وه به توێتایه‌ک و مشتێ زێڕ و پاره. دواجار مێرده کۆنه‌که‌شی له‌وه تێده‌گات، که بۆچیی جیابوونه‌ته‌وه، وێڕای جیابوونه‌وه‌شیان ڕازان هێشتا خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کی پۆزه‌تیڤه له‌گه‌ڵیدا، چونکه باوکی دوو منداڵیه‌تی. ڕازان ڕووناکیی خۆشده‌وێت، چونکه تاریکیی دیوه. ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ ڕازان له دانمارک‌دا ده‌یکات، بریتییه له به‌خشینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی، هێز و باوه‌ڕ به خۆبوون و ئاینده‌یه‌کی باش. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی بیۆگرافییه‌که‌ی ڕازان پۆزه‌تیڤ بیرده‌کاته‌وه و پێیخۆشه وه‌ک ڕازان ئه‌زموونی ژیان کۆبکاته‌وه. لێ دوای خوێندنه‌وه‌ی مردووشۆر، مرۆڤ فێری ڕق ده‌بێت، فێری سووکایه‌تییکردن به کورد و کوردستان ده‌بێت.