خه‌لیفه‌یه‌كی ئایینیی به‌دوای پوتنه‌وه‌؟

Kurd24

توركیا چاوی له‌ هه‌نگاوه‌كانی قه‌یسه‌ره‌؟

 ده‌وڵه‌تی توركیا، له‌ ئێستادا له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریی و ئاریشه‌و قه‌یرانی سه‌ختدایه‌ و به‌توندی به‌رۆكی گرتوه‌. له‌لایه‌ك وه‌ك دۆستی روسیاو ڤلادیمیر پۆتین، هه‌ڵوێستی له‌رزۆكی بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ وه‌ده‌ركه‌وتوه‌، له‌لایه‌كی تر وه‌ك ئه‌ندامێكی كارای هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی-ناتۆ، ده‌بوو هاوشانی وڵاتانی ئه‌وروپی و رۆژئاوایی هه‌ڵوێستیان هه‌بایه‌ دژی له‌شكركێشیه‌كانی روسیا و ده‌ستگرتن به‌ بنه‌ماو پره‌نسیپه‌كانی ناتۆوه‌.  ناچار توركیاو خه‌لیفه‌كه‌ی، له‌و نێوه‌نده‌ خه‌ریكی مامه‌ڵه‌ن به‌ كارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ له‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی فورات و ئیدلیب و رۆژئاوای كوردستان به‌رانبه‌ر ده‌ستكه‌وتی زیاترو كه‌مێك به‌رزكردنه‌وه‌ی لیره‌ی توركی و سوككردنی هه‌ڵایسانی ئابوریی.

به‌تایبه‌تی سه‌وداكردنی توركیا به‌ به‌نده‌رو گه‌روه‌  ئاویه‌كانیه‌وه‌ (گه‌رووی ده‌رده‌نیل بسفۆڕ) و په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێری خه‌لیفه‌ به‌ پۆتینه‌وه‌ خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی ده‌ستی توركیا ئاشكرا ده‌كات لای ئه‌مریكاو ئه‌وروپیه‌كان. هه‌ر درێژه‌ كێشانێكی جه‌نگی ئۆكراین بۆ توركیا زیان و ئیحراجیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ داهاتوودا به‌تایبه‌تی بۆ پرسی ناوخۆیی و گازی سروشتی و به‌هێزكردنی به‌ره‌ی نارازی و ئۆپۆزسیۆنی نوێ.

 توركیای سه‌رده‌می ئاكپارتی، كه‌ سه‌دان جار هێرش و له‌شكركێشی هێناوه‌ بۆ باشوری كوردستان و هێشتا  پێگه‌و قاچی سه‌ربازانی ئه‌وه‌تا له‌ناو قوڵایی عه‌فریندا، كه‌چی كۆڕبه‌ندی دیبلۆماتی ئه‌نتاڵیا گرێ ئه‌دات بۆ ئاشته‌وایی و دیالۆگ، كه‌ ئه‌وه‌ دوفاقیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ دیبلۆماسیه‌تی توركیا و پێوه‌ره‌ دیموكراسیه‌كان.

 له‌ راستیدا وه‌ك چۆن جه‌نگی (ئۆكراین و روسیا) تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ ره‌هه‌ندی سیاسی و ئابوریی و سه‌پاندنی هێزو ره‌وایه‌تیی مێژوویی و زمانیی و كه‌لتوریی بۆ روسه‌كان و هاوكێشه‌یه‌كی ته‌واو ئاڵۆزه‌، هه‌مان كات جه‌نگی نابه‌رابه‌ریی توركیاش به‌ درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ  ته‌ڤگه‌ری كوردیی، له‌ هه‌ردوو به‌شی باشوورو رۆژئاوای كوردستان، هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌و ره‌هه‌ندی داگیركاریی و سه‌پاندن و مێژوویی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ویلایه‌ته‌كانی كه‌ركوك و موسڵ و گه‌راندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ نه‌خشه‌ كۆنه‌كه‌ی ناو جیۆپۆله‌تیكی عوسمانیه‌كان، وادیاره‌ توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م خه‌لیفه‌یه‌ ئیسلامییه‌ به‌نیازه‌ شوێنپێی قه‌یسه‌ره‌ مه‌سیحیه‌كه‌ هه‌ڵگرێت و پلانه‌كانی كۆپی بكاته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی بۆ رۆژئاوای كوردستان.

وه‌ك ده‌زانرێت عوسمانیزمی نوێ له‌ توركیا، واته‌ سوڵتانیزمی دینی و ئیمپراتۆریه‌تی فاشیزمی نوێ، كه‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌ژێر فه‌رمانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان ره‌نگرێژی كردوه‌، به‌رده‌وام خه‌ریكی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی و له‌شكركێشیین بۆ باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان جگه‌ له‌ گرتن و راوه‌دونان و داخستنی پارته‌ كوردیه‌كان و زیندانیكردنی ده‌یان سه‌رۆك شاره‌وانی و په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌و هاوسه‌رۆكانیان، ئه‌م پرۆسه‌ی به‌ تورككردن و قه‌ڵه‌مره‌ویه‌ی فاشیزمی توركیا، له‌ داگیركاری عه‌فرین و سه‌رێ كانی و گرێ سپیه‌وه‌ بۆ شه‌نگال و كه‌مپه‌كانی مه‌خمورو بناری قه‌ندیل و بادینان و دواین هێرشی سه‌ربازی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ 9/3/2022 بۆ باشوری كوردستان درێژ ده‌بێته‌وه‌و وادیاره‌ توركه‌كان چه‌ند ئامانجێكی سه‌ره‌كیان له‌م بۆردومان و له‌شكركێشیه‌ نوێیه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:

یه‌كه‌م/ توركیا هێشتا ئه‌وه‌تا له‌ خه‌یاڵدانی كۆنی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ری سایكس بیكۆو په‌یمانی لۆزان و داگیركاریه‌كانی ئه‌وكات، به‌تایبه‌تی سوود وه‌رگرتن له‌و بۆشاییه‌ سه‌ربازیه‌ی كه‌ ئه‌مریكاو روسیا ئێستا دروستیان كردوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌هۆی جه‌نگی ئۆكراینه‌وه‌،

دووه‌م/ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ بۆ توركیا كه‌ به‌ گرنگی ده‌بینن، توركه‌كان ده‌خوازن به‌ته‌واوی ریشی خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی ئۆكرانیاداو روسیاو دۆخه‌كه‌ له‌ قازانجی خۆیان بشكێننه‌وه‌و پلانه‌كانیان خێراتربكه‌ن له‌م كاته‌داو په‌لاماری شاره‌ كوردیه‌كان بده‌ن، كه‌ هه‌م ئه‌مریكاو هه‌م روسیاو هه‌م ناتۆ زۆر پێویستیان به‌ پێگه‌و جیوپۆله‌تیكی توركیا ده‌بێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئیدی داگیركاری خاك ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان نه‌بێت وه‌ك چۆن بۆ زلهێزێكی وه‌ك روسیا كه‌ %41 ی گازی سروشتی ئه‌وروپای به‌ده‌سته‌ ئاسان ناگوزه‌رێ.

سێهه‌م/ ئه‌ردوگان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌جانێك دروست بكات له‌ توركیا پێویستی به‌ جه‌نگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی، ئه‌مه‌ هه‌م وه‌ك پروپاگه‌نده‌یه‌ك دژی نه‌یاره‌كانی و ئۆپۆزسیۆنی نوێ بۆ سێ باره‌ خۆپاڵاوتنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ به‌هاری 2023، هه‌م بۆ نواندنی هێزو بازووی خۆی و ده‌ستخستنی كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت و كارتی ئابوری و سه‌رچاوه‌ی وزه‌و گازی سروشتی، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌نیازی داگیركاری و ئۆپه‌راسیۆنی زیاتره‌ له‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی فورات و رۆژئاوای كوردستان و دابرانی كانتۆنه‌كانی رۆژاڤا له‌یه‌كتری و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ ئیدلیب و عه‌فرینه‌وه‌.

وه‌ك كاتی خۆی بینیمان...  داگیرگردنی بەشێكی گرنگ لە رۆژئاوای كوردستان و دابڕكردنی ئەو ناوچە ستراتیجیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی و سوپای موحه‌مه‌د و بە پشتبەستن بە تیۆرەكانی غەزاكردن و جیهادو كوشتوبڕی كوردان لەلایەن ئەردوغان و فاشیزمی توركیەوە، هیچ دەركەوتێكی نوێ نەبوو لە هەمبەر سوپای توركیاو لەشكركێشی و پاكتاوكردنی نەژادی و سڕینەوەی مۆرك و شوناسی كوردیی، چونكە فەرهەنگی توركی لە قەتڵوعامی ئەرمەنەوە تا رەشەكوژی كوردان لە دێرسیم و كۆبانێ و عەفرین تا دەگات بە سەرێ كانی پڕیەتی لەم جەورو ستەمكاریانە.

خاڵی ستراتیجی گرنگ بۆ كورد لەو پرۆسەیەدا، ئەوەبوو كە دیكتاتۆریەت و سیستمی فاشی و دڵرەقی توركیای بەم مۆدێلە ئاینیەوە نیشانی رای گشتی و كۆمەڵگای رۆژئاواییدا، كوردی جارێكی تر وەك قوربانیەك خستەوە ناو مەحفەلی دەولی و ناوەندو بڕیارگە جیهانیەكانی وەك كۆشكی سپی و كرملن و ئەلیزێ و شەقامی جیهانیی، ئەم دیوە تراژیدییە و ئەم هاوسۆزو پشتیوانییە مەعنەویی و كۆدەنگییە بە چەندین ساڵ خەبات و قوربانیدان و هێزیی میدیایی ئاسان نەبوو بێتەدیی، پاشان كورد سەرباری ئەو دۆخەنالەبارو گوشارە عەسكەریی و رەشەكوژیەی لەسەریی بوو، نەك خۆی تەسلیم نەكردو ئیرادەی نەشكا، دژیی تاریكترین و ناشیرینترین رێكخراوی وەكو داعش و فاشیترین سوپای زەبەلاحی ناوچەكەو جیهان، سەرەرای نابەرابەیی، مۆتیڤی ئەوەی پێ بەخشی كە لە رێگەی دەزگا هەواڵگریەكانیەوە شوێنپێی ئەبوبەكر بەغدادی و جێكره‌كه‌ی هەڵگرێت و بیكاتە ئامانج و بە سزای بگەیەنێت و توركیا توشی ئیحراجیەكی گەورە بكات كە بەتەواوی وەك بەڵگەی تێوەگلان و تاوان لەگەڵ داعش هاوتایان بكاتەوه، ئەمە وەك هێزو ئیرادەو ستراتیجی گەورە تەماشا كرا كە لەناو قەڵەمرەوی توركیادا ترسناكترین تیرۆریستی جیهانی دەستنیشان بكەن و بكوژن و توركیاش بخەنەبەردەم مەحەكی لێپرسینەوە، كە هەم لەلایەن ئەمریكاو هەم لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە وەك دەستكەوت بۆ كورد هەژماركرا.

به‌ڵام وه‌ك چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی شاره‌وانیه‌كاندا له‌ 31/3/2019  ئه‌ردوغان و پارتی دادو گه‌شه‌پێدان زیانی كوشنده‌یان به‌ركه‌وت و شاره‌وانیه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌و ئامه‌دو ده‌یان شاری گه‌وره‌یان له‌ كۆی 81 شاره‌وانی له‌ده‌ستداو به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگه‌كانیان دابه‌زی، دواتر هاوڕێ نزیكه‌كانی وه‌ك ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆو عه‌لی باباجان لێی كشانه‌وه‌و پارتی نوێیان دامه‌زراند، ره‌نگه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئێستای ئه‌ردوغانیش هیچ به‌ قازانجی نه‌بێت بۆ دووباره‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، به‌تایبه‌تی ئه‌و هێرش و له‌شكركێشیه‌ نوێیانه‌ی سوپاكه‌ی بۆ سه‌ر كوردستان، له‌كاتێكدا به‌ره‌یه‌كی نوێی به‌رهه‌ڵستكاری توند دروست بوه‌ بۆ گفتوگۆی ستراتیژی گرنگ بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و حوكمرانی وڵات له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی كه‌ داهێنانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان و خودی ئه‌ردوغان بوو له‌ ساڵی 2017.