دوای به ئامانج گرتنی هه‌ولێر چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری له ناوچه‌كه دەکرێت
به ئەندازەی ئه‌و پشتیوانییه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان كرا له ئاستی جیهان له دژی داعش، به‌هه‌مان ئاست پشتیوانی له هه‌ولێركرا بۆ ئه‌و هێرشه‌ی له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه كرایه سه‌ر ماڵی شه‌هید (پێشڕه‌و دزه‌یی)، له‌به‌ر سێ هۆكاری سه‌ره‌كی.
یه‌كه‌م: هێرشی سه‌ر هه‌ولێر به ته‌نیا نه‌وه‌ستایه‌وه دوابه‌دوای ئه‌و هێرشکرایە سەر پاکستان و دواتر كێڵگه‌ی كۆرۆمۆر له چه‌مچه‌ماڵ و سنووری ئه‌رده‌ن - سووریا كرایه ئامانج، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئەردەن و هه‌رێمی كوردستان دوو ناوچه‌ی ئارام و پێشكه‌وتوون و پێگه‌یه‌كی به‌هێزیان له‌ناوچه‌كه هه‌یه، به‌م هێرشانه بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وت كه ئارامترین شوێنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كراوه‌ته‌وه ئامانج، به‌لای ئه‌وروپاوه هه‌ركاتێك گرژی و ناسه‌قامگیری له هه‌رێمی كوردستان دروست بێت، راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وروپاش ده‌بێت، چونكه ژماره‌ی كۆچ بۆ ئه‌وروپا روو لە زیاد بوون ده‌بێت و مەترسی گواستنه‌وه‌ی گرژییەکان و هەڕەشەی تیرۆر و گرووپه میلیشیكان بۆ سنووری ئه‌وروپا زیاتر دەبێت، جیا له‌وه‌ش سه‌نته‌ری كۆكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان له ئاستی بڕیاردان بۆ ناوچه‌كه هه‌رێمی كوردستانه، به‌بێ هه‌رێمی كوردستان زۆر ئاسته‌مه به‌مشێوه فراوانه جووڵه‌ی دیپلۆماسی دروست بێت له ناوچه‌كە، بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسانه لێدوانی بەڕێز هۆشیار زێباری هه‌یه كه دەڵێت: "ئاستی دیپلۆماسی كوردستان له هه‌ندێك وڵاتی جیهان زۆر زیاتره" ئەمەش بە پشت بەستن بە داتا و زانیاری لەبارەی جووڵە و چالاکی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر.
دووه‌م: هه‌موو جیهان پشتیان له ئێران كردووه، دژی هه‌ڵوێسته‌كانی ئەو وڵاتەن، به‌ڵام هێشتا له ئاستی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تدا نكۆڵی له‌و گه‌مارۆیه‌ی سه‌ر ئێران ده‌كرێت و پێیانوایه ناكرێت به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵام به‌و هێرشه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ئه‌وه‌نده‌ی دیكه دژایه‌تی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بوو، چونكه به به‌ڵگه پشت راستكرایه‌وه كه ئه‌وه‌ی به ئامانج گیراوه ماڵی هاووڵاتییەکی مه‌ده‌نیی و بازرگان بووه، خودی ئێرانیش كه‌وته هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی چەواشەکاری و ساختە کە به فۆتۆشۆپ وێنه‌ی ساخته‌یان بۆ شه‌هید پێشڕه‌و دروستكرد، گوایه له‌گه‌ڵ ئیسرائیلییه‌كان په‌یوه‌ندی هه‌بووه، كه‌چی له ئاستی گه‌وره كۆمپانیا و دامەزراوەکانی جیهانی راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا به‌درۆ خرانه‌وه، ئێران سه‌لماندی، كه به‌دوای دروستبوونی كێشه‌وه‌یه له ناوچه‌كه به‌ڵام له سێبه‌ری دژایه‌تی ئه‌مەریكا ئه‌م كێشانه‌ی نه‌ده‌بینرا ئێستا بۆ جیهان روون بوویه‌وه، كه ئامانجی كۆماری ئیسلامی ئێران چییه.
سێیه‌م: شاری هه‌ولێر له ئاستی پێشكه‌وتن گه‌یشتووه‌ته‌وه لووتكه، گه‌وره بازرگانه‌كانی جیهان له هه‌ولێر وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن و بازرگانی ده‌كه‌ن، بازرگانه‌كانی عێراق له هه‌ولێر ده‌ستیان به جووڵه‌ی بازرگانی كردووه، پێكه‌وه‌ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینی له هه‌ولێر له‌وپه‌ڕی ئازادیی و تەباییدایە، پاپای ڤاتیكان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پێكه‌وه ژیانه وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارام هاته كوردستان و دیداری له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌كان هه‌بوو، زۆرترین ئاواره‌ی مه‌سیحی روویان له كوردستانه، باشترین كۆمپانیاكانی ده‌رمان و خواردن و دروستكردنی كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و باشترین نووسینگه‌ی خانووبه‌ره‌ی ناوچه‌كه له هه‌ولێره، ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ی هه‌ولێر وایكردووه ژماره‌ی نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان بگاته 45 نوێنه‌رایه‌تی، جیهان ئه‌مه به‌گرنگ ده‌بینێت
له سنوورێكی جوگرافی دژوار و ئاڵۆزی شه‌ڕ و نزیك به ئێران شارێكی ئاوا هه‌بێت، كه‌واته ده‌بێت پشتیوانی بكرێت، بۆیه پێشكه‌وتنی هه‌ولێر فاكته‌ری به‌هێزی ئه‌و پشتیوانییه جیهانییه بوو، هاته‌دی.
ئێستا دوای به‌ئامانج گرتنی هه‌ولێر ده‌بێت چاوه‌ڕانی گۆڕانكاری بكرێت، ئه‌ركی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه هه‌رچی زووه هاوشێوه‌ی هێلی 36 و بڕیاری 986ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كاربكرێت بۆ دروستكردنی بڕگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تا پارێزگاری له هه‌ولێر بكرێت، پێویستە هه‌رچی زووه ئه‌مه‌ریكا ئه‌م گۆڕانكارییه له ئه‌ستۆ بگرێت و به‌زووترین كات بڕیار له‌سه‌ر جێگركردنی سیتسه‌می دژه موشه‌ك بدرێت بۆ پاراستنی ئاسمانی شاری هه‌ولێر.
ده‌نگێكی به‌هێز له ناو كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دروست بووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گۆڕانكاری جددی بکات له ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت دوای پاشه‌كشه‌یان له ئه‌فغانستان و هاتنه پێشه‌وه‌ی تاڵیبان، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه قه‌ده‌ری عێراق به‌هه‌مان ئاراسته نه‌ڕوات ئه‌م وڵاته راده‌ستی میلیشیا و گرووپی جۆراوجۆر نه‌كرێت، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكاش له عێراق به مه‌رج بێت به‌وه‌ی ئارامی كوردستان پارێزراو بێت و هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك چه‌كوشی ئاماده پارێزگاری له هه‌ولێر بكات، زۆر گرنگه نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له گفتووگۆكان هەبێت لەگەڵ واشنتن، بۆ ئه‌وه‌ی تێبینی گرنگ له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت و كوردستان له هه‌ندێك بڕگه مافی ڤیتۆی هه‌بێت.
به‌شێكی دیكه‌ی گۆڕانکاری گرنگ له ناوچه‌كه به تایبه‌ت دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ئه‌وه‌یه، كه به شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌رچی گرووپی نایاسایی هه‌یه له عێراق له سنووری كوردستان دووربخرێنه‌وه و هێزێكی هاوبه‌شی عێراقی و كوردستانی له‌و ناوچانه جێگیربكرێن، سه‌رچاوه‌ی وه‌شاندنی موشه‌ك له‌و ناوچانه‌وه وشك بكرێت، ئه‌مه‌ش به گفتووگۆ و لێکگه‌یشتن له‌گه‌ڵ عێراق دێته ئاراوه و ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان له‌وباره‌یەوە لێکتێگه‌یشتن هەبێت، خاڵێك زۆر گرنگه، كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك گۆڕانگاری جه‌وهه‌ری وه‌ری بگرێت، ئه‌وه‌یه كه چاو به‌رێکكه‌وتنی ئه‌منی عێراق و ئێران بخشێنرێته‌وه و ده‌بێت ئێران پابه‌ند بكرێت به وه‌ستاندی پشتیوانی ئه‌و گرووپانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ولێر، بۆ ئەوەی ئێران ناچاربێت کە پیشێلکارییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستێنێت.