خوایه سه‌رۆكێكی باش بۆ عێراق بنێره...

گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دووباره هه‌وڵدان و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ عێراقدا، ئه‌مه دید و پێشنیازی به‌ره‌یه‌كی دیاریكراوی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ پێداچوونه‌وه به بڕیاری 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ، كه‌وا له‌لایه‌ن بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه هاتووه‌ته ده‌ستنیشانكردن.
دووباره هه‌وڵدان، به‌كارهێنانی چه‌مكی دووباره له‌م بڕگه‌یه‌دا نازانم ئایا تا چه‌ند راسته؟ چونكه خۆ كورد مێژوویه‌كی تاڵ و دوورودرێژی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقدا هه‌یه هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی مه‌له‌كییه‌وه تا په‌رله‌مانی. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بگه‌یه‌نم كه كورد له باشووردا هه‌میشه به لایه‌نی ئاشتیخواز ناسراوه و له‌گه‌ڵ جه‌نگ و به‌كارهێنانی تووندوتیژیدا نه‌بووه، بۆیه دانوساندن و رێككه‌وتنی كردووه به رێگایه‌ك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی عێراقدا. ئه‌مانه‌شی ته‌نهاوته‌نها بۆ یه‌ك مه‌به‌ست كردووه كه هه‌ستبكات به‌وه‌ی كه هاونیشتیمانییه‌كی ده‌ره‌جه یه‌كی ئه‌م خاكه‌یه. به‌ڵام مه‌خابن كه ئه‌و هه‌سته ئاشتیخوازه‌ی كورد هه‌رزه‌مان وای كردووه كورد ببێته لایه‌نی قوربانی ئه‌و رێككه‌وتنانه باجه‌كه‌شی له‌ده‌ستدانی كات و ده‌رفه‌ت بووه. باشه ئه‌وه‌ی كه به درێژایی 87 ساڵه به عێراقه‌وه ده‌مانبه‌ستێته‌وه چییه؟
لەم بابەتەدا تیشک ئه‌خەمە سەر ئەو رێكکەوتنانەی کە ماوەی 87 ساڵە ئێمەی كورد به رۆحێكی ئاشتیخوازانه و به ئومێدی تازه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به عێراقێكی بێ به‌ڵین.
یەکەم : عێراق لەساڵی 1932دا سەربەخۆیی تەواوی بەدەستهێنا، مەلیک فەیسەڵی یەکەم کە بە رەگەزعێراقی نەبووە و به به‌رنامه و پرۆگرامی بەریتانییەکان كورسی مەله‌کی عێراقی پێدراوه. فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م هه‌ر لەو ساڵانەدا نامەیەک ئاراستەی کۆمەڵەی گەلان دەکات و تێیدا جەخت له‌وه ده‌كات ته‌واوی مافەکانی کورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دابینبكرێت. بەڵێنی دابوو کە نەتەوەی کورد وەک نەتەوەی عەرەب لەبەردەم یاسادا یەکسان بن، و زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی بێت و خوێندنی سەرەتایی بە زمانی کوردی دابنرێت. هه‌روه‌ها به‌شداری پێكردنی كورد له وه‌رگرتنی پۆستە باڵاکانی حکوومەتی عێراقدا له ناو په‌راوێزی به‌ڵێنه‌كاندا به‌دیده‌كران. بەڵام ئەم پەیمان و بەڵێنانە نه‌ك ته‌نها به نووسراو له‌سه‌ر په‌ره‌كاندا مانه‌وه، بەڵکو پاش تێپه‌ربوونی دووساڵ به‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵێنانه‌وه، حكوومەتی عێراق کەوتە پەلاماردانی خاک و گوندەکانی کوردستان لە رێگەی زەمینی و ئاسمانییەوە و چه‌ندین قوربانی و شەهید بوون و وێران بوونی لێكه‌وته‌وه. ئەم ره‌وشه ئەوەندە درێژەی کێشا تا بارزانی نەمر لەساڵانی 1943 جووڵانەوەی شۆڕشی دژی زوڵم و سته‌مه‌كانی فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م ڕاگەیاند.
دووەم: له‌و كاته‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم لەساڵی 1958دا شۆڕشی دژی رژێمی پاشایەتی لە عێراق بەرپاکرد و توانی و رژێمێکی کۆماری دابمەزرێنێت، یەکەم هەنگاوی خۆ نزیککردنەوە بوو لە کورد. بۆ ئه‌مه‌ش داوایه‌كی ئاراستەی مه‌لا مسته‌فا بارزانی نه‌مر کرد و داوای لێ‌كرد لە یه‌كێتی و سۆڤییەت بگه‌ڕێته‌وه تا پێکەوە بتوانن عێراقێکی فیدرالی دیموکرات دامەزرێنن و رێگربن له پێشێلكردنی مافی ته‌واوی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی عێراق. عه‌بدولكه‌ریم قاسم سەرەتا به نووسینی دەستوورێکی کاتی بۆ عێراق ده‌ستی به‌كاره‌كان كرد، لە چوارچێوه‌ی دەستوورەکەدا باس له یەکسانی کورد و عەرەب كرابوو، هه‌روه‌ها کورد بە پێکهاتەیەکی سه‌ره‌كی عێراق له قه‌ڵه‌م درابوو و داننان بە مافی ئۆتۆنۆمی کورد خاڵێكی گرنگی دیكه‌ی ناو ده‌ستووره نووسراوه‌كه‌ی قاسم بوو. بەڵام لەساڵانی 1960 بۆساڵی 1961 حکوومەتەکەی عه‌بدولكه‌ریم قاسم دیدی بەرانبەر کورد گۆڕا، زیندانی كردن، لێدان و بێسه‌روشوێنكردنی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی کورد لە به‌غدا و تەنانەت داخستنی رۆژنامەی خەبات كه ئه‌وسا وه‌سیله‌یه‌كی گرنگی گه‌یاندنی ده‌نگ و په‌یامی كورد بوو. ئه‌مانه هه‌مووی بوون به جێگه‌ی نیگه‌رانی بۆ بارزانی و وای كرد كه به‌غدا بەجێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه کوردستان. دواجار عه‌بدولكه‌ریم قاسم لەساڵی 1961 به گوتنی "عێراق نیشتیمانێکی عرووبه‌یه، لە سەرەتادا وابووه و لە کۆتاییشدا هەر واده‌مێنێت" به ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ کورد راگەیاند و هەر لەو ساڵانەدا پەلاماری خاکی کوردستانی دا و به‌درێژایی ماوه‌ی حوکمڕانییه‌كه‌ی لە په‌لاماردان بۆ سه‌ر میلله‌ت و خاكی كورد نه‌وه‌ستا.
سێیه‌م: لە نێوان ساڵانی (1964...1963)دا لەساڵی 1963 لەڕێگه‌ی کوده‌تایه‌کی سەربازییەوە و به پاڵپشتی حزبی به‌عسه‌وه عه‌بدولسه‌لام عارف هاتە سەر كورسی حوكوم. هه‌رچه‌ند عارف سەرەتا داوای چارەسەرکردنی کێشەی کوردی دەکرد ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لەو کاتەدا وڵاتەکەی لە ره‌وشێكی باش‌دا نه‌بوو، هه‌روه‌ها پێگەی سەربازی له ئه‌وپه‌ڕی لاوازی‌دا بوو. بەڵام هه‌ر كه توانی سوپایەکی نیزامی تۆکمە دروست بكات راستەوخۆ پەلاماری خاکی کوردستانی دا و ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌وا ناكرێت و نابێت کێشەی کورد بە دیالۆگ بێته چاره‌سه‌ركردن، بەڵکو تەنها رێگه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه جوڵاندنی هێزی سەربازییه... تا ساڵی 1966 جه‌نگ و په‌لاماره‌كانی حكومه‌تی عێراق بەرۆکی کوردی به‌رنه‌دا، پاشتر عه‌بدولسه‌لام عارف لە رووداوێكی تەمومژاویدا تیرۆرکرا و راسته‌وخۆ براکەی بووبه شوێنگره‌وه‌ی کە ئەویش عه‌بدولڕه‌حمان بەزاز بوو. له پرسی كورددا به‌زاز خاوه‌ن دیدێكی جیاوازتر بوو له براكه‌ی و دوای دەست به‌کاربوونی سه‌باره‌ت به پرسی كورد رایگه‌یاند "من و حکوومەتەکەم سوورین لە درێژه‌دان به هه‌نگاوه‌كان بۆ چارەسەركردنی کێشەی کورد بە شێوازێكی ئاشتییانە. چونکە عێراق بەتەنها موڵكی عەرەب نییە و بەڵکو موڵكی کوردیشە". سیاسه‌تی به‌زاز بووه هۆی کۆتاییهێنان به جه‌نگ و دیلەکانی ئازاد کرد و چەندین بەڵێن و پەیمانی بەکورددا کە گرنگترینیان (زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی بێت لەو ناوچانەی کەزۆرینەی کوڕدن، به‌شداریپێكردنی كورد له به‌رێوه‌بردنی حكومه‌ت و ناوه‌نده‌كانی بریار. هه‌روه‌ها رێگه‌دان به به‌شداری كردنی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆیه به‌ڵێنیدا لە ماوەیەکی کەمدا یاسایەک لەوبارەیه‌وه دەربکات). زۆری پێنه‌چوو هێدی هێدی هه‌ست به پێشێلكارییه‌كان له به‌ڵێن و په‌یمانه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه كرا، بەتایبەتی رێگه‌نه‌دان بە پرۆسه‌ی هەڵبژاردن و دەنگدانی کوردەکان کەئەمەش ناڕەزایەتی بەدوادا هات. ته‌نها جیاوازی به‌زاز له سه‌ركرده‌كانی پێش خۆی ئه‌وه بوو كه نه‌كه‌وته هێرش و په‌لاماردانی كورد و خۆی ده‌ستی له كورسی حوكوم كێشایه‌وه. دواجار لەساڵی 1969 لە رێگەی کودەتایەکەوە حزبی بەعس هاتنە سەر حوکم.
چواره‌م: كوده‌تای ئه‌فسه‌ره سه‌ربازییه‌كانی حیزبی به‌عس و هاتنه سه‌ر حوكمی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ ده‌وڵه‌تێك ئاماده نه‌بوو پشتگیری له‌م حكوومه‌ته بكات، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بوو كه سەرانی بەعسی ناچار كرد بیر لە رێكکەوتنێک بکەنەوە لەگەڵ کورد. چونکە نه‌ده‌كرا له‌هه‌مانكاتدا له‌لایه‌كه‌وه دژایەتی وڵاتانی دەرەوە بكه‌ن و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ش دژایه‌تی ناوخۆیی زیاتر بكه‌ن. ئه‌مه‌ش رێکكەوتننامەی یانزەی ئازاری ساڵی 1970 لێكه‌وته‌وه کە لە بیست خاڵ پێكهاتبوو. هەرچەند بارزانی و هاوه‌ڵه‌كانی دوای به‌سه‌ربردنی ئه‌زموونێكی دوورودرێژ و تاڵ متمانەیان بە هیچ ڕێكکەوتنێک نەمابوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام به ئومێدی به‌ره‌وپێشبردنی دۆزی كورد ده‌رگای ده‌رفه‌تیان دانه‌خست. مێژوو دووباره بووه‌وه و حکوومەتی بەعس رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێلكرد... ئەویش کاتێک حکوومەتی بەعس لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت پەیوەندییەکی پتەوی بونیادنا و لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراق رێكکەوتننامەیەکی واژووكرد و وای لەسەرانی بەعس کرد کە دروشمی سۆسیالیزمی بکەنە پەیڕه‌و و بنەمای حزبه‌كه و بەمەش چەندین وڵاتانی ئەوروپی پشتگیریان کردن... ئەم پێشکەوتنە دیبلۆماسییە وای کرد کە حوکمەتی عێراق پاشەکشە بکات لەو بەڵێنانه‌ی بەکوردی دابوو. سەرەتا ڕێگەی بەوە نەئەدا کەرکووک بگەڕێتەوە سەرخاکی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی، دواجار کەوتنە دژایەتیکردنی کوردانی فەیلی لەعێراق و دەستیان کرد بەسەندنەوەی ناسنامە و گرتن و لێدان... بارزانی تەواو دڵنیابوویەوە کە حکوومەتی عێراق ته‌نها لەکاتی لاوازی‌دا هانا بۆ کورد دەبات و لەکاتی به‌هێزیدا دەستدەکات بە پیلانگێری لەدژی كورد. ململانێ دەستیپێکرد و تا دواجار لە ساڵی 1974دا لە چوارچێوه‌ی پیلانێکی نێودەوڵەتیدا شۆڕشی کورد و هەموو دەستکەوتەکان لەباربران. به‌مه‌ش نه‌وه‌ستان و بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد ده‌ستیان كرد به پرۆسه‌ی ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی گوند و شارەکان و سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنی كوردانی کەرکووک، شنگال و زوممار... ئەمانەش فاکتەرێک بوون بۆئەوەی نەتەوەی کورد دژی ئەم سیاسەتە فاشیزمە ڕاپەرین بکات...
پێنجەم: 2003 به‌دواوه واتا دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، كورد لەسەر دەستی هاوپەیمانان و بە دروشمی عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵ به‌شداربوو له پێكهاته‌ی حكوومه‌تێكی نوێی بنکە فراوان. بەحوکمی ئەوەی کوردەکان خاوه‌ن پاشخانێکی سه‌ركه‌وتوو بوون لە حوکمڕانی هەرێم، توانیان ئەو شێوازە حوکمڕانییە بگوازنەوە بۆ عێراق. موقته‌دا سەدر و ئیبراهیم جەعفەری به روون و ئاشكرا دانیان به‌م راستییه ناوه "کورد دەستی باڵای هەبووە له دروست کردنی حوکمڕانی عێراق و چەندین ئەزموونی باش لەوانەوە فێر بووین لە کاتی پێكهێنانی ئەنجومەنی حوکم لە به‌غدا. کورد رۆڵ و پێگه‌ی باڵای هەبوو له سەرخستنی به‌رنامه و پرۆگرامه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه تا جارێکی دیكه عێراق نەکەوێتەوە ژێر دەست حوكمدارێكی دیکتاتۆرییه‌وه". بەڵام بەداخەوە لە 2005ه‌وه تا ئێستا کە دەنگ لەسەر دەستووری عێراق دراوه و دەکرا کێشەی کەرکووك كه‌وا یه‌كێكه له پرسه هه‌ره گرنگه‌كان له چوارچێوه یاساییه‌كه‌دا له ساڵی 2007دا بێته چارەسەر كردن، بەڵام نەک هه‌ر چارەسەر نەکرا بەڵکو دوای تێپه‌ڕبوونی 12 ساڵ تازه‌به‌تازه دادگای ئیتیحادی و کارگێری عێراق بریار ئەدەن ئاڵای کوردستان لەسەر دام و دەزگاکانی کەرکووك بهێنرێته خواره‌وه. جگە لەوەی کە دوایی گۆڕینی چه‌ندین سه‌رۆك له حکوومەتی عێراق، جگه له دید و روئیای ته‌قلیدی له قه‌بوڵ نه‌كردنی كورد هیچ دید و روئیایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بوونی نه‌بووه. هه‌رزه‌مان ئه‌م عێراقه له سه‌رده‌می به‌هێزیدا مه‌یلداری پاشگه‌زبوونه‌وه و پێشێلكردنی خاڵ و بڕگه‌كانی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ كورددا بووه. كه‌چی هه‌ر هه‌مان عێراق لە سه‌رده‌می لاوازی‌دا هانای بۆ كورد هێناوه و داوای رێكکەوتن و دایالۆگیان کردووە. با تۆزێ یاده‌وه‌رییه‌كان زیندوو بكه‌ینه‌وه، مالیکی تا كورسی سەرۆک وەزیرانی وه‌رگرت هاوشێوه‌ی دۆست و هاوسۆزێكی كورد له خۆده‌رخستندا بوو. بەڵام یا ستار ئه‌وه چی بوو... هه‌ركه چاوی به ده‌سه‌ڵات كه‌وت و پێگەی بەهێز بوو، وه‌ك پێشووتره‌كانی خۆی دەستی کرد بە هەڕه‌شە کردن لە کورد. تا ئه‌و راده‌یه‌ی سوپایەکی به‌ناوی دیجله پێكهێنا مه‌به‌ستیشی پەلاماردانی کورد بوو. خۆشبه‌ختانه پێگه و وره‌ی پۆلایینی هێزی پێشمه‌رگه بووبه فریادره‌سی ئه‌مجاره‌ی كورد. دواجارعێراق به شێوازێكی دیكه ده‌وامه‌ی دا به زوڵم و سته‌مه‌كانی ده‌رحه‌ق میلله‌تی كورد، بڕینی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و ئینجا دەرکردنی کوردەکان لەناو ریزی سوپای عێراقدا کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە...
به پشت به‌ستن به‌كام ئومێد و كام رابردوو و ئه‌زموونی باش داوا ده‌كرێت جارێکی دیكه پشت له ده‌رفه‌ت و روو له چاره‌نووسێكی نادیار وه‌ك جاری جاران رێكکەوتن لەگەڵ عێراقدا بكرێت؟؟ ئه‌وه نییه مێژوو گه‌واهیده‌ره كه عێراق مەکینەی بەرهەمهێنانی دیکتاتۆرە، یان وەک کاک مه‌سروور بارزانی گوته‌نی "رووه‌و خوا دەست بەرزبکەینەوە و بڵێین خوایە سەرۆکێکی باش بۆ عێراق بنێرە".