ده‌ستپێكردنی شه‌ڕێكی نوێ له عێراقدا
تادێت گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و حه‌شد له به‌غدا زیاتر ده‌بێت، چیتر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا وه‌ك جاران نابێت، یان ده‌بێت چالاكییه‌كانی بگوازرێته‌وه بۆ شوێنێكی دیكه، یان شه‌ڕی راسته‌قینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ پارێزگاری له گه‌وه‌رترین باڵیۆخانه‌ی خۆی له‌ناوچه‌كه ده‌ستپێده‌كات.
دوور نییه ئه‌وه‌ی هه‌یه تاكتیكی ئێران نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پرسی فشاره‌كانی خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ته‌حریر (بۆ ده‌ركردنی ئێران له عێراقدا) بگوازرێته‌وه بۆ گۆرینی ناره‌زایی عێراقییه‌كان (بۆ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا) كه‌واته له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا عێراقییه‌كان قوربانیی سه‌ره‌كین.
دۆخی عێراق به‌ره‌وهه‌ڵدێرانی زیاتر ده‌ڕوات، دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌یان نییه، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دان و پرسی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حه‌شد له عێراقدا وای كردووه توانای بڕیاردانی حكوومه‌ت له ئاستی دۆخه‌كه وه‌ك پێویست نه‌بێت، چونكه رووبه‌رووبونه‌وه‌كانی حه‌شد و ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكه ده‌گاته قۆناغێكی نوێ و شه‌ڕێكی نوێ له عێراق به‌رێوه‌یه ئه‌مسه‌ری شه‌ڕه‌كه دیاره، به‌ڵام كۆتایی یاریه‌كه هێشتا بۆ سیاسییه‌كانی عێراقیش روون نییه، چونكه هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر حه‌شد ته‌نیا ئامانجدار نییه به لایه‌نێكی سه‌ربازی، به‌ڵكو ئێستا حه‌شد له‌رووی ده‌ستوورییه‌وه به‌شێكه له دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی له عێراق و ژماره‌یه‌كی زۆری په‌رله‌مانتاریشی هه‌یه له په‌رله‌مانی عێراق، كه‌وایه شه‌ڕی حه‌شد و ئه‌مه‌ریكا به ئاسانی كۆتایی پێنایه‌ت.
دیوی دووه‌می شه‌ڕه‌كه په‌یوه‌ندی به مه‌ترسی له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه كه زیاتر له 17 هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا ته‌نیا باڵیۆزێك نییه، به‌ڵكو هه‌روه‌ك یه‌كێك له دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست حسابی بۆ ده‌كرێت، هه‌روه‌ك كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی و نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، ته‌نانه‌ت باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا گشتاندن بۆ سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌كات، بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌و باڵیۆزخانه مه‌ترسییه له‌سه‌ر هه‌موو پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به ئه‌فغانستانیشه‌وه، هێرش و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی حه‌شد و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باڵیۆخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا به سانایی تێپه‌ڕ نابێت، له قۆناغی یه‌كه‌مدا كۆشكی سپی ناوی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شدی بڵاوكردووه‌ته‌وه وه‌ك رێكخه‌ری هێرشه‌كه، ره‌نگ بێت له قۆناغی دووه‌م ئاراسته‌ی به‌ئامانج گرتنیان بخرێته رۆژه‌ڤه‌وه.
ره‌نگه سیاسه‌تی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له عێراق وای كردبێت كه هاوكیشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بگۆڕێت و رێگا خۆش بكات بۆ ئێران كه پێگه‌ی له عێراقدا به‌هێز بكات، ئه‌مه‌ریكا له‌دوای حكوومه‌تی تازه‌ی عێراقه‌وه به‌سه‌رۆكایه‌تی (عادل عه‌بدول مه‌هدی) دركی به‌و مه‌ترسییه كرد، به‌ڵام كاتێك بوو كه ئێران یاریه‌كی به‌هێزی له عێراق ده‌كرد، سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ئاراسته‌ی هاوسه‌نگكردنی دۆخه‌كه كردی، دواجار ئێرانیشی ده‌سته‌وه‌ستان نه‌كرد، ئه‌ویش له‌رێگای جوڵاندنی حه‌شد و به‌ئاراسته‌كردنی خۆپیشانده‌ران ده‌یه‌وێت گه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستێنێت، بۆچوونی زۆربه‌ی چاودێران بۆ دۆخه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت له‌خاكی ئێرانه‌وه شه‌ڕه‌كه بكات، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌كانی زیاتر بۆ ده‌ستبڕینی سیاسه‌تی ئێرانه له (عێراق و لوبنان و قه‌ته‌ر و سوریا) له‌هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ش رووبه‌رووی كاردانه‌وه‌ی ئێران بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێت دواجار ره‌نگ بێت جیاواز بێت، چونكه فشارێكی زۆری سیاسی ئێران هه‌یه بۆ سیاسییه‌كانی عێراق كه هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی خۆی له په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌یاسا كاربكرێت بۆ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا، له‌و باره‌شه‌وه له‌په‌رله‌مانی عێراق پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه هه‌روه‌ك ئه‌و فشارانه‌ی له ساڵی 2007 ئه‌نجامیاندا و دواجار ئه‌مه‌ریكا ناچار كرا به‌كشانه‌وه له عێراق.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بێت له‌به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی حه‌شد و سه‌رجه‌م باڵیۆزخانه‌و دیپلۆماتكارانی له‌به‌غداوه ده‌گوازێته‌وه بۆ شوێنێكی دیكه یان حكوومه‌تی عێراق كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ی پێ ده‌كرێت؟!. هه‌موو ئاراسته‌كه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت ئه‌و پرۆژه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه كه باس له ده‌رخستنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له‌وڵات نه‌خرێته به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌وه، بۆیه له‌لایه‌ك ده‌بێت پرسی حه‌شد كۆتایی پێبهێنرێت (پێش ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه بخرێته ده‌نگدانه‌وه) له‌لایه‌كی دیكه حكوومه‌تێكی نوێی كاتی عێراق دروست بكرێت كه ئه‌مه‌ریكا راسته‌خۆی خۆ سه‌رپه‌رشتی بكات و هێزه‌كانی عێراق له‌چوار چێوه‌ی یه‌ك هێز كۆبكاته‌وه و كۆتایی به‌و هێزانه بهێنرێت كه چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و نزیكن له ئێرانه‌وه.