لەگەڵ رەشەبای كۆڤید- 19

Kurd24

ئیتاڵیا یەكەم وڵاتی ئەوروپی بوو دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەوە، لە ماوەی 45 رۆژدا زیاتر لە 37 هەزار كەس گیانیان لە دەست دا، زوربەی زۆریشیان لە هەرێمی لۆمباردیا و ڤێنیتۆ و ئیملیا رۆمانیا بوون، كە بە سێ هەرێمی سەرەكی ئیتاڵیا لە قەڵەم دەدرێن، لە رووی ئابووری و پیشەسازی و گشتوگوزاری.

لە ئەنجامی ئەم ڤایرۆسە مرۆڤ كوژە، چەندین كۆمپانیایی گەورە و بچووك ناچار بوون كۆمپانیاكانان دابخەن و مووچەخۆر و كرێكارەكانیشیان بنێرنەوە ماڵەوە، بێ ئەوەی حكومەت بتوانێ لە ماوەیەكی كەم بە شێوەیەكی راستەوخۆ قەرەبوو و یارمەتی ئەو كومپانیانە بدات، بەڵكو بە پێچەوانەوە سستی بەڕێوەچوونی كارە فەرمیەكان، بوونە هۆكارێكی سەرەكی لە مایەپووچی چەندین كومپانیای گەورە و بچووك، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ باری ئابووری ئیتاڵیا دروست كرد، كە هەر خۆی بە كات و ساتێكی ناسك تێپەر دەبوو، پێش ئەوەی رەشەبایی كوڤید- بەسەر ئەو وڵاتەدا تێپەر بێت.

ئێستاش پارتە سیاسیەكانی ئیتاڵیا، چ ئەوانەی بەشدارن لە حكومەت، چ پارتە بەرهەڵستكارەكان، وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، بەردەوامن لە  هەڵمەتی پڕوپاگەندە بۆ خولی هەڵبژاردنی هەرێمەكان، كە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی دەهاتوو ئەنجام بدرێ، ئەگەر كۆڤید-19 رێگا بدات. هەر بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزیری دادی ئیتاڵیا لەگەڵ چەند دادوەرێكی تر بریاری ناردنە ماڵەوەیان بۆ چەندین چەتەی مافیا دەركرد، كە لە زیندانی كرابوون  و سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سپێندرا بوو، كەچی بە هۆی كۆرۆنا ڤیرۆسەوە بە دەست بەسەری نێرانەوە  بۆ ماڵەوە، ئەم بڕیارەش ناڕەزایی خانەوادەی چەندین دادوەر و ئەندامانی دەزگا ئەمنیەكانی لێكەوتەوە، كە بەدەستی ئەو چەتانە گیانیان لە دەست دابوو.

 28 ساڵ لەمەوبەر ئەو چەتانەی مافیا، هەڵسان ئەنجامدانی  كارێكی تیروریستی، ئەویش تیرۆركردنی دادوەری ئیتاڵی (جۆڤانی فەلكۆنێ) و هاوسەرەكەی و گشت پاسەوانەكانیان، ئەم كارە تیرۆریستیە كە بە هەزار كیلۆ تی ئین تی ئەنجام درا، لە سەر رێگای گەڕانەوەی دادوەر بۆ ماڵەكەی لە شاری پەلێرمۆ لە هەرێمی سقیلیا، كە بە ناوبانگە بە بوونی گرووپە چەتەكانی مافیا. 

هەر لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی حكومەت، پارتە بەرهەڵستكارەكان، داوای دەست لە كار كێشانەوە وەزیری داد و دادوەران دەكەن، كەچی ئەویش بڕیارەكە دەخاتە ئەستۆی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئیتاڵیا، كە خودی سەرۆك كۆمار سەرۆكایەتی دەكات.

لە لایەكی ترەوە، نەبوونی دیالۆگ لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی ئابوورییەوە، بۆ حكومەتی ئیتاڵیا بووه‌تە كێشەیەكی تر، چونكە ئەو بڕە پارەیەی كە یەكێتی ئەوروپا بۆ ئیتاڵیای تەرخان كردووە، ئەویش دوای  ململانەیەكی زۆر لەگەڵ وڵاتانی وەك پۆلۆنیا، سوید، هۆڵەندا و ئەڵمانیا، تاوەكو رەزامەندی بدەن، بڕیاریان دا  بری 170 ملیارد بدەن بە ئیتاڵیا، لەو بڕە پارەیەش تەنها 80 میلیارد بێ دانەوە بێت، ئەوەی تریش وەك قەرز پێی دەدرێ، كە دەبێت بیداتەوە.

نابێ ئەوەش لە بیر بكەین كە وڵاتی ئیتاڵیا تەنها دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووه‌تەوە، بەڵكو دووچاری ڤایرۆسێكی تریش بووه‌تەوە، ئەویش گەندەڵییە، كە وەك نەخۆشی شێرپەنجە وایە، تووشی هەر وڵاتێك بێت، دەبێتە مایەی دروستبونی نایەكسانی و كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی.