سندووقە تاریکەکەی ناخمان و سندووقە رەشەکەی فڕۆکە

Kurd24

پاش ئەوەی لە ساڵی 1953 دیاردەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بازرگانی و شارستانییەکانی کۆمپانیای (کۆمیت) زیادیکرد، زانایەکی ئوسترالی بە ناوی (دەیڤد وارن) پێشنیازی دروستکردنی سندووقێکی بەهێزی ئەوتۆی کرد، کە بتوانێ هەموو ڕوداوەکانی ناو فڕۆکەکان بە دەنگ تۆماربکات، بۆ ئەوەی لەداوی کارەساتەکان پسپۆران بتوانن لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە تۆمارکراوانە، هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکان دیاریبکەن وڕێگەچارەیان بۆ دابنێن. دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئوسترالیا ئەو پێشنیازەی ڕەتکردەوەو پرۆژەکەیان بە (برا گەورە) چوواند کە دەبێتە سیخوڕ بەسەر فرۆکەوانەکانەوە! کەنالی (بی بی سیی بریتانی)، ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەو پێشنیازە پەخشکردو لە ئاکامدا کۆمپانیا بریتانیەکان بە گەرمی پێشوازییان لەو زانایەو داهێنانەکەی کرد و دەستکرا بە دروستکردن و بەکارهێنانی سندووقی ڕەش.

ئەگەرچی ئەم سندووقە ناوی (سندووقی ڕەشە) لەڕاستیدا ڕەنگەکەی ڕەش نیە، بەڵکو پرتەقاڵی یان زەردە. بۆ چوونی جیاوازیش هەیە لەسەر ناوبردنی بە ڕەش ... هەندێک دەڵێن چونکە لەسەرەتادا بە ڕەنگێکی ڕەش دادەپۆشرا بۆ ئەوەی تیشک و ڕووناکی کار لە شریتە دەنگییەکانی ناوی نەکەن، هەندێکیش دەڵێن لەبەر ئەوەی هەموو زانیاری و قسەیەکی کاپتنەکانی پێش ڕوودانی کارەساتە (رەشەکان)ی تێدا تۆمارکراون. هەموو فڕۆکەیەک دوو دانە سندووقی ڕەشی تێدایە. هەردووکیان لە بەشی دواوەی فڕۆکەکەدا پاریزراون. یەکێکیان زانیارییەکانی: خێرایی، کات ، ئاراستەی فڕۆکەکە تۆماردەکات. دووەمیان هەموو ئەو هاتو هاوارو دەنگە دەنگ و گفتوگۆیانەی نێوان سەرنشینان و بڕیارەکانی کاپتنەکان تۆماردەکات. ئەم سندووقە بەرگەی کەوتنەخوارەوە بۆ ناو قوڵایی 3500 م ئاوو  ئاگرێکی 1100 پلەی سەدی دەگرێت و زوو یان درەنگ دەتوانرێ بدۆزرێتەوە.  

هەموو مرۆڤێکیش لە ڕۆژی لەدایکبوونییەوە سندووقێکی هاوشیوەی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە. سات بەساتی ڕووداوەکانی ژیانی خۆی و دەوروبەری بە خۆشی و ناخۆشیەوە، سەرکەوتن و شکستەوە، شانازی و شەرمەزارییەوە، بە مامەڵەی باش و خراپی دەوروبەرو کۆمەڵگەوە ، لەو سندووقە تاریکەدا تۆماردەکرێن و پارێزراودەبن. ئەوەی ئەم سندووقە تاریکەی ناخی ئێمەی مرۆڤ لە سندووقە ڕەشەکەی ناو فڕۆکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە تەنها پسپۆرو شارەزایان بۆیان هەیە سندووقی ڕەشی فڕۆکەکان بکەنەوە و هەر ئەوانیش زانیارییەکان شیدەکەنەوە و بڕیار لە هۆکاری کارەساتەکان دەدەن، بە ئامانجی  رێگرتن لە دووبارەبوونەوەیان. بەڵام سندووقە تاریکەکەی ناخی ئێمەی مرۆڤ (بەتایبەت لە ناو کوردەواریدا) زۆر بە دەگمەن سەریان داخراوە. هەمیشە سەر واڵان و هەرکەس دەستی گەیشتێ بە ئارەزووی خۆی، وەک دیزەی ڕۆن دەستی تێ ڕۆدەکات ، بۆ ئامانجی خۆی هەرچیی تێدایە بەسەریەکدا دەیشێوێنێ. بەدەگمەن دەبیستی و دەبینی کەسێکمان سندووقە تاریکەکەی ناخی دابێتە دەست پسپۆرێکی دەروونی، کۆمەڵناسێکی شارەزاو بە ئەزموون، داتاکانی بۆ شیبکاتەوەو هەڵچوون و تووڕەیی و ڕک وکینە و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوی تێدا کۆنترۆبکات، هەموو شڵەژانەکانی بۆ ئارام وهێمن بکاتەوە، چارەسەری گرێ دەروونییەکانی بۆ بکات کە لەژمارە نایەن.  

هەموومان ئەگەر نەشماندیتبێ بیستوومانە کە لە فڵانە شار وشارۆچکەی کوردستان لەسەر ناسازیی دەنگی کەڵەشێرێک، لەسەر شەڕی نێوان دوو منداڵی دراوسێ، لەسەر گۆڕینی ئاراستەی ئاوی جۆگەیەک، جوێنێک و تانەو تەشەرێک، فوول لایتێک و دەستشکانەوەیەک، شەڕێکی خوێناوی هەڵگیرساوە و چەکی قورسی تێدا بەکارهاتووە. ئەنجام بە گیان لەدەسدان و کۆڵەواربوونی چەند کەسێک و هەتیوکەوتنی منداڵ و بێهاوژینی و بیست ساڵ زیندانیکردنی بکوژەکان، کۆتاییهاتووە. ئەم دیاردە سامناکە: (مەبەستم لەخەو ڕاچڵەکاندنی ئەژدیهاو دێوی تووڕەیی و هەڵچوونە نوستووەکانی ناو سندووقە تاریکەکەی ناخمانە، کە دواتر لە کۆنترۆڵ دەردەچن و لە چرکەساتێکدا دنیامان لەبەرچاو ڕەشدەبێت و بەوپەڕی ملهوڕی بی باکی ڕەفتار وگوفتار دەکەین، جوین دەدەین، شەرەف و نامووسی یەکتر لەقوڕ دەنێین، یەکتر ڕسوا دەکەین، دەبڕی دەکوژین، دەدزین، دەستدرێژی دەکەین) ئەم دڕندایەتیە لە دەسدەرچووە، هەر تەنها لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا برەوی نیە، بەڵکو زۆر جار پەلیکێشاوە بۆ پەیوەندیی نێوان ئاینەکان، خێڵ و عەشرەت و تەڕیقەتەکان و ئەم شار و ئەو شار، دواجاریش لەهەموویان مەترسیدارترو کوشندەتر، تەشەنەی کردنێتی بۆ پەیوەندیی نێوان حیزبە سیاسییە چەکدار و بێ چەکەکانی ناو نیشتمانێک ... چ لە شاخ و چ لە شار. شەڕە ناوخۆییەکانمان، براکوژی و خۆکوژیی ساڵانی رابوردوومان، بەڵگەی ئەو ڕاستییە تاڵەن کە ئێمە: بە تاکی ئاسیی و شاری و دێهاتیمانەوە، بە گەنج و پیرمانەوە، بە نێرو مێمانەوە، بە ڕۆشنبیر و خواناس و بێ دینمانەوە، بە بزنسمان و سیاسییمانەوە، هێشتا زۆرمان ماوە فێری جڵەوکردن و دەستەمۆکردنی دێوو درنجەکانی ناو قوڵایی سندووقە تاریکەکانی ناخمان ببین، بە پێچەوانەوە لای زۆربەمان هەست و ڕەفتارو گوفتاری پڕ لە رک ئەستووری و کەللـە ڕەقی و تۆڵەسەندنەوە، ڕسواکردن و هەوڵی چۆک پێدادانی " ئەویتری ڕکابەر ونەیار" بە جۆرێک لە شانازی و سەروەری و جوامێری ، بۆ خۆمان تۆمار دەکەین، کە لەڕاستیدا تەواو پێچەوانەکەی دروستە !

لەبەر ڕۆشنایی ئەو قسەوباسانەدا، ڕووی تکام لە هەموو تاکێکی کوردستانی و سەرکردەو ڕابەری حیزبەکانی کوردستانە:

  1. ڕێ مەدەن هیچ ئەندام ولایانگرێکتان بە نووسین و کۆمێنت و لێدوان و گوتاردان هانی خەڵکی سادە بدەن مۆری سندووقە تاریکەکانی ناخیان بشکێنن، چونکە ئەوە یاریکردنە بە ئاگر، دواتر بە کەس کۆنترۆڵ ناکرێت و ئاگری رق و کینەو تۆڵەسەندنەوە، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت.
  2. ئێوەش ئەو سندووقە پڕ ئەژدیهاو دێوو درنجە توڕەو دڕانەی لە ناخی هەریەکەماندا هەیە، بە سەرمۆری بپاریزن و ببنە نموونەی باڵای سنگفراوانی و لێبووردەیی بۆ میللەت.
  3. دەیان و سەدان ساڵە هەموومان خەریکی یاریکردنیین بە ئاگرو چارەنووسی خۆمان و وڵات و نەوەکانی ئایدەمان داوەتە دەس دێوو درنجەکانی ڕک ئەستووری و تۆڵەسەندنەوەو تێکشکاندن وسڕینەوەی ئەوی تر ،پێم ناڵێن دەسکەوتمان چی بووە؟
  4. هەرگیز ناکۆکی وململانێکانتان مەگەێننە ڕادەی بازوو بادان و ئێسک شکاندن .. یەکتری لە سووچێکی تەنگەبەرو کۆڵانێکی بن بەستدا گەمارۆ مەدەن، چونکە لە کۆتاییدا مرۆڤ هەرچییەک بێ شایانی ئەو زەلیلکردنە نیە . بۆ بەرگری لەخۆکردن نەیارو ڕکابەرەکانتان نائومێد مەکەن و ناچار بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی نا ئینسانی مەکەن !
  5. نیو ئەوەندەی لە دانوستانددا لەگەڵ بێگانەی داگیرکەری سەرسەختدا دیپلۆماسی و بە ئەتەکێت و زمان شیرینن، لەگەڵ ڕکابەرو نەیارەکانی ناو خێزانی کوردەواریشدا نەرم ونیان و سنگفراوان لێبووردە بن.
  6. هەر کاتێ بەلەم و گەمییە شەق و شڕەکەمان گەیاندە کەناری ئارامی و دڵنیایی ، بووینە خاوەنی ئاڵاو ماڵ و حاڵی سەربەخۆ، ئەوسا سندووقە تاریکەکانتان ڕادەستی پسپۆران بکەن ، با ئەوان پێمان بڵێن کێ ، لە کوێ ، کەی و بۆچی و چۆن کەتنی داوەو چۆن هەڵەی کردووە ؟ ئەوەش بەنیازی تۆڵەسەندنەوەو کولاندنەوەی زامی سارێژنەبووی مێژوو نا ... بەڵکو بۆ ئەوەی ببێتە وانەو پەند بۆ نەوەکانی ئایندە کە بەهەمان ئەزموونی تاڵدا تێنەپەڕن.