بهرپرسێكی باڵای یهكگرتووی ئیسلامی دهستی لهكار كێشایهوه

K24 – ھەولێر
"دیندار دۆسكی" ئەندامی مەكتەبی سیاسى یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبەكەی راگەیاند.
ئهمڕۆ چوارشهممه (24-6-2015)، دیندار دۆسكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە سایتى فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ نامەی دەست لە كاركێشانەوەم دایە دەست سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان".
ئةندامانى سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دەڤەری بادینان دوێنێ ئێوارە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامهوانیدا ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و خوازیاری هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی و لێپرسینەوەی فراكسیۆنی حزبەكەیان بوون لە پەرلەمان.
سایتی فەڕمی یەكگرتوو، روونكردنەوەیەكی گوتهبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە "یەكێك لە خاڵەكانی هێزی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكڕیزی و برایەتییە لە نێوان هەموو ئەندامان و دەڤەرەكان و هەر لێدوان و بابەتێك پێچەوانەی ئەو ستراتیژانە بێت، یەكگرتووەكان مەحكومی دەكەن".
دوێنێ سێشەممە، بە بەشداری لایهنهكانی " گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی، شیوعی، بەیت نەهرێن"، كۆبوونەوەی پەرلەمان سازدراو تێیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كرا.
دانیشتنەكە لە لایەن فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سۆسیالیست و توركمانەكانەوە بایكۆت كرا.
دیندار دۆسكی لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەی سەركردایەتی یەكگرتوو لە بادینان گوتى: "ئەم كارە كە بێ سازان كراوە و ڕای سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر نەبووە، جێی نیگەرانییە، چونكە ناشێت دەربارەی پرسێكی گرینگ و نیشتیمانی دەبێ سازان هەبێ هەروەك چۆن پێشتر لەبارەیەوە رێككەوتووین".
رۆژێك پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان، دهنگۆی بوونی ناكۆكی و "دوو بۆچوونی" لە نێو یەكگرتووی ئیسلامی لە بارەی بەشداریكردنی پەرلەمانتارانی حزبەكە بڵاوببووهوه.