شه‌ڕى دژ به‌ بازرگانى سێكسى به‌ منداڵانه‌وه‌ راگه‌يه‌ندرا

پێنج كۆمپانياى گه‌وره‌ى بوارى ئينته‌رنێت و خزمه‌تگوزارييه‌كانيى، بڕياريان دا به‌ يه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووى هه‌وڵى خراپ به‌كارهێنانى وێنه‌ى منداڵان بۆ گێچه‌ڵ و مه‌به‌ستى سێكسيى ببنه‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر

پێنج كۆمپانياى گه‌وره‌ى بوارى ئينته‌رنێت و خزمه‌تگوزارييه‌كانيى، بڕياريان دا به‌ يه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووى هه‌وڵى خراپ به‌كارهێنانى وێنه‌ى منداڵان بۆ گێچه‌ڵ و مه‌به‌ستى سێكسيى ببنه‌وه‌.

كۆمپانياكانى گوگڵ، فه‌يسبووك، مايكرۆسۆفت، تويته‌ر و ياهو به‌ يه‌كه‌وه‌ بڕياريان داوه‌ كار له‌سه‌ر پرۆژه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خراپ به‌كارهێنانى وێنه‌ى منداڵان ببنه‌وه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌و وێنانه‌ى بۆ مه‌به‌ستى سێكسى و گێچه‌ڵكردن به‌كارده‌هێنرێن، بڵاو ببنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى بڕياره‌ نوێيه‌كه‌، هيچ به‌كارهێنه‌رێكى ئينته‌رنێت ناتوانێت له‌ رێگه‌ى پڕۆگرام و ماتۆڕه‌كانى گه‌ڕانى ئه‌و كۆمپانيايانه‌وه‌ ده‌ستى به‌ وێنه‌ى سێكسى و گرته‌ و ديمه‌نى ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌ر منداڵان ڕابگات.

كۆمه‌ڵه‌ى "ئينته‌رنێت ۆچ فاونده‌يشن"، بڵاويكرده‌وه‌، به‌ هۆى دانانى سيمبوڵێكى ئه‌ليكترۆنييه‌وه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌و كۆمپانيايانه‌ رێگه‌ ناده‌ن وێنه‌ى سێكسى منداڵان بڵاو ببێته‌وه‌.

سۆزى هارگريفز، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌كه‌، رايگه‌ياند، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى وێنه‌ى قوربانييه‌كان بناسيينه‌وه‌ و به‌ په‌له‌ كار بۆ سڕينه‌وه‌يان بكه‌ين و رێگر بين له‌وه‌ى وێنه‌ى منداڵان بۆ مه‌به‌ستى خراپه‌ به‌كاربهێنرێن.