عەبادیی داوا لە تورکیا دەکات هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە

حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە تورکیا کرد رێز لە پەیوەندیی نێوان هەردوولا بگرێ و کوتوپڕ هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ: "دڵنیاین هێزێکی زریپۆشی تورکیا کە قەبارەی نزیکەی فەوجێکە (1000 بۆ 3000 سەرباز) و تانک و تۆپخانەی پێیە هاتووەتە نێو خاکی عێراق".

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێ: "هێزەکەی تورکیا لە پارێزگای نەینەوا جێگیربوونە بە بیانووی مەشقپێکردنی چەند گرووپێکی عێراقیی و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیی عێراق".

نووسینگەی عەبادیی ئاماژەش دەکات کە: "ئەو هەنگاوەی تورکیا پێشێلکارییەکی ترسناکە بۆ سەروەریی عێراق و لەگەڵ پەیوەندیی دەرهاوسێیی گونجاو نییە، بۆیە پێویستە ئەو هێزە کوطوپڕ لە خاکی عێراق بکشێتەوە".

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی تورکیاوە رایگەیاند کە: "سەدان سەربازیی تورک لە عێراق جێگیرکراون بۆ مەشقپێکردنی هێزێکی عێراقیی لە شارۆچکەی بەعشیقەی نزیکی شاری مووسڵ لە باکووری عێراق".

سەرچاوە تورکییەکە ژمارەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە بەعشیقە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێ تەنیا کەتیبەیەکی سەربازیین.

ئاژانسەکە هاوکات دەڵێ: بەپێی سەرچاوە تورکەکان ئەو سەربازە تورکانە پێشتر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە و ئێستا گواستراونەتەوە نزیکی مووسڵ و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان پێیە و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش لەم هەنگاوە ئاگادارە. و چەند بەرپرسێکی ئەمریکاش ئەم زانیاریانەیان بۆ رۆیتەرز پشتراستکردەوە. بەڵام دەڵێن ئەم هەنگاوەی تورکیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی نییە.