بیژەن زەنگەنە: ئێران مافی خۆیەتی پشکی خۆی لە بازاڕ بەدستبێنێتەوە

"فرەبوونی بەرهەمی ئۆپیک هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە"

K24

بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند فرەبوونی نەوت لە بازاڕەکاندا کە لە لایەن رێکخراوی ئۆپیکەوە هەناردە دەکرێ هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە و ئێران مافی خۆیەتی پشکی خۆی لە بازاڕ بەدستبێنێتەوە.

بیژەن زەنگەنە لە لێدوانێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاوکراوەتەوە دەشڵێ: "بازاڕی نەوت پێشبینی بڕیارەکەی ئۆپیکی دەکرد و ئەو وڵاتانەی کە نەوتی زیاتر هەناردە دەکەن بەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکان".

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە سێیەکی نەوتی بازاڕەکانی جیهان بەرهەمدەهێنن، هەینیی رابردوو بڕیاریدا سیاسەتی خۆی لەبارەی بەرهەمهێنانەوە نەگۆڕێ و ئەمەش بووە هۆی زیاتر دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.

وەزیری نەوتی ئێران گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا دوو بۆچوون هەبوون، گرووپێک پێی وابوو کە پێویستە سەقفێک بۆ بەرهەمهێنان دیاری بکرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی لە بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی فرەبوونی نەوت کە ئێستا روویداوە، بەڵام ئەم بۆچوونە پەسەند نەکرا".

بیژەن زەنگەنە ئاماژەشی کرد کە: "ئێران مافی خۆیەتی پشکی خۆی لە بازاڕ بەدستبێنێتەوە، ئەو پشکەی کە بەهۆی سزاکانەوە لە کۆتایی ساڵی 2011 لە دەستیدا و ئێران مافی خۆیەتی دوای لابردنی سزاکان پلان داڕێژێ بۆ زیاترکردنی هەناردەی نەوتی خۆی بە قەبارەی ملیۆنێ بەرمیلی دیکە لە رۆژێکدا".

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی 18 مانگی رابردوو بە رێژەی 50% دابەزیوە.