داوودئۆغڵۆ سەردانی بەغدا بكات

سەرۆك وەزيرانى توركيا رايگەیاند، بۆ ئارامكردنەوەی ئەو ئاڵۆزیيەی له‌ نێوانیان درووستبووە، بە نیازە لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەغدا بكات.

K24 – ئه‌نقه‌ره‌:

سەرۆك وەزيرانى توركيا رايگەیاند، بۆ ئارامكردنەوەی ئەو ئاڵۆزیيەی له‌بارەی چوونی ھێزی سەربازی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق لە نێوانیان درووستبووە، بە نیازە لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەغدا بكات.

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی توركیا وەكو ھەوڵێك بۆ ئارامكرنەوەی دۆخەكە، دووپاتیكردەوە، ھێزەكانی توركیا بۆ بەرگریكردن لە ھەر ھەڕەشەیەكی داعش چوونەتە دەوروبەری مووسڵ.

گوتيشى: "ئەوه‌ی لێكدانەوەیەكیديكه‌ی ھەبێت، بەمەبەست ھەوڵی درووستكردنی ئاژاوە دەكەن".

داوودئۆغڵۆ راشیگەیاند، ھێزەكانی توركیا تا ئێستا لە كامپە سەربازییەكاندا مەشقيان بە زیاتر لە 2000 ھەزار كەس كردووە.

لە لایەكیديكه‌وه‌، مەولوود چاووش ئۆغلۆ، وەزیری دەره‌وەی توركیا، گوتی: "ھێزەكانی توركیا لە كاتی ئێستادا لە عێراق ناكشێنەوە، بەڵام ناردنی ھێزی زیاتر بۆ عێراق راگیراوە".

ھەر سەبارەت به‌و پرسه‌، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوه‌ی توركیا، تانجۆ بلجیج رایگەیاند، مه‌ولود چاووش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئیبراھیم جەعفەریی وەزیری دەروەی عێراق كردووە و پێی راگەیاندووە، كە توركیا ناردنی ھێزى بۆ "باكووری عێراق" راگرتووە.