شەفافییەتی نێودەوڵەتیی: عێراق سێیەم خراپترین وڵاتانی جیهانە لە رووی گەندەڵییەوە

"بەكارھێنانی دەسەڵات هۆی سەرەکیی ئەم گەندەڵییەیە"

K24

بەپێی لیستی ساڵانەی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی لەبارەی ئاستی گەندەڵیی لە جیهان لە ساڵی 2015، عێراق سێیەم خراپترین وڵاتی جیهانە لە رووی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی تێیدا.

بەپێی لیستی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی بۆ ساڵی 2015 عێراق لە پلەی 173 ئەو لیستەیە و بەم پێیەش عێراق لە دوای بۆرما و کۆریای باکوور دێ و سێیەم خراپترین وڵاتانی جیهانە لە رووی تەشەنەکردنی گەندەڵیی سیاسیی و کارگێریی و دارایی تێیدا.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەشڵێ: ھۆی تەشەنەکردنی گەندەڵیی لە عێراق قۆرخكردن و بەكارھێنانی دەسەڵاتە سیاسییەكانە لە لایەن گەورە بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ریزبەندیی گەندەڵیی لە جیهان کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنن، عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردوو یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە لە خراپترین دۆخدان لە رووی تەشەنەکردنی گەندەڵیی تێیاندا.