سندووقی ره‌شی فڕۆكه جه‌نگییه‌كه‌ی رووسیا كرایه‌وه
K24 - مۆسكۆ:
به ئاماده‌بوونی شاره‌زایانی بواری لێكۆڵینه‌وه له رووداوه فڕۆكه‌وانییه‌كان، سندووقی ره‌شی فڕۆكه جه‌نگییه‌كه‌ی رووسیا كه مانگی رابردوو له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی توركیاوه خرایه خواره‌وه، كرایه‌وه.
له كاتی كردنه‌وه‌ی سندووقی ره‌شی فڕۆكه‌كه، جیا له شاره‌زایانی رووسیا، دوو شاره‌زای به‌ریتانی و چینییه‌ك و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئاماده‌بوون، به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بڕیاره رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، ناوه‌ڕۆكی تۆماره‌كانی سندووقه‌كه بڵاوبكرێنه‌وه.
رۆژی 24ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 20145، فڕۆكه‌یه‌كی جۆری سوخۆی سو-24، له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی توركیا خرایه خواره‌وه و بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرژی و ئاڵۆزی دیپلۆماسیی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌دیناكرێت.
دوێنێ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، به ئاماده‌بوونی زیاتر له هه‌زار رۆژنامه‌وان، له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ساڵانه‌ی خۆیدا له كۆشكی كرملین رایگه‌یاند، ئه‌وان نازانن له‌به‌رچی فڕۆكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن توركیاوه خراوه‌ته خواره‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له‌وانه‌یه توركیا بۆ خۆنزیككردنه‌وه له ئه‌مه‌ریكا ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی ئه‌وانی خستبێته خواره‌وه.
به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره دووپاتییان كرده‌وه فڕۆكه رووسییه‌كه سنووری ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان به‌زاندووه و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند ئه‌وان ته‌نها پارێزگاری‌یان له ئاسایشی سنووره ئاسمانییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان كردووه.