رێكخراوى به‌در: ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران داعشه‌

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى به‌در، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران داعشه‌.

K24 – به‌غدا:

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى به‌در، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، زافر عانى داعشه‌.

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا، رێكخراوى به‌در، ره‌خنه‌ى له‌ زافر عانى گرتووه‌ و به‌ نوێنه‌رى داعش وه‌سفيكردووه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ناوهێنانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ لايه‌ن زافر عانييه‌وه‌، پيشانى ده‌دات، ناوبراو به‌ دڵێكى رقاوى و نه‌خۆشه‌وه‌ و لايه‌نگرانه‌ بۆ نه‌يارانى عێراق لێدوان ده‌دات و پێويست بوو ناوبراو نوێنه‌رى داعش بێت.

پێشتر سه‌رۆكى كوتله‌ى به‌در له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، قاسم ئه‌عره‌جى، رايگه‌ياندبوو، بوونى زافر عانى و هاوشێوه‌كانى له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا وايكردووه‌، پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراقدا ئيفليج ببێت.

هه‌روه‌ها گوتبووى: زافر عانى نوێنه‌رايه‌تى سياسه‌تى داعش ده‌كات.

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ كوتله‌ى يه‌كێتيى هێزه‌ عێراقييه‌كان  زافر عانى، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 25ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015، رايگه‌ياندبوو، پێويسته‌ شه‌ڕى رومادى شه‌ڕێكى پاك بێت و نه‌بێته‌ شه‌ڕێكى مه‌زهه‌بى و حه‌شدى شه‌عبى تێيدا به‌شدارى نه‌كات.

رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو، هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق به‌ هاوكارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، ئۆپراسيۆنى رزگاركردنى روماديان ده‌ستپێكردووه‌.

هێزه‌ ئه‌منييه‌كان گه‌يشتوونه‌ته‌ ناوه‌ندى شاره‌كه‌ و به‌ گوێره‌ى لێدوانى به‌رپرسانى سوپا، ته‌نيا ژماره‌يه‌ك چه‌كدارى داعش له‌ شاره‌كه‌دا ماوون.

رومادى له‌ ئايار/مايۆى رابردوودا، به‌ ته‌واوى له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا.