ئه‌مساڵ چه‌ند رۆژنامه‌وان گيانيان له‌ده‌ستداوه‌

لە ساڵی 2015 لە عێراق زۆرترین رۆژنامەنووس کوژراون

K24:

67 رۆژنامەنووس لە ساڵی 2015 لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک و کاری خۆیان یاخود بەهۆی پیشەکەیانەوە لە جیهان کوژراون، بەپێی رێکخراوێکی ناحکوومیش زۆرترینی ئەو رۆژنامەنووسانە لە عێراق و سووریا و فەرەنسا کوژراون.

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی ژمارەی قوربانیانی رۆژنامەگەریی لە جیهان لە ساڵی 2015 راشیگەیاند کە: "27 هاوڵاتیی رۆژنامەوان کوژراون کە حەوتیان هاوکاری چەند دەزگایەکی راگەیاندن بوون".

رێکخراوەکە هاوکات داوای دامەزراندنی "نوێنەرێکی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان".

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور دەشڵێ: "67 رۆژنامەنووس لە ساڵی 2015 لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک و کاری خۆیان یاخود بەهۆی پیشەکەیانەوە لە جیهان کوژراون، بەڵام ئەگەر ئەو رۆژنامەنووسانەش هەژمار بکرێن کە لە دۆخێکی تەموومژاویدا کوژراون ئەوە ژمارەی قوربانیانی رۆژنامەگەری لە ساڵی 2015 دەگاتە 110 کوژراو".

بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ساڵی 2015 لە عێراق 9 رۆژنامەنووس کوژراون و لە سووریا 9 رۆژنامەنووس کوژراون و لە فەرەنسا 8 رۆژنامەنووس کوژراون کە لە هێرشەکان بۆ سەر بڵاوکراوەی شارڵی ئێبدۆ کوژراون.