له بارهى هاوكاريكردنى پێشمهرگهوه پێشنيازێك پێشكهشى ئۆباما دهكرێت

K24 – ههولێر:
فەرماندەی گشتی سوپای ئەمریکا له بارهی ناردنێکی ھێزێكی تایبەتی وڵاتهكهی بۆ ھاوکاریکردنی پێشمەرگە به نیازه پێشنیازێك پێشكهشی سهرۆكى ئهمريكا، باراك ئۆباما بكات.
بەگوێرەی زانیاریی میدیای ئەمریکییهكان، رۆژی یەکشەممە، فەرماندەی گشتی سوپای ئەمریکا، ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد لە پاریس لەگەڵ ژەنەراڵ پێیر دی ڤێلەرس، فەرماندەی سوپای فەرەنسا کۆبووەتەوە، بەمەبەستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان لەدژی رێکخراوی داعش.
یەکێک لەو خاڵە سەرەکیانهی دانفۆرد باسی كردووه، ناردنێکی ھێزێكی تایبەتی ئەمریکایە بۆ ھاوکاریکردنی پێشمەرگە.
دانفۆرد رایگهیاندووه، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا ئەو پێشنیازە پێشکەش بە باراك ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بکات و پێشنیازەکەشی لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەیه، كه فەرماندە سەربازییهكانی ئەمریکی و عێراقی دهستنیشانیانكردووه له بارهی چۆنییهتی رزگارکردنی مووسڵ.