ئەردۆغان: زانیاریمان هەیە کە هێزە ئێرانییەکان کۆمەڵکوژیی لە سووریا ئەنجامدەدەن

"ئەگەر دۆخی سووریا بەم شێوەیە بەردەوام بێت 600 هەزار هاوڵاتیی دیکەی سووریا ئاوارە دەبن"

K24- ھەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، زانیاریمان ھەیە ھێزە ئێرانییەكان لە سووریا كۆمەڵكوژیی ئەنجامدەدەن.

لە میانی بەشدارییكردنی لە كۆنگرەی گەنجانی خاوەنكاری توركیا لە ئەنقەرە رەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "وڵاتەكەمان چی دیكە ناتوانێت ئارامبگرێت لە بەرامبەر رووداوەكانی سووریا، بۆیە رێوشوێنی پێیویست دەگرینەبەر".

ئەردۆغان گوتیشی: "چەندین وڵاتی ھەرێمیی ھێزیان ھێناوەتە ناو خاكی سووریا و كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوە، زانیاریمان ھێزە ئێرانییەكان لە سووریا كۆمەڵكوژیی ئەنجامدەدەن".

ئەم گوتانەی سەرۆك كۆماری توركیا لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك لە میدیا فەرمییەكانی ئێران باس لە كوژرانی پاسدارانی ئەو وڵاتە كراوە، لە شەڕی دژی داعش لە سووریا، لەم ماوەیەدا دواین ئاماری كوژرانی پاسدارانی لە میدیاكانی ئێران ئاشكرا كرا، بەگوێرەی ئەو ئامارە لە ماوەی 10 رۆژدا 54 پاسداری ئێرانیی لە سووریا كوژراون.

لە ساڵی 2011 شەڕی ناوخۆ و قەیران تووشی سووریا بوون، لەو كاتەوە تا ئێستا رووسیا بە ئاشكرا پشتیوانیی لە مانەوەی رژێمی سووریا دەكات، ئێران راوێژكاری سەربازیی رەوانەی سووریا کردووە و لە میدیاكانیدا كوژرانی پاسداران لە سووریا بڵاودەكاتەوە،  

سەرچاوە: DHA، ئا: ھەڤاڵ مەلا