كۆمارییەکان دژی داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆن

چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیەکی بۆ داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆ پێشکەش کرد.

K24 - ھەولێر:

پارتی كۆماریی ئەمریكا دژایەتی خۆی بۆ داخستنی  گرتوخانەی گوانتانامۆ راگەیاند، پلانی خۆشیی بۆ رووبەڕووبونەوەی داخستنی گرتوخانەكە بە شێوەیەكی یاسایی دووپاتكردەوە.

پۆل راین، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا کە سەر بە کۆمارییەکانە رایگەیاند: "ھەوڵەكانی ئۆباما بۆ داخستنی گوانتانامۆ نایاسایین، چونكە پلانەكە ئەوە دەخوازێت كە بەندكراوەكان لە خاكێكی ترەوە، كە خاكی كوبایە، بگوازرێنەوە ناو خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".

پۆل راین جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ھەوڵەكە دژی رێساكانی كۆنگرێسە و لە ساڵی 2005 ئاماژە بۆ ئەوە کراوە كە ئەمریكا توانای گواستنەوەی بەندكراوانی نییە بۆ ناو خاكی ئەمریكا لە ھەر شوێنێكی دەرەوەی سنوورەوە بێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پلانی گواستنەوەی بەندكراوەكانی گوانتانامۆ تاوتوێ كردووە و 15 شوێنی جیاجیای لە ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان كردوون.

چەند رۆژێك لەمەوبەر باراك ئۆباما داخستنی بەندینخانەی گوانتانامۆی دووپات كردەوە، بەڵام پارتی كۆماریی دژی ئەو ھەنگاوەن.

باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریکا پێش دوو رۆژ له میانی گوتارێكی له‌‌ كۆشكی سپی، داوای له‌ كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی كرد ره‌زامه‌ندیی نیشانبدات له‌سه‌ر پلانی داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ‌.

گرتوخانەی گوانتانامۆ لە سەردەمی جۆرج دەبلی بۆش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دوورگەیەکی وڵاتی کوبا بۆ تۆمەتباران بە تێوەگڵان لە تیرۆر تەرخان کرا.

سەرچاوە: CNN، داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد