وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان تایبه‌ت بۆ كوردستان24 ده‌دوێت
K24 - هه‌ولێر:
ئیوانس مۆزالا، وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، تایبه‌ت بۆ كوردستان 24، رایگه‌یاند، پشتیوانی له خه‌باتی گه‌لی كورد ده‌كات و ئاشنای خه‌باتی گه‌لی كورده و چاوی به گه‌لی كورد كه‌وتووه و گوتی: "خۆشحاڵم له‌گه‌ڵ ئێوه باسی قه‌یرانی په‌نابه‌ران بكه‌م".
مۆزالا، له باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی په‌نابه‌رانه‌وه گوتی: "كێشه‌ی په‌نابه‌ران له یۆنان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له وڵاتانی ئه‌وروپا سنووره‌كانییان به رووی په‌نابه‌راندا داخستووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "رۆژانه 2-3 هه‌زار په‌نابه‌ر له توركیاوه ده‌گه‌نه یۆنان و چه‌ند پلانێكیشمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه خستووه‌ته ڕوو".
گوتیشی: "له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كامپ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه توركیا".
وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ژماره‌ی په‌نابه‌رانی كورد له یۆنان كه‌مه و گوتی: "كورده‌كان پێیان باشه له وڵاتی خۆیان بمێننه و له دژی داعش شه‌ڕ بكه‌ن نه‌ك وه‌ك په‌نابه‌ران له كامپه‌كانی ئێمه‌دا بمێننه‌وه".
گوتیشی: "ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ كورددا نییه، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ره نایاسییه‌كاندایه، وه‌كو پاكستانی، مه‌غریبی و تونسی".
راشیگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ناتوانێت كێشه‌ی په‌نابه‌رانی سه‌رجه‌م جیهان له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت و رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌یه ببێته‌وه.
له باره‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بڕیاره یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی په‌نابه‌ران بدرێته توركیا، گوتی: "ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ توركیا نییه، به‌ڵكو بۆ په‌نابه‌رانی سووریایه له توركیا و پاره‌كه‌ش راسته‌وخۆ ده‌درێته حكوومه‌ت".
دووپاتیشی كرده‌وه، پاره‌كه بۆ هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانی سووریایه و گوتی: "پاره‌كه بۆ ئه‌وه‌یه منداڵی په‌نابه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه خوێندن و ره‌وشی په‌نابه‌رانی پێ باشتر بكرێت له‌و وڵاته".
له باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه مرۆییه گوتی: "پێویسته ئه‌و ئاژاوه و جه‌نگه له عێراق و سووریا رابوه‌ستێت، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه خه‌ڵك ناوچه‌كانییان جێده‌هێڵن و ده‌چنه ئه‌وروپا، له ئێستاشدا ئه‌وروپا سنووره‌كانی خۆی داخستووه و له یۆنان ماونه‌ته‌وه".
وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان گوتی: "ئامۆژگاری په‌نابه‌ران ده‌كه‌م له توركیا بمێننه‌وه و كه‌متر تووشی كێشه ده‌بن، چونكه ئێستا سنووره‌كانی ئه‌وروپا داخراون و ناتوانن بگه‌نه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه مه‌به‌ستییانه".