رووسیا هێزەکانی خۆی لە سووریا دەکشێنێتەوە

K24-هەولێر

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند کە فەرمانی داوە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی پێنج مانگدا لە سووریا بکشێنەوە.

ڤلادیمیر پوتن لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی وڵاتەکەی لە کرملین، راشیگەیاند: "هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا تا رادەیەکی زۆر ئامانجی خۆیان پێکا". پوتن هاوکات فەرمانی دا هەوڵە دیپلۆماتییەکانی رووسیا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی لە سووریا.

سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "مۆسکۆ بە مافی خۆی دەزانێ بوونی سەربازیی هەبێ"، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی دیار نەکرد و گوتی: هێزەکانی رووسیا لە بەندەری تەرتووس و فڕۆکەخانەی سەربازیی حمێمیم لە پارێزگای لازقییە لە سووریا دەمێننەوە.

هاوکات گوتەبێژی کرملین، دیمتری بیسکۆڤ رایگەیاند: پوتن بە تیلیفۆن لەگەڵ ئەسەد دواوە و بڕیارەکەی رووسیای پێ راگەیاندووە.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی رووسیا هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی ئاشتیی لە نێوان حکوومەتی سووریا و بەرهەڵستکارانی لە جنێڤ.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن ئاماژەشی کرد کە: "کاری کارای سوپاکەمان زەمینەی رەخساند بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیی".

گوتیشی: "پێموایە ئەو ئەرکەی کە خرایە سەر شانی وەزارەتی بەرگریی و هێزە چەکدارەکان بەگشتیی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە، هێزە چەکدارەکانی سووریا و هێزە نیشتمانییەکانی سووریا بە هاوبەشیی لەگەڵ سوپای رووسیا توانیان وەرچەرخانێکی بناغەیی لە جەنگی دژی تیرۆر لە جیهان ئەنجامبدەن و لە زۆربەی رووەکانەوە دەستپێشخەریی بۆ ئێمەیە".

سەرۆکی رووسیا باسی لەوەش کرد کە: "فەرمانم بە وەزیری بەرگریی کرد لە سبەیەوە (ئەمڕۆ سێشەممە) دەست بە کشاندنەوەی بەشێکی سەرەکیی هێزە سەربازییەکان بکات لە کۆماری عەرەبیی سووریا".

لای خۆیەوە کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما بە تیلیفۆن لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن لەبارەی قەیرانی سووریا و راگەیاندنی کشاندنەوەی بەشێکی هێزەکانی رووسیا لە لایەن پوتنەوە دواوە".

کوشکی سپی گوتیشی: "ئۆباما پێشوازیی لە کەمکردنەوەی توندوتیژیی کرد هاوکات لەگەڵ دەتپێکردنی ئاگربەست، بەڵام جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامبوونی هەڵمەتە جەنگییەکان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا هەڕەشەن بۆ هەوڵەکانی راگرتنی توندوتیژیی".

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە سوپای سووریا رایگەیاند کە: بەردەوام دەبێ لە کردەوە جنگییەکانی دژی (داعش) و بەرەی نوسرە و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی پەیوەندیدار لەگەڵیان.

بەڵام گەورە دانووستکارانی بەرهەڵستکارانی حکوومەتی سووریا لە دانووستانەکانی ئاشتیی لە جنێڤ، محەممەد عەلووش رایگەیاند: "کشانەوەی سوپای رووسیا لە سووریا بە شێوەیەکی راستەقینە ئەرێنی دەبێ، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەو پرسە".

ئا: ئا ، ف