ئازاری برۆكسل ئه‌وروپای راچڵه‌كاند
كرده‌وه‌ی خۆكوژی، دڕنده‌ترین و بێ ویژدانترین شێوی ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كرده‌وه تۆقێنه‌ره، مرۆڤه‌كه به ته‌واوی له ژێر كاریگه‌ری دۆخێكی تایبه‌تدایه، وه‌ك بڕوایه‌كی له راده‌به‌ده‌ر، خۆبه‌خشینێكی بێ سنوور و باری ده‌روونییه‌كی ئێجگار ئاڵۆز تا ڕاده‌ی شێتی. چه‌نده‌ها ساڵه ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، به‌هۆی ئه‌م جۆره كرده‌وه خۆكوژیانه‌وه خه‌ڵتانی خوێنه و تا هه‌نووكه‌ش كۆتایی نه‌هاتووه بگره په‌ره‌ی سه‌ندووه، به ڕاده‌یه‌ك كه له هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تێرۆرن (داعش له عێراق و شام).
دوای كرده‌وه خۆ كوژییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی پاریس و برۆكسل، هه‌مان ترس كه ده‌یان ساڵه خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌گشتی له ناخ و هزریاندا چه‌سپاوه و ده‌رناچێت ئێستا میوانی ئه‌وروپییه‌كانه. گه‌نجێكی ئه‌فریقی كه له ئه‌وروپا پێگه‌یشتووه، یان به ره‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینه و له ئه‌وروپا گه‌وره بووه، سه‌رتاپای گیانی به بۆمبی جۆراوجۆر ده‌پێچێته‌وه و له ساتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا منداڵ و خه‌ڵكی سڤیلی بێ گوناح له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كوژێت... له‌م باره‌وه‌ش پڕماناترین ڕسته له‌لایه‌ن خانمێكی ئه‌وروپییه‌وه دركێندرا ئه‌ویش نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ( فیدریكا موگرینی ) بوو، له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاتی ئوردن به ڕژاندنی فرمێسكه‌وه وتی " بۆ ئه‌وروپییه‌كان رۆژێكی سه‌خته و ئه‌مڕۆ پایته‌خی ئه‌وروپا هه‌مان ئێش و ئازاری رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌چێژێت".
به‌ڵێ هه‌مان ئێش. ئێشی كابووڵ، ئیسلام ئاباد، به‌غداد، هه‌ولێر، شام و ئه‌نقه‌ره... لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ خۆمدا راستگۆبم، ئه‌وكات بۆ ئه‌وروپییه‌كان بایه‌خ و گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو، ڕه‌نگه له تێنه‌گه‌یشتنیان بێت له‌و ئێشه‌ی كه حاڵی حازر ئه‌وانیش ده‌یچێژن. لێدوانه‌كه‌ی خانم موگرینی له‌كات و ساتی خۆیدا بوو، به‌ڵێ هه‌مان ئێش.
ده‌بێت پرسیاره‌كه به‌م شێوه‌یه بێت، خه‌ڵكانێك له ئه‌فغانستان، عێراق، لیبیا، سووریا و پاكستان... چۆن به‌م شێوه دڕنده‌یه په‌روه‌رده‌كران؟ چۆن وا بێ ویژدان كران؟
كات زۆر خێرا تێپه‌ڕده‌بێت و ده‌گوزه‌رێت، نه‌وت له‌كوێ هه‌بێت، مادده‌ی كانزای گرانبه‌های هاوشێوه‌ی ئاڵتوون له كوێ بوونی هه‌بێت، له‌هه‌مان شوێن دیكتاتۆرێك، یان گرووپێكی تیرۆریستی سەرهەڵدەدات و رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌بی ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕسته‌یه‌كی پوخت بۆ ئه‌مه دروست بكه‌م ده‌ڵێم " له‌كوێ به‌رمیلێك نه‌وت هه‌بێت، له‌هه‌مان شوێن به‌رمیلێك خوێن هه‌یه".
زۆر ده‌مێك نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ساڵێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر وتاری یه‌كێك له سه‌ركرده ئه‌منییه كورده‌كانی ناوچه‌كه كه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشكه‌شی كرد. مه‌به‌ستم وتاری به‌ڕێز (مه‌سروور بارزانی)یە ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه "بۆ تێكشكاندنی هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆر یه‌كێتی ئه‌وروپا پێویسته ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كاربكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه له پایته‌خته‌كه‌تان ڕووبه‌رووی نه‌بنه‌وه"... ره‌نگ بێت په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئێستا زۆر باشتر له‌جاران له‌م وتاره پێشبینی ئامێزه تێبگه‌ن، كه تێرۆر ئیتر سنوور ناناسێت.
ئه‌مڕۆ كه برۆكسلیش به‌ده‌ست هه‌مان ئێشه‌وه فرمێسك ئه‌ڕژێت. سڕینه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌م ئێشه پێویستی به عه‌قلییه‌تێكی هاوبه‌شی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی هه‌یه و بۆ ئه‌مه‌ش شێوازێكی نوێ بۆ ژیانی جیهان مه‌رجی یه‌كه‌مه. هه‌روه‌ك بارزانی وته‌نی "پێویستمان به هاوكاری و هاوپشتی یه‌كتره".
هه‌روه‌ك چۆن له‌كاتی داگیركردنی ڤێتنام له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه، له‌پێناو ئیدانه‌كردنی تاوانه‌كانی جه‌نگ (دادگای تاوانەکانی جه‌نگ) به پێشره‌ویكردنی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی (بێردنارد روسیل) دامه‌زرا، به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت ( دادگای لێپێچینه‌وه له سپۆنسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی تێرۆر) بێته دامه‌زراندن. دادگایه‌كی بێ لایه‌نی دادپه‌روه‌ر كه‌وا بتوانێت بگات به قوڵایی سه‌رچاوه‌كانی تێرۆر. هه‌روه‌ك چۆن ده‌توانێت گرووپه تێرۆریستییه‌كان به ئاشكرا دیار بكات، هه‌روه‌ها په‌نجه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ش درێژ بكات كه پاڵپشت و سپۆنسه‌رن. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی واقیعی بۆ پاراستنی گیانی منداڵ و خه‌ڵكی بێگوناح بوونی هه‌بێت و كه‌سانێكی مرۆڤ دۆست سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه بن.
به‌ڵێ خانمی ئه‌وروپایی! فرمێسكه‌كانت ناخ ده‌هه‌ژێنن. هه‌مان ئێش و ئازار ئه‌وروپاشی گرته‌وه. بڕێكیش له ئازاره‌كانمان تێبگه‌ن و گوێ له هاواره‌كانمان بگرن. سه‌ره‌تا ویژدان، ئینجا دادگا، دواجار شێوازێكی نوێ بۆ بیركردنه‌وه... ڕێز بۆ روحی قوربانیانی ده‌ستی تێرۆر له سه‌رانسه‌ری جیهان.