سوپاى سووريا: داعش ده‌يويست شارێك به يه‌كجارى بته‌قێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌فسه‌رێكى سوپاى سووريا رايگه‌ياند، چه‌كدارانى داعش، پێش راكردنيان له شارى ته‌دمور، به هه‌زاران بۆمب و لوغميان له شاره‌كه چاندووه و ئه‌وه‌ش پێويستى به هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى سوپايه بۆ پاككردنه‌وه‌ى شاره‌كه له مينه‌كانى داعش.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره له لێدوانيدا بۆ ئاژانسى رۆيته‌رز ئه‌وه‌شى گوتووه، هه‌ندێك له‌و مين و بۆمبانه‌ى ته‌قێنراونه‌ته‌وه كێشيان گه‌يشتووه‌ته 50 كيلۆگرام و به گشتيى 3000 لوغم و مين له لايه‌ن هێزه ئه‌منييه‌كانه‌وه ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ى سوپاى سووريا روونيشيكردووه‌ته‌وه، داعش پيلانى هه‌بووه، كاتێك له شاره‌كه راده‌كه‌ن و سوپا ده‌چێته ناويه‌وه ته‌واوى شاره‌كه له يه‌ك كاتدا بته‌قێننه‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روويدابا بێگومان ته‌قينه‌وه‌يه‌كى زۆر به‌هێز و گه‌وره ده‌بوو.
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى سوپا ئه‌وه‌شى گوتوه: له‌گه‌ڵ له‌سه‌دا 90ى بۆمبه چێنراوه‌كان هيچيان پێ ناكرێت، چونكه له ژێر زه‌وى چێندراوون و هه‌ندێكيان به چيمه‌نتۆ داپۆشراوون.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سوپای سووریا، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ته‌دمور (پاڵمێرا)ی مێژوویی و ده‌رهێنانی له ژێر ده‌ستی رێكخراوی داعش، گۆڕێكی به كۆمه‌ڵی له‌و شاره دۆزیوه‌ته‌وه.
له‌و باره‌يه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی سووریا به ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه 42 رووفاتی تێدایه، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه گوللـه‌باران كراون و كوژراون.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایكردووه، له‌نێوان گۆڕه‌كه به كۆمه‌ڵه‌كه‌دا، رووفاتی سێ منداڵ و هاووڵاتيان و سه‌ربازانی سوپا هه‌يه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه سه‌ربازییه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ی له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه‌دان، به‌شێكیان سه‌ربڕدراون و به‌شێكی دیكه‌شیان گوللـه‌باران كراون و له ئێستاشدا ناسنامه‌ی هه‌ندێك له‌و رووفاتانه‌یان ناسیوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه، له‌ناوچه‌ی "جاهزیه" دۆزراوه‌ته‌وه، كه ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت بووه به نیشته‌جێكردن سه‌ربازانی سوپای سووریا له‌و شاره.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، له كاتی هاتنی داعش بۆ ته‌دمور، زیاتر له 280 كه‌س به ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه كوژران.