ترامپ: پشت له‌ ئێران و روو له‌ ئیسرائیل ده‌كه‌مه‌وه‌

ئه‌گه‌ر ببمه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2cce393d-4f7b-4ec9-8b97-bacd0162f7fc/Trump%20Seyasati%20Darawa.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییەكانی ئەمریكا بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ناسراوە، كه‌ به‌لێدوانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ناسراوه‌، له‌ دوایین لێدوانی رۆژنامه‌وانیدا ستراتیژییەتی خۆی لەمەڕ سیاسەتەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی ئاشكراكرد.

ئه‌و كاندیده‌ ملیاردێره‌ی كۆمارییه‌كانی دەڵێت: "ئەگەر ببێتە سەرۆكی داھاتووی ئەمریكا بەزووترین كات داعش لەناو دەبات و بەپێچەوانەی ئۆباماشەوە روو لە ئیسرائیل و پشت لە ئێران دەكات".

ترامپ كه‌ پێشەنگی پارتی كۆمارییەكانی گرتووه‌، بەڵێن دەدات ئەگەر ببێتە سەرۆكی داھاتووی ئەمریكا، ھەوڵ دەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا و چین باشتر بكات.

ترامپ به‌ر له‌وەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمریكا كاندید بكات، بزنسمانێكی ناسراوی ئەمریكا و پێشكەشكاری بەرنامە بووە، ئێستاش روانگەی خۆی سەبارەت بە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا باس دەكات و رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی باراك ئۆباما لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت و دەڵێت: "ئەمریكا لەژێر سایەی ئۆباما، پشتی لە نزیكترین ھاوپەیمانی لە ناوچەكە كە ئیسرائیلە، كردووە و لەھەمان كاتدا لە ئێران نزیكبووەتەوە".

ترامپ گوتی: "ئێمە دەبێ وەكو وڵات، ھەندێ كاری نھێنی و شاراوەمان ھەبێت. ئێستا ھەر كارێك دەكەین، بەئاشكرا ئەنجامی دەدەین، ھێز دەنێرین، كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ دەبەستین، بەڵام لەمەوپاش دەبێت ھەندێ كار بكەین نابێت ھەموو كەس پێیبزانێت، بەڵام بۆ دواجار داعش ھەر كۆتایی پێدێت و ئەگەر ببمە سەرۆك، ئەوا بەزووترین كات داعش لەناودەبەم".

ئەو ملیاردێرە ئەمریكییە، رایگەیاند، ئەمریكا لە سەرەتای ٢٠٠٠كانەوە، ستراتیژییەتێكی ھەڵەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرتووەتەبەر، بەوەی ویستوویەتی دیموكراسی رۆژئاوا بۆ رۆژھەڵاتییەكان بگوازێتەوە، ئەم ھەڵەیەش وایكردووە، داعش دروست بكات.

ترامپ گوتیشی: "ئۆباما لە ھەڵەكانی عێراق، میسڕ و لیبیاوە گواستینییەوە بۆ ھەڵەكانی سووریا، ھەموو ئەو ھەنگاوانە، وایكردووە كە ئەو ناوچەیە بكاتە، ناوچەیەكی وێران و ده‌رفه‌تی به‌هێزبوونی به‌ رێكخراوی داعش به‌خشی".

ئه‌و كاندیده‌ی كۆمارییه‌كانی گوتیشی: "ھەموو ئەمانەش لەو بیرۆكە مەترسیدارەوە دروست بوو كە پێمانوابوو، ئێمە دەتوانین دیموكراسیەتی رۆژئاوا بگوازینەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە حەزیان بە دیموكراسیەتی رۆژئاوایی نییە و ئەمەش شەڕی ناوخۆ و تایفه‌گەری و توندڕەوی لەناوچەكە دروست كرد و ئەم بۆشاییە ئەمنییەش، داعشی لە ناوچەكە دروستكرد".

چاودێرانی سیاسی ئەمریكا، ھەمیشە ئەو رەخنەیەیان ئاڕاستەی ترامپ كردووە كە سیاسەتمەدار نییە و ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، كێشەی گەورە بۆ واشنتن دروست دەكات، چونكە ئەزموونێكی ئەوتۆی لە سیاسەتی دەرەوە نییە.

سێشه‌ممه‌ی رابردوو، ترامپ لە پێنج ویلایەتی گرنگ و ستراتیژی ئەمریكا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ئەو ئەنجامەش ھەنگاوێكی دیكەی لە گرتنەدەستی سەرۆكایەتی كۆشكی سپی نزیككردەوە.