لە 11 گوندی ئامەد ھاتووچۆ قەدەغە دەكرێت

"ھێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن"

K24 - ئامەد

بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزیی لە باكووری كوردستان و ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنییەكان دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) حكوومەتی توركیا بڕیاریدا ھاتووچۆ لە 11 گوندی شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەد قەدەغە بكرێت.

پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد رایگەیاند:  "بەھۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنیەكانی تورکیا لە دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لە دەشتاییەكانی شارۆچکەی لجێ قەدەغە كردنی ھاتووچۆ لە سنووری 11 گوندی ئەو ناوچەیە راگەیاندرا".

پەیامنێرمان گوتیشی: "بەرپرسانی ئەمنی توركیا رایانگەیاندووە، قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە گوندەكانی لجێ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و گیان و ماڵی ھاووڵاتییانە، داواشیان لە ھاووڵاتییانی ناوچەكە كردووە پابەندی بڕیارەكە بن و لە ماڵەكانیان نەچنەدەرەوە".

شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كاریگەری راستەخۆیی كردوەتە سەر ژیان و كاروباری رۆژانەی خەڵكی لە باكووری كوردستان، بەجۆرێك نەك ھەر ناتوانن كار بكەن، بەڵكو لە زۆربەی شار و ناوچەكان خەڵكی لە ھاتووچۆ كردن قەدەغە دەكرێن.