سەرۆکی سەنتەری دیالۆگ و چاکسازی عێراقی: زۆر شەرمەزارییە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان نەبینن!

"لە پارێزگاکانی باشوور و لەوانەی ناوەڕاستیش، هیچ کاتێک کورد حوکمی نەکردووە و فەرماندەکان هەمیشە عەرەب بوون، بەڵام چی گۆڕاوە جگە لە زیادبوونی هەژاری و نەداری؟"
شێخ مەجید عیقابی، سەرۆکی سەنتەری دیالۆگ و چاکسازی
شێخ مەجید عیقابی، سەرۆکی سەنتەری دیالۆگ و چاکسازی

K24 - هەولێر

سەرۆکی سەنتەری دیالۆگ و چاکسازی هێرش دەکاتە سەر حیزبە عەرەبییەکان، بەتایبەتی شیعەمەزهەبەکان بەهۆی شکستهێنانیان لە دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتییان و، دەڵێ "شەرمەزارییە بگوترێت بێسەروبەرەیی لە کوردستان هەیە و چاو دابخرێت لەسەر ئەو ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی لەوێ هەیە".

شێخ مەجید عیقابی، سەرۆکی سەنتەری دیالۆگ و چاکسازی، کە سەنتەرێکی سەربەخۆیە و کاردەکات بۆ بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی عێراق، لەرێگەی پەیجی فەرمیی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک 23-1-2021 باسی هەرێمی کوردستان دەکات و رەخنە لە حیزبە عەرەبییەکانی عێراق دەگرێت.

لە پۆستەکەیدا شێخ مەجید عیقابی، کە پیاوێکی ئایینی ناسراوی شیعەمەزهەبە دەڵێ "زۆر شەرمەزارییە بڵێین کوردستانی عێراق بێسەروبەرەیی یان دزی یان پێشمەرگەی ناشەرعی لێیە! بەڵام ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و ژیانی پارێزراوی لێ نەبینین!"

سەبارەت بە بەراوردکردنی نێوان حیزبە کوردییەکان و حیزبە عەرەبییەکان، عیقابی دەڵێ "وەک بەراوردکردنە لەنێوان ئەمین و مەئموون، کە هەردووکیان برای یەکدین و باوکیان ناوی هاروونە... مەئموون بە جیدی کاری دەکرد و بیری دەجوڵاند، بەڵام ئەمین، هەرچەندە سوپایەکی زۆری هەبوو، حوکمی لەدەست دا و حوکمەکەی چووە دەست مەئموونی برای".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا شێخە شیعەمەزهەبەکە، کە لەهەمان کاتدا نووسەر و لێکۆڵەری ئیسلامییە، باس لەوە دەکات " هەمیشە شکست بە درۆ و ساختەکاری دەشاردرێتەوە بەرەو فیتنە ئاراستە دەکرێت، ئەمەش بەهانەهێنانەوەیە بۆ لاوازی و گەندەڵی، وەک بڵێی داگیرکارییەکی کوردی لە عێراق هەیە و ئێمە لەژێر بەزەیی ئەوانداین و ناتوانین لەبەر ئەوان وڵات پێشبخەین".

عیقابی دەپرسێت "لە پارێزگاکانی باشوور و لەوانەی ناوەڕاستیش، هیچ کاتێک کورد حوکمی نەکردووە و فەرماندەکان هەمیشە عەرەب بوون، کەواتە چی گۆڕاوە جگە لە زیادبوونی هەژاری و نەداری... شکستی ئیدارەدان پەیوەندی بە ویستی ئەوی دیکە نییە (بەڵام) لەوێ ویستێک هەیە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکان و بنیاتنان، لێرەش سووکایەتی بە خوێن و پارە و ئاشتی دەکرێت".