ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی کەم تەمەن و کۆششێکی زۆر

Kurd24

بەر لە 34 ساڵ ئیدریس بارزانی لە تەمەنی 43 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، ئیدریس بارزانی هەر لە تەمەنی بچووکایەتیەوە بە حوکمی ئەوەی هەر لە کۆنەوە لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ بووە و کوڕی سەرکردەی مەزنی کورد مەلا مستەفای بارزانی بووە، لەگەڵ برای سەرۆک مەسعود بارزانی، شانیان داوەتە بەر بارێکی زۆر قورس. بارودۆخی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بێننە بەرچاوتان، لە لایەک کێشەی ئەو هەزاران پەنابەرانەی لە ئێران بوون، ئەو گوشارانەی حکومەتی ئێران و دەزگای بەدناوی ساواک، خەمی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، نەخۆشی سەرکردەی کورد بارزانی نەمر و دواتر وەفاتكردنی، پەرتبوونی پارتی، راگوێزانی گوندەکانی کوردستان و تەپڵ لێدانی بەعسیەکان بەسەرکەوتن، دروست بوون و بەرپابوونی کێشە و شەڕی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان لەلایەکی تر، بێ ئومێدیەکی ئێجگار گەورەی لە ناو کورد لە ناوەو دەرەوەدا دروست کردبوو، ئەمە و سەرباری داخرانی هەموو کەناڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی وڵاتانی دراوسێ و رۆژئاواش کێشەیەکی مەزن بوو.

لەم بارودۆخە پڕ دژوارەدا ئەو دوو سەرکردە گەنجەی کورد کە سەرەتایی تەمەنیان بوو، ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی، کەوتنە ژێر ئەم بارە قورسە و شانیان دایە بەر و لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان شۆڕش هەڵگیرسێننەوە، پارتی رێکبخەنەوە، کێشەی ئاوارەکان لە ئێران تا رادەیەک بەیارمەتیدانیان چارەسەر بکەن، ئومێد لە دڵی گەلی کوردستان زیندوو بکەنەوە.

ئەوەی باسم کرد هەر بەنووسین و قسەکردن ئاسانە، ئەگەرنا دنیایەک خەبات و زەحمەتی پێویست بووە، دوو گەنجی تازە پێگەیشتوو لە نێو ئەو هەموو زەحمەتیەداو چوارچێوەیەکی تەسکی بەدوژمن دەورە دراو و بێ هاوکاری و بەو بڕە ئیمکانیەتەی پاشماوەی شۆڕشی ئەیلوول توانیان دڕ بەتاریکی بدەن، موعجیزە دروست بکەن، ئەم راستەڕێکردنە و  هەستانەوەیە شایانی تێڕامان و پەند لێوەرگرتنە بۆ نەوەی ئێستا و ئاییندە، گەنجەکانمان حەقە مێژووی سەرکردەکانیان بزانن، سەرەڕای کەموکوڕییەکان چ زەحمەتییەکیان کێشاوە بۆ میللەتەکەیان،  لەم ساڵیادەدا سڵاو لە رۆحی پاکی شەهیدی جوانە مەرگ ئیدریس بارزانی، سڵاو لە مێژوو خەباتی 60 ساڵەی سەرۆک مەسعود بارزانی، کە هیچ دوژمن و نەیارێک ناتوانێ ئەو مێژووە بشێوێنێ.