سه‌گ و گورگ له دوو دیارده‌دا
دیارده‌ی یه‌که‌م سه‌گ:
بۆ یه‌که‌میینجار له ساڵی دوو هه‌زار و دوودا وتارێکم له‌سه‌ر دیارده‌ی سه‌گ کووشتن و غه‌درکردن لێیان نووسیی. وا ئێستاش به پێویستییه‌کی تری ده‌زانم. سه‌گ یه‌کێکه له‌و گیانله‌به‌ره بێ پاڵپشتانه‌ی، که هه‌میشه و به به‌رده‌وامیی غه‌دریان لێده‌کرێت.
ده‌شێت زۆر ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی تر هه‌بن، که له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه غه‌دریان لێبکرێت، لێ هیچیان له نیشتیمانی ئێمه‌دا به ده‌ردی سه‌گ نه‌چوون. سه‌گ ئه‌و گیانداره زیره‌ک، به‌وه‌فا و نایابه‌یه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد نرخی نازانێت. ئه‌م پێنه‌دانی نرخه به سه‌گ هه‌ڵگری بۆچوونێکی ئاینییه، که به‌داخه‌وه له ئاینیی ئیسلامدا سه‌گ به‌ر نه‌فره‌تی خودا که‌وتووه، هه‌ر وه‌کوو به‌راز و کوونده‌په‌پوو و قه‌له‌ڕه‌ش. له کولتووری راسته‌قینه‌ی کوردییدا، له ئاینی زه‌رده‌شتدا سه‌گ خاوه‌نی نرخ و قورساییه‌کی گه‌وره‌یه، که وه‌ک هاوڕێی مرۆڤ و وه‌ک ئه‌ندامێکی خێزان ته‌ماشاده‌کرێت. ئه‌م کولتووره به‌داخه‌وه له‌بیرچووه‌ته‌وه و که‌من ئه‌وانه‌ی، که کاری پێده‌که‌ن. رۆژانه هه‌واڵی کووشتنی سه‌گ و ژه‌هرخواردنکردنیان ده‌بیستین، که جێگای نیگه‌رانییه‌کی گه‌وره‌یه.
سه‌گ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه، که هه‌ڵیبژاردیت، هیچ پێشمه‌رج و داوایه‌کی نییه لێت. سه‌گ گوێ به‌وه نادات، که تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیت یان هه‌ژار، جوانیت یان ناشیرین، ده‌سته‌ڵاتداریت یان بێده‌سته‌ڵات ....هتد. نه‌خێر سه‌گ گوێ به‌مانه هیچیان نادات، ئه‌و ته‌نها خودی تۆی ده‌وێت. که هه‌ڵیشیبژاردیت هه‌تا مه‌رگ ده‌ستبه‌ردارت نابێت.
جێگای خۆشحاڵییه، که چه‌ند ساڵێکه به ته‌نگه‌وه‌هاتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده بووه به کولتوورێکی نوێ له‌ناو کورددا. خه‌ڵکانێکی زۆر سه‌رقاڵی به‌خێوکردنی باڵنده و ئاژه‌ڵن، خه‌ڵکانێکی زۆر له وه‌رزی بێ خواردنییدا، به‌تایبه‌ت له زستاندا به‌ته‌نگ باڵنده‌کانه‌وه دێن و خواردنیان بۆ ئاماده ده‌که‌ن. لێ باڵنده به ته‌نها له زستاندا بێ خواردن نییه، به‌ڵکوو له هه‌موو وه‌رزه‌کاندا. هه‌ر بۆیه پێدانی خواردن له هه‌موو وه‌رزه‌کاندا، هه‌نگاوێکی ئاشتبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ باڵنده‌دا.
جێگای خۆشحاڵییه، که خه‌ڵکانێک به ته‌نگ ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌یه‌وه ده‌چن و رۆژانه سه‌رقاڵی چێ‌کردنی شوێنن بۆ ژیانی سه‌گه‌کان. لێ جێگای ناخۆشحاڵییشه، که سه‌گه‌کان کاستریره ده‌کرێن (له زاووزێ ده‌خرێن). بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که هه‌رچی سه‌گه‌کانه کۆده‌کرێنه‌وه له شوێنێکدا و ژیانیان دڵنیا ده‌کرێت. ئه‌م سه‌گانه هه‌موو کاستریره ده‌کرێن، به‌مشێوه‌یه له حه‌وت بۆ هه‌شت ساڵی ئاینده‌دا هه‌موو ده‌مرن، به‌بێئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ک له‌دوای خۆیان به‌جێبهێڵن. سه‌گی گه‌وره هه‌ر حه‌وت بۆ هه‌شت ساڵ ده‌ژیی. به‌ڵام ئه‌م سه‌گانه له ده‌ره‌وه‌ن و کوالیتێتی ژیانیان له ئاستێکی باڵادا نییه، هه‌ربۆیه به دڵنیایی که‌متر ده‌ژین. ئیدی لێره‌وه چه‌ندین جۆر راسه‌ی سه‌گی کوردیی له‌ناوده‌چن و نامێنن.
چۆنێتیی به‌خێوکردنی سه‌گ و په‌روه‌رده‌کردنیان، گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. دیاره ئه‌و سه‌گانه‌ی سه‌ر جاده و ده‌شته‌کان له ناچارییدا فێری خواردنی گۆشتی خاو بوون، ئه‌مه‌ش سروشتیانه، لێ له په‌روه‌رده‌دا گۆشتی خاو نابێت بدرێت به سه‌گ، چونکه فێر ده‌بێت، که فێریش بوو له ئاینده‌دا هه‌رکاتێک برسیی بوو، ئاماده‌ی به‌ده‌ستهێنانی گۆشتی خاوه. بۆ نموونه مریشکێک، قازێک، کۆترێک ...هتد ده‌گرێت و ده‌یخوات. هه‌مانکاتیش مه‌ترسیی ده‌خاته‌وه، که په‌لاماری مرۆڤیش بدات. هه‌ربۆیه گرنگه سه‌گ، خواردنی تایبه‌ت و وشکی خۆی پێبدرێت و هه‌رگیز گۆشتی خاوی نه‌ده‌یتێ. گۆشتێک، که کوڵاوه، که لێنراوه ده‌کرێت بیده‌ینێ بیخوات، لێ گۆشتی خاو نه‌خێر. گۆشتی بر‌ژاو، گۆشتی گریل هه‌مانشێوه ناکرێت بیده‌ین به سه‌گ. ئه‌مه‌یان له‌به‌ر ته‌ندروستییه‌تی، چونکه تووشی ژانه‌سک و سکچوونی ده‌کات. جێگای خۆشحاڵییه و کارێکی گه‌وره‌ی مرۆڤانه‌یه، که سه‌گه‌کان کۆده‌کرێنه‌وه له شوێنێکدا. لێ سه‌گه‌کان پێویستیان به خانوو هه‌یه، نه‌ک کولانه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه. کولانه‌یه‌ک ده‌شێت بۆ وه‌رزی هاوین بشێت، لێ بۆ زستان نه‌خێر. سه‌گه‌کان پێویسته له گۆشتی خاو و نانه‌ورده دووربخرێنه‌وه و فێری خواردنی وشک و کوڵاوبکرێن.
ده‌کرێت له ڕێگای دروستکردنی کارگه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنانی خواردنی سه‌گه‌وه، چ گۆشتی قه‌سابخانه‌کان ساخبکرێته‌وه و بفرۆشرێت وه‌ک له‌وه‌ی فڕێبدرێت، چ هه‌لی کاریش بۆ خه‌ڵکیی دروستبکات. به‌مشێوه‌یه له ئاینده‌دا هاووڵاتییان ده‌توانن، خواردنی وشکی سه‌گ به هه‌رزان بکڕن.
دیارده‌ی دووهه‌م گورگ:
چه‌ند سه‌گ له نیشتیمانی ئێمه‌دا غه‌دری لێده‌کرێت، له ئه‌وروپاشدا ئه‌وه‌نده غه‌در له گورگ ده‌کرێت. شانسی گورگ له ئه‌وروپا ئه‌وه‌یه، که وه‌ک سه‌گه‌کانی ئێمه بێده‌سته‌ڵات نین، که کلک و گوێیان بکرێت و بسووتێنرێن، به‌ڵام به تفه‌نگ له‌لایه‌ن ڕاوچییه‌کانه‌وه ده‌کووژرێن.
له هه‌ندێک وڵات‌دا، حکومه‌ت خۆی بڕیاری کووشتنی گورگ ده‌رده‌کات. چه‌ند ساڵێکه تاکی کورد فێری به‌خێوکردنی گورگ بووه. ئه‌مه جێگای خۆشحاڵییه و مژده‌یه‌کی تری نوێی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کاندا. لێ له‌م به‌خێوکردنه‌دا، به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌زموونه‌وه که‌موکوڕییه‌کی گه‌وره هه‌یه. گورگه‌کان له شوێنێکی دووره‌ده‌ست و ناخاوێندا ده‌به‌سترێنه‌وه. گۆشتی خاویان پێده‌درێت. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ نییه، له‌نێوانی سه‌گ و گورگدا. ئه‌وه‌ی که گورگ و سه‌گ له‌یه‌کتریی جیاده‌کاته‌وه، په‌روه‌رده‌یه. په‌روه‌رده له سه‌گدا مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه، ئه‌مه‌ش له گێنه‌دا له سه‌گه‌کاندا نه‌وه بۆ نه‌وه ده‌گوێزرێنه‌وه. لێ کاتێک تۆ گورگێک دێنیته‌وه ماڵه‌وه، هیچ پێشینه‌یه‌کی ماڵییبوونی له گێنه‌دا نییه. لێ له ئاینده‌دا له‌و نه‌وانه‌دا، که له‌م گورگه‌ی ده‌خه‌یته‌وه، ده‌شێت نه‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن پێشینه‌ی په‌روه‌رده بخه‌یته‌وه.
گرنگه کاتێک بێچووه گورگێک دێنیته‌وه ماڵه‌وه، ئه‌وا پێویسته بیست و چوار کاتژمێر له‌گه‌ڵیدا بیت. ئه‌گه‌ر تۆ نا، ئه‌وا که‌سێکی تری خێزانه‌که‌ت. پێویسته بێچووه‌که له ژووره‌وه بێت، له‌گه‌ڵ خۆتاندا، سه‌گێکیش هه‌مانشێوه. ئه‌م بێچوه له دایک و باوک دوورخراوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه پێویسته ئه‌و که‌سه‌ی، که بێچووه‌که وه‌رده‌گرێت، جێگای دایک و باوکی بگرێته‌وه. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا ئه‌م گورگه له تراومایه‌کی گه‌وره‌دا ده‌ژیی و له ئاینده‌دا کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانی ده‌بێت. ئه‌م بێچووه که ده‌یهێنیته‌وه، ده‌شێت له ماڵه‌که‌تدا که‌سێکی تر هه‌ڵبژێرێت به سه‌رۆکی خۆی.
ده‌شێت ژنه‌که‌ت بێت، یان کوڕه‌که‌ت یان کچه‌که‌ت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه په‌یوه‌ندیی به هه‌ستی خاوێنی تاکه‌کانه‌وه هه‌یه، که گورگه‌که هه‌ستیپێده‌کات. هه‌ربۆیه له ئاینده‌دا نابێت له گورگه‌که تووڕه‌بیت، که تۆی هه‌ڵنه‌بژاردووه. لێ چه‌ند تۆ نزیکبیت له گورگه‌که‌وه و له خه‌میدا بیت، ئه‌وه‌نده‌ش شانسی ئه‌وه‌ت هه‌یه، که تۆ هه‌ڵبژێرێت. گورگ و سه‌گ له ماڵه‌وه‌دا، ده‌بێت وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت و قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت.
هه‌رگیز له سه‌گ و گورگ نابێت بدرێت. هه‌رگیز به هه‌ستێکی ڕه‌قه‌وه نابێت قسه له‌گه‌ڵ سه‌گ و گورگدا بکرێت. سه‌گ و گورگ فێری زیاد له چوار سه‌د بۆ پێنج سه‌د وشه ده‌بن. هه‌ربۆیه گرنگه ئه‌م پێنج سه‌د وشه‌یه له وشه‌ی گرنگدا به‌کاربهێنیت. بێچووه سه‌گ و گورگ، ده‌بێت فێربکرێن میز و گوو له ده‌ره‌وه بکه‌ن. کاتێکیش له ده‌ره‌وه له باخه‌که‌دا یان هه‌ر شوێنێکی تر گووده‌که‌ن، ئه‌وا گووه‌که‌یان کۆبکرێته‌وه و لاببرێت. چونکه بێچووه‌کان نه‌شاره‌زان و ده‌می تێده‌که‌ن، ده‌شێت فێربن بیشیخۆن. ئه‌م کاره له مرۆڤیش‌دا هه‌یه، که ساوایان ده‌ست ده‌که‌نه گووی خۆیان و ده‌یبه‌ن بۆ ده‌میان. که‌واته هیچ به‌لاته‌وه سه‌یر نه‌بێت، کاتێک ئه‌م دیارده‌یه ده‌بینیت.
له سه‌ره‌تادا پێویسته هه‌ر دوو کاتژمێرجارێک بیانبه‌یته ده‌ره‌وه، میز و گوویان پێبکه‌یت. له‌دوای نزیکه‌ی سێ مانگ خۆیان فێرده‌بن، که بچنه ده‌ره‌وه میز و گوو بکه‌ن. گرنگه فێریان بکه‌یت، که کاتێک میز و گوویان دێت و ده‌رگا داخراوه، ده‌نگیان لێوه بێت هه‌تا پێت بڵێن، که ده‌یانه‌وێت بچنه ده‌ره‌وه، میز و گوو بکه‌ن. هه‌ربۆیه هه‌ر کاتێک ده‌یانبه‌یته ده‌ره‌وه، له ته‌مه‌نی ساوایه‌تییدا، ئه‌وا پێیان بڵێ، ده‌چینه ده‌ره‌وه بۆ میزکردن، بۆ گووکردن. له‌دوای هه‌موو چونه ده‌ره‌وه‌یه‌کیان بۆ میز و گووکردن، خه‌ڵاتێکی بچکۆلانه‌یان به خواردنێکی بچووکی وشک بکه.
له‌دوای یه‌ک ساڵ، ئه‌م گورگه له ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵییدا، گورگێکی په‌روه‌رده کراوی لێده‌رده‌چێت. له‌م ساڵه‌دا، هه‌ر له منداڵییه‌وه، فێری ده‌که‌یت، که په‌لاماری هیچ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌یه‌کی تر نه‌دات. په‌لاماردان ئینستینکته، به‌شێکه له سروشتی سه‌گ و گورک، لێ له ڕێگای په‌روه‌رده‌وه فێرده‌کرێت، که نه‌یکات، ئه‌مه‌ش به قسه‌کردن نه‌ک به لێدان. ئه‌گه‌ر پشیله‌ت هه‌یه له ماڵ، ئه‌وا سه‌گ و گورگ کاتێک ده‌یانهێنیته ماڵه‌وه، په‌سه‌ندی پشیله‌کان ده‌که‌ن، چونکه ئه‌وان پێش ئه‌مان له ماڵ بوون. لێ ئه‌گه‌ر پشیله‌ت نه‌بوو له ماڵ، ئه‌وا نابێت له‌دوای گورگ و سه‌گ پشیله بێنیته ماڵه‌وه، چونکه په‌سه‌ندی ناکه‌ن.
جێگای خۆشحاڵییه، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ک بڕیاری دا، که گورگێکی هه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیار بدات، که بیهێنێته ژووره‌وه، نه‌ک له ده‌ره‌وه دایبنێ. په‌روه‌رده‌کردنی گورگێک یان سه‌گێک، هه‌ر وه‌ک هی منداڵێک وه‌هایه. ده‌بێت فێری بکه‌یت، گاز له پێڵاو، ده‌رگا، کورسیی ....هتد نه‌گرێت. به‌تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی، که ددانی دێت، که ددانی ده‌که‌وێت و ددانی نوێی دێت. گرنگه له سه‌ره‌تاوه لاستیکی ڕه‌قی بۆ دابنێیت، که گازی لێبگرێت، ئه‌م کاره منداڵی ساواش ده‌یکات. گرنگه خاوه‌ن گورگ بڕیار بدات، که له ته‌مه‌نی ساوایه‌تییدا بیست و چوار کاتژمێره له‌وێ بێت بۆی. به‌خێوکردنی گورگێک یان سه‌گێک، وه‌ک به‌خێوکردنی ساوایه‌ک وه‌هایه.
من خۆم سه‌گم هه‌یه و له ته‌مه‌نی ساوایه‌تییدا، جاری وه‌ها هه‌بووه، شه‌وانه شه‌ش جار له خه‌و هه‌ڵستاوم، که بیبه‌مه باخه‌که‌وه بۆ میز و گووکردن. کاتێکیش گورگ یان سه‌گ له ژووره‌وه میز و گوو ده‌کات، ئه‌وا نابێت لێی تووڕه‌بیت، سه‌گ و گورگ هه‌رگیز له جێگای ژیانیان میز و گوو ناکه‌ن، لێ له ته‌مه‌نی ساوایه‌تییدا، ناتوانن خۆیان ڕابگرن، هه‌ربۆیه گرنگه دوای هه‌موو نانخواردنێک بیبه‌ته ده‌ره‌وه بۆ میز و گووکردن. هه‌ر دوو کاتژمێر جارێک بیبه‌ته ده‌ره‌وه بۆ میز و گووکردن. مرۆڤی ساواش میز و گوو له ماڵه‌وه ده‌کات یان ده‌یکات به خۆیدا، لێ کاتێک دادێت، که گه‌وره ده‌بێت و فێرده‌بێت، ئیتر ئه‌م کاره ناکات. سه‌گ و گورگیش هه‌مانشێوه.
ئه‌وانه‌ی گورگیان هه‌یه، ده‌توانن، گورگه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌گی شوانی ئه‌ڵمانیی جووتبکه‌ن. له‌گه‌ڵ شێفه‌رهوند، جووتبوونی گورگ و شێفه‌رهوند، مێتاسیۆنێک ده‌خه‌نه‌وه، نه‌وه‌یه‌ک ده‌خه‌نه‌وه پێیده‌گووترێت گورگه‌سه‌گ (Wolfdog). ئاژه‌ڵێکی نایاب و جوانه. گرنگه دڵنیابین له‌وه‌ی، که سه‌گه‌که له سه‌دا سه‌د شێفه‌رهوندی ئه‌ڵمانییه. چ سه‌گ و چ گورگ پێویستیان به ڕۆیشتنی زۆری رۆژانه هه‌یه، هه‌ربۆیه گرنگه رۆژانه له‌گه‌ڵیان حه‌وت بۆ هه‌شت کیلۆمه‌تر بڕۆین، ئه‌گه‌ر زیاتر نا، ئه‌وا که‌متر نه‌بێت. گه‌وره‌یی سه‌گه‌که بڕیار له‌سه‌ر کیلۆمه‌تره‌کان ده‌دات، لێ گورگێک نۆرماڵ رۆژانه ده‌توانێت حه‌فتا کیلۆمه‌تر بڕوات.
هه‌ربۆیه غه‌درێکی گه‌وره‌یه، که گورگێک ته‌واوی رۆژه‌که به زنجیرێک ببه‌ستینه‌وه. ئه‌گه‌ر په‌رژینی ماڵه‌که‌ت دوو مه‌تر بڵنده، ئه‌وا لێگه‌ڕێ گورگه‌که‌ت ئازاد بێت. گورگ ده‌توانێت باز به‌سه‌ر په‌رژینی بڵنددا بدات، لێ له دوو مه‌تردا راده‌وه‌ستێت. هه‌رچه‌ند خه‌ڵک هه‌ن، که گورگیان هه‌یه و ده‌ڵێن، په‌رژینه‌که‌مان دوو مه‌تر بڵنده و که‌چی گورگه‌که‌مان بازی به‌سه‌ر‌دا داوه. هاوڕێیه‌کم له وڵاتی نه‌مسا، گورگێکی ئه‌مێریکایی و گورگێکی ئه‌وروپیی هه‌یه. ئه‌و له گووند ده‌ژیی و خاوه‌نی زه‌وییه‌کی گه‌وره‌ن. په‌رژینی ماڵه‌که‌یان دوو مه‌تر بڵنده، رۆژانه ده‌یانبه‌ته ئه‌و سروشته جوانه‌ی نه‌مساوه، که وه‌ک کوردستان پڕ شاخه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، چه‌ند له ئاژه‌ڵ و باڵنده و سروشته‌وه نزیک بین، ئه‌وه‌نده‌ش له خۆمانه‌وه نزیکده‌بینه‌وه و ده‌گه‌ین به خودی راسته‌قینه‌ی خۆمان. ئه‌مه‌ش یارمه‌تییمان ده‌دات، که له‌یه‌کتر نزیکبینه‌وه.
04.02.2021