دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان ھانا بۆ پەرلەمان دەبەن

داوا لە پەرلەمان دەكرێت چارەیەك لە دۆخی ناوچە سنوورییەكان بكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ژمارەیەك لەو ھاووڵاتییانەی لە ناوچە سنوورییەكانی باڵەكایەتی، بەھۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە زیانی گیانی و ماددیان بەركەوتووە، چوونە پەرلەمانی كوردستان و یاداشتێكیان پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد و داوا دەكەن ھیچی دیكە نەبنە قوربانی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا.

ئەو كەسانەی سەردانی پەرلەمانیان كرد، ھەر یەكە و چیرۆكێكی ناخۆشی لەگەڵ بۆردومانەكان ھەیە و كەسوكاریان لەدەستداوە. مستەفا وەرتی، وێنەكانی ئەو رۆژەی لەگەڵ خۆی ھێنابووە پەلەمانی كوردستان كە  كوڕەكەی لە ساڵی 2018 لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی خێزانەكەیان لە شەوی نەورۆز لە بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا شەھید بوو. ئەو بە كوردستان24ی گوت: "داوا دەكەین ئەو گرفتە لە ناوچە سنوورییەكان چارەسەر بكرێت و چیتر رۆڵەكانمان نەبنە قوربانی".

گوتیشی: "تائێستا شەھیدەكانمان بە شەھید ھەژمار نەكراون، دەبوایە پەرلەمان ئەوەی بە یاسا چارەسەركردبا، ئێستا بەڵێنیان پێداوین لەمەودوا ئیش لەسەر ئەو پرسە بكەن".

دڵشاد زارگەلی، دانیشتووی گوندی زارگەلی بناری قەندیلە بەھۆی بۆردومانەكانی توركیا 5 كەسی خێزانەكەی شەھید بوونە، ئەو دەڵێ: "دەمانەوێت چیتر بەھۆی شەڕی توركیا و پەكەكە ئێمە قوربانی نەدەین، یان پەكەكە لە ناوچەكە بكشێتەوە یان خەڵكی ئەو گوندانە بگوازرێنەوە شوێنێكی دیكە".

باسی لەوەشكرد، لە ساڵی 2015 گوندەكەیان جھێشتووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

لەبارەی داواكاری دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكانی باڵەكایەتی وەیسی سەعید، پەرلەمانتار بە كوردستان24ی راگەیاند: "داوا دەكەین پەكەكە چالاكییە سەربازییەكانی لەو سنوورە بوەستێنێ، چونكە ئەوان بوونەتە بیانوو بۆ ئەوەی توركیا ناوچەكە بۆردومان بكات".

بە گوتەی دانیشتوانی ناوچەی باڵەكایەتی لە ساڵی 1996 تاكو ئێستا لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا  كە بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكە بۆردومان دەكەن، لەو ماوەیەدا 36 ھاووڵاتی مەدەنی كوژراون و نزیكەی 250 گوندیش چۆڵكراون و زیانی زۆریش بەر رەز و باخی گوندنشینان كەوتووە.