سبه‌ی زاخۆ و هه‌ولێر له‌ خولی نایابی عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختن

گرته‌یه‌ك له‌ یاریزانانی هه‌ولێر و زاخۆ له‌ خولی نایابی عێراق وره‌زی 2020 ـ 2021
گرته‌یه‌ك له‌ یاریزانانی هه‌ولێر و زاخۆ له‌ خولی نایابی عێراق وره‌زی 2020 ـ 2021

لە گەڕی بیست و دووەمی خولی نایابی عێراق، سبه‌ی هه‌ینی هەولێر له‌ كاتژمێر 2:00ـی دوای نیوه‌ڕۆ لە یاریگای دهۆک بەبێ چوار یاریزان میوانداریی قاسم دەکات کە بۆ یانەی هەولێر یەکێک دەبێت لە یارییە چارەنووسازەکان، لە یارییەکی دیکەش زاخۆ لە بەغدا له‌ كاتژمێر 04:00ـی ئێواره‌ دەبێتە میوانی شورتە کە زاخۆ لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەی سەرجەمیانی بەرامبەر شورتە دۆڕاندووە.

هه‌ولێر ـ قاسم

یانەی هەولێر دوو مانگە لە خولی نایابی عێراق عەوداڵی بردنەوەیە، یانەکەی پایتەخت لە دوایین هەشت یاریی نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و تەنیا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە، قەڵای زەرد لە کۆی ٨ یاریی چوار دۆڕان و چوار یەکسانبوونی تۆمارکردووە کە دوایینیان بەرامبەر زاخۆ بوو.

هەولێر کە لە قۆناخی یەکەم بەبێ گۆڵ لەگەڵ قاسم یەکسان بوو، لە یاریگای نێودەوڵەتی دهۆک یاریی مان و نەمان لە گەڕی بیست و دووەمی خولی نایابی عێراق دەکات، چونکە هەولێر پێش ئەم یارییە بە ٢١ خاڵ لە پلەی چواردەمی ریزبەندیی دێت و بە جیاوازیی گۆڵ لەپێشەوەی قاسم دێت کە پلەی شازدەمی گرتووە، بە دۆڕانی لەم یارییە دەکەوێتە خوارەوەی ریزبەندیی و دەکەوێتە ناوچەی دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان کە کارەبا و تەڵەبە و سناعات کارەبا لەدواوەی هەولێر دێن.

لوئەی سەڵاح دوای دەستبەکاربوونی لە سێ یاریی نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک بۆ هەولێر بەدەست بهێنێت، بەرامبەر زەوڕا دۆڕاوە و لەگەڵ ئەمانە بەغدا و زاخۆش یەکسان بووە.

هەولێر بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی عومەر جەنگی و دیدار غازی بێبەش دەبێت و ئەرکان ئەمیریش بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانی ئامادە نابێت، نەوزاد عەبدولحەمیدیش هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنای تێنەپەڕاندووە و ئامادە نابێت.

شافیۆ مۆمۆنی هێرشبەری غانی کە یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ کردووە تاکو ئێستا نەگەیشتووەتە کوردستان و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان٢٤ ناکۆکی لە نێوان بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە غانییەکە و  بەرپرسانی یانەی هەولێر دروستبووە.

شوڕته‌ ـ زاخۆ

لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕی خولی نایابی عێراق، زاخۆ لە یاریی لوتکە لە بەغدا لە یاریگای شەعب دەبێتە میوانی شورتە.

زاخۆ پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی ٣١ خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت و شورتەش ٣٧ خاڵی هەیە و پلەی سێیەمی گرتووە.

زاخۆ نزیکەی سێ مانگە لە خولی نایابی عێراق نەدۆڕاوە، بەڵام پاشای یەکسانبوونەکانە و لەم وەرزە تاکە یانەیە ١٣ یەکسانبوونی تۆمارکردووە.

زاخۆ لە دوایین چوار یاریی چوار خاڵی بە یەکسانبوون بەدەستهێناوە، بەڵام ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر شورتە باش نین، لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا شورتە هەر پێنج یاریی لە زاخۆ بردووەتەوە.

زاخۆ پیش ئەم یارییە تەیسیر عەبدولحوسێنی وەکو یاریدەدەری سامی بەحت دەستنیشانکردووە کە راهێنەرە نوێیەکەی زاخۆ پێش یاریی بەرامبەر هەولێر دەستبەکاربوو.

خشته‌ی یارییه‌كانی زاخۆ و هه‌ولێر له‌ گه‌ڕی 22ـه‌می خولی نایابی عێراق وه‌رزی 2020 ـ 2021
خشته‌ی یارییه‌كانی زاخۆ و هه‌ولێر له‌ گه‌ڕی 22ـه‌می خولی نایابی عێراق وه‌رزی 2020 ـ 2021