نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی نۆ مانگی رابردووی دادەبەزێت

لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا نرخی زێڕی دابەزاند
زێڕنگر - ھەولێر
زێڕنگر - ھەولێر

K24 - ھەولێر

نرخی زێڕ لە میانی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بۆ کەمترین ئاستی نۆ مانگی رابردووی دابەزی، نزیکدەبێتەوە لەوەی سێیەم داکەوتنی هەفتانە تۆماربکات.

هۆکاری ئەو دابەزینەش بۆ لێدوانەكانی جێرۆم پاول سەرۆکی ئەنجومەنی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، کە پێنوێنی دۆلار و قازانجی قەواڵەکانی بەرزکردەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی زیاتر لە 0.3% بۆ هەزار 687 دۆلار و 35 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک داکەوت، کە کەمترین ئاستییەتی لە دوای هەشتی حوزەیرانی ساڵی رابردوو.

نرخی ئەو کانزا زەردە لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی نیسان بە رێژەی زیاتر لە 0.6% بۆ هەزار و 683 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک داکەوت.

جێفری هالی، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕ لە ئاواندا رایگەیاند، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوەن قازانجی قەواڵەکان بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

پێشبینی دەکەن، گوشارەکان بۆ سەر زێڕ بەردەوام بن، بە شێوەیەک ئەو کانزا زەردە 100 دۆلاری دیکە دابەزێت بۆ ئاستی هەزار و 600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.