كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماكرۆن دەستپێدەكات

فەوزی ھەریری: فەرەنسا لە پشتیوانیكردنی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان - ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا - ئەرشیف
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان - ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا - ئەرشیف

K24 – پاریس

بڕیارە پاش كەمێكی دیكە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ دەستپێبكات و چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن.

فەوزی ھەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كە یاوەری سەرۆكی ھەرێمە لە فەرەنسا بە كوردستان24ی راگەیاند: "وڵاتی فەرەنسا نیو سەدەیە رۆڵی گرنگی بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان ھەیە و داخوازییەكانی گەلی كورد، ھەوەھا رۆڵی ھەیە لە سەقامگیری كوردستان و ناوچەكە، بۆیە دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێم و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا گرنگی خۆی ھەیە، نزیكەی ساڵێك پێش ئێستاش ھەردووكیان لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوونەوە و چەند پرسێكیان تاوتوێكرد".

گوتیشی: "فەرەنسا بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵ سەركردەكانی كورد ھەبووە، لە ساڵی 1991 یەكێك بوو پشتگیری لە گەلی كورد كرد و لەگەڵ ئەمەریكا و بەریتانیا كوردستانیان پاراست، لە ساڵی 2010 سەرۆك بارزانی سەردانی فەرەنسای كرد و لە كۆشكی ئیلیزێ لەگەڵ سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنسا كۆبووەوە، دواتر لە كاتی شەڕی داعش فرانسۆ ئۆلاند سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنسا چەند سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە پەیوەندیی ھەرێمی كوردستان و فەرەنسا گرنگ و بەھێزە و فەرەنسا بەردەوامە لە پشتگیری كردنی كورد".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە كۆبوونەوەكە باس لە جوڵەكانی داعش لە ناوچەكە دەكرێت، كە ئێستا جوڵەی پێشمەرگە زیادیكردووە و مەترسی گەورەی ھەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە".

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم ئاشكراشی كرد: "ھەرێمی كوردستان بەشداری لە گەڕی داھاتووی گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا – عێراق دەكات، كە بڕیارە 7/4/2021 بەڕێوەبچێت".