رۆڵی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رز ده‌نرخێنرێت

"ئیراده‌ی به‌هێزی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانی ئه‌و پشكه‌ له‌ بودجه‌دا جێگیربكات"
په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌هێز ده‌كات
په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌هێز ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

له‌ كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌ تا په‌سندكردنی بودجه‌ی فیدراڵی، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن كه‌وتبوونه‌ وێزه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵیان ده‌دا به‌غدا وه‌ك ناوه‌ندێك، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام به‌ هۆی سووربوونی "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و چه‌سپاندنی مافی هاووڵاتییانی هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ی فیدراڵیدا،  پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2021)په‌سندكرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی رێككه‌وتبوو.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانیش رایگه‌یاند، ئەم رێککەوتنە به‌رهه‌مى ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، پێویست ناکات هه‌ندێك لایەن موزایدە بکەن.

کاتێك شاندى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان بە دانووستان کرد لەگەڵ بەغدا، لە پشتیان ئیرادەیەکی بەهێز هه‌بوو، كه تەواوی دەسەڵاتیان بۆ رێککەوتن پێدرابوو، ئەویش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، پشتیوانییەكانى وايكرد شكست به‌و پیلانه بێنێت، كه لە ژێر ناوی بەهەرێمكردنی سلێمانی، هه‌رێمى كوردستان رادەستی عێراق بكرێتەوە و رێگە لە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بگیرێت و قەوارەی هەرێمی كوردستانیش هەڵبوەشێندرێتەوە، هه‌ر بەهێزی ئیرادەی "مەسرور بارزانی" بوو وايكرد ئەم پیلانە تێکبشکێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور مافەکانی بەدەست بهێنێت، پەرلەمانتارێکيش نايشاريته‌وه، كه تاقمێک هەبوون لەسەرەتادا دەیانگوت شاندەکە لاوازن،  كه‌چى ئێستا خۆیان دەکەن بە خاوەنی دەستکەوتەکان.

سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئیراده‌ی به‌هێزی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانی ئه‌و پشكه‌ له‌ بودجه‌دا جێگیربكات و هه‌موو ئه‌و پیلانه‌ی تاقمی (16ی ئۆكتۆبه‌ر) دایانڕشت بوو، پێچه‌وانه‌كه‌ی بێته‌ دی، ئێستا مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ بودجه‌دا جێگیركراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ گرنگییه‌كی زۆری بۆ هاووڵاتیانی كوردستان ده‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی سه‌ره‌كی و گرنگی هه‌بوو له‌ رێككەوتنی هه‌ولێر و به‌غدا، لە ئەنجامی هەوڵ و پێداگرییەكانی، توانرا سەروەریی هەرێمی كوردستان بەسەر نەوت و سامانە سرووشتییەكەی بە یاسا و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە جەختی لێ بكرێتەوە، چیتر ئەو پاساوە نەما كە بە بیانووی نایاساییبوونەوە ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، بەمەش هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی نەوت ئازادتر دەبێت و كۆت و بەندەكانی بەردەمی كەمتر دەبێت.

بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان گوتی: "فشارێكی زۆریان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد، ئیستیغلالی بارودۆخی ئابووری هه‌رێمیان كرد، ده‌یانویست هه‌رێمی كوردستان لاواز بكه‌ن، به‌ڵام شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم پێداگری له‌وه‌ كرد، نابێت له‌ ده‌ستوور كه‌متر رازی بین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كی به‌هێزی ئێمه‌ ده‌ستووره‌".

سەرۆكی حكومەتى هه‌رێمى كوردستان تەنیا (6) رۆژ لە دەستبەكاربوون و متمانەپێدانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، سەردانی بەغدا كرد و لەوێ نیازپاكی و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانى بۆ رێككەوتنی گشتگیر و هاوسەنگ لەسەر بنەمای دەستوور بە حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانیش راگەیاند، دواتر و له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی جیاوازدا، پێداگری له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ژێر هیچ گوشارێك مه‌ترسی نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر.

د.ی