هه‌نگاوه‌كانی "مه‌سرور بارزانی" رێككه‌وتنی لێكه‌وته‌وه‌

"له‌ ده‌ستپێكی درووستبوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، سه‌رۆكی حكومه‌ت پێداگری له‌ دانووستانی‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كرده‌وه‌"
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتاران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ھەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رێكخستنەوەی خەرجی و داھاتەكان، وایكرد ھەرێمی كوردستان بەھێزتر دەربخات و دۆخێك دروستبكات بۆ ئەوەی بەبێ رێككەوتنیش لەگەڵ حكومەتی عێراق، مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بە گوتەی چاودێرێكی سیاسی بڕیار و سیاسەتەكانی "مەسرور بارزانی" سه‌رۆكی حكومه‌ت، وایكرد ھیچ رێككەوتنێكی پێچەوانەی دەستوور لەگەڵ حكومەتی عێراقدا نەكرێت.

لەناو گەرمەی گفتوگۆكانی ھەولێر و بەغدا و فشارە بەردەوامەكانی عێراق بۆ سەر ھەرێمی كوردستان، "مەسرور بارزانی" سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە بڕیار و سیاسەتەكانی خۆی لە رێی ئەنجامدانی چاكسازی و رێكخستنی خەرجی و داھاتەوە، ھەرێمی كوردستانی گەیاندە ئەو دۆخەی بەبێ رێككەوتنیش لەگەڵ عێراق ئیدارە بدرێت. پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات ھەر ئەو ھەنگاوانەی سەرۆكی حكومەت بوو، سەرئەنجام رێككەوتنی ھەولێر و بەغدای لێكەوتەوە.

شوان كەریم، پەرلەمانتاری كوردستان گوتی: "دوای رووداوه‌كانی (16ی ئۆكتۆبه‌ر)، له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێمیش پیلانێك بۆ له‌باربردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ ده‌ستپێكی درووستبوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "مه‌سرور بارزانی" پێداگری له‌ دانووستانی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كرده‌وه‌، به‌مه‌رجێك، له‌چوارچێوه‌ی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان بێت، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سه‌ر رێككه‌وتووین، (100%) به‌ دڵی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام توانیمان قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنینه‌وه‌ و فرۆشتنی نه‌وتیش به‌ فه‌رمی بكه‌ین، له‌ بازاڕه‌كانی جیهان".

سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە سیاسەتی پشت بەخۆبەستن، ئەو خەیاڵانەی بەتاڵكردەوە، كە ئەگەر ھەولێر و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، ھەرێمی كوردستان ئیدارەی خۆی پێنادرێت و ناتوانێت مافی فەرمانبەرانی خۆی بدات، بۆیە چەند مانگێكە بەبێ ھاتنی یەك دینار لە بەغداوە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەپێی داھاتی بەردەست مووچەی فەرمانبەران دەدات.

سەلام عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی گوتی: "ئه‌وه‌ی هه‌ست پێده‌كرا، گوشارێكی زۆر له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه‌ ده‌كرایه‌ سه‌ر هه‌رێم، ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌ مافه‌كانی كورد بكه‌ن، زیاتر پشتیوانی و دنه‌ی حكومه‌تی عێراقیان ده‌دا، كه‌ رێكنه‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا، یان ئه‌گه‌ر رێكبكه‌وێت، هه‌موو داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی راده‌ستی به‌غدا بكات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و كابینه‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵێكی جددیان دا قه‌ناعه‌ت به‌ به‌غدا بكه‌ن و رێككه‌وتن بكه‌ن".

جیا لەم ھەنگاوانەی كابینەی نۆیەم، ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی (2021) یەكێكی دیكە لەو ھەوڵانە بوو، كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئامانجی رێكخستن و شەفافكردنی خەرجی و داھاتەكان گرتییەبەر، لەمەشدا ھەردوو ئەگەرەكەی لەبەرچاو گرت، ھەم ئەگەری رێككەوتن و ھەم ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا.

د.ی