بەھۆی كۆرۆنا ھۆڵەكانی شانۆ لە رۆژھەڵاتی كوردستان داخراون

كۆرۆنا زیانی زۆری به‌ هونه‌رمه‌ندانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌یاندووه‌

K24 - هه‌ولێر:

تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری زۆری لەسەر كار و ژیانی ھونەرمەندانی رۆژھەڵاتی كوردستان داناوە، ئەوە نزیكەی دوو ساڵە ھۆڵەكانی سینەما و شانۆ داخراون، ھونەرمەندانیش دەلێن لەو دوو ساڵەدا ھیچ داھاتێكیان نەبووە و حكومەتیش ھیچ یارمەتییەكی نەداوین.

بەر لە ھاتنی كۆرۆنا ھۆڵەكانی سینەما و شانۆ لە رۆژھەڵاتی كوردستان جمەیان دەھات، بەڵام دوو ساڵە كەس لەسەر ئەو كورسیانە دانانیشێت، بۆ ئەوەی شانۆ یان فیلمێك ببینێت، ئەوەش وایكردووە كە كۆرۆنا زۆرترین زیان لە ھونەرمەندانی جیھان و لەنێویشیاندا رۆژھەڵاتی كوردستان بدات.

لەھەر (5) پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان (18) ھۆڵی تایبەتی سینەما و 54 ھۆڵی شانۆ و پێشانگای كارە ھونەرییەكانی هەن، بەھۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم چالاكییەكانی ئەو ھۆڵانە وەستاون، تەنانەت كاری بەرھەمھێنانی فیلم لەدەرەوەی ھۆڵەكانیش ھەر راگیراون. ھونەرمەندانیش دەڵێن دوو ساڵی بێ داھاتیان بەڕێكردووە و حكومەتیش ھیچ یارمەتییەكیان نادات.

ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی ھونەری گەورە لەئاستی ناوخۆیی ئێران و نێودەوڵەتیش لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچن، فێستیڤاڵی سینەمای سنە، شانۆی سەرشەقامی مەریوان لەھەرە دیارەكانن، بەڵام كۆرۆنا ئەوانیشی وەستاندووە و وایكردووە لەم وەرزە گەرمەدا ھۆڵ و گۆڕەپانە ھونەرییەكان سارد و سڕبن.

د.ی