وامەزانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمییە هەربە مسۆگەری هەتا هەتایی دەمێنێتەوە

Kurd24

ئەم ناونیشانەی سەرەوە یەک لەو دەیان رستە و سەتان وشانە بوو، کە  پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆنفڕانسی یەک ریزی و پرسی دەستوور لە زانکۆی کوردستان ئاراستەی بەرپرسان و گەلی کوردستانی کرد، کۆی وتارەکەی پلاسخارت پڕاو پڕبوو لە ئامۆژگاری و هۆشداری بۆ هەرێم و هەموو لایەنە سیاسییەکان،  پێی گووتن، گەر یەک ریزو یەکگرتوو نەبن، هیچ زەمانەتێک نییە، ئەم قەواره‌یە تا هەتایی بەردەوام بێت، هیچ جار نەبوو نەتەوەیەکگرتووەکان بەم شێوە بێ پێچ و پەنایە و بەئاشکرا لەبەردەم میدیا و بەکراوەی ئەم جۆرە گوتارە ئاراستەی هەموو هێزو لایەنی سیاسی بکات.

ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقیعی و دوور لە هەست و سۆز بۆ ئەم قسانەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین، دەرەنجامێکمان دەداتێ کە هەرێم لەبەردەم مەترسییەکی گەورە دایە ئەویش نەمانی ئەم واقیعەیە، بۆ بە روونی بە ئێمەی گوت نابێ چیتر دوو زۆنی سەوزو زەرد بمێنن، دەبێ چاکسازی لە ئابووری و ئاسایش بکرێت و هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە . وتارەکە لێوان لێوبوو لە رستەو وشەی پڕمانا، هەروەها بەزمانێک داڕێژرابوو پاڵپشت بە رۆشنبیرییەکی قوڵ. بە سەرکردایەتی سیاسی کوردی گوت: چیتر کاتی زۆر لەبەردەست نییە بۆ ئەنجامنەدانی ئەم پڕۆسەیە، پلاسخارت گەلێک هۆشداری بە ئێمەدان پێی گووتین: ئەم قەوارەیە بەکەم مەزانن قوربانی و کاتێکی زۆری ویستووە تا دروست بووە، بۆیە حەقە بیپارێزن، یەکڕیزی کاری بەردەوامی دەوێت و ئەرکی سەرکردایەتییە کار بۆ ئەم یەک رێزیە بکات، هەروەها گوتی: جێگەی سەرسووڕمان نییە، کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت، یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک. بۆیە داوای لە بەرپرسان کرد، چیتر قسەی باق و بریق و بێ کردار بۆ خەڵک نەکەن، چونکە دەبێتە هۆی بێ هیوابوونی خەڵک، هەروەها دەڵێت: بەحوکمی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتێکی هەرێم لێتان دەخوازێت دووجار بیربکەنەوە. پلاسخارت لە وتارەکەی باسی لە تیۆری یەکێتی دژەکان کرد، کە بەهیچ شێوەیەک جیاوازی بیرو ڕاو نابێتە هۆی بێهێزیتان، بەڵکو سەرچاوەی هێزە بۆتان.

ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی و لایەنەسیاسییەکان تا چەند تێڕامان و بیرکردنەوەی قوڵیان بۆ وتارەکەی پلاسخارت هەبووە، چونکە هەموو قسەکانی ئاراستەی سەرکردایەتی و لایەنە سیاسییەکان کرد، تا چەند ئەم قسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگ و جددی دەزانن، یان هەر وەک هەموو جار لەو گوێ بۆ ئەو گوێ تێدەپه‌ڕێت و هیچ ناکرێت، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو پەڕی بەدەنگەوە هاتن و خەمخۆری خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی، کە ئێمە بەرژەوەندی خۆمان نەزانین ئەوان لەمەزیاتر چ بکەن؟