کەشناسی: پلەی گەرما بۆ سەرووی 40 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە

کەشناسی راپۆرتێکی لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە
کەشناسی
کەشناسی

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی لەبارەی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند پلەی گەرمی بۆ سەرووی 40 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.

لە راپۆرتی بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی لەبارەی گۆڕانکارى لە پلەکانى گەرما هاتووە: "سبەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 1 تا 3 پلە روو لە نزم بوونەوە دەکات، تا رۆژى هەینى بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو لە سەنتەرى پارێزگاکان بە گشتى لە ژێر 40 پلەى سیلیزى دەبێت، جگە لە سەنتەرى پارێزگاى کرکووک. رۆژى هەینى پلەکانى گەرما دەست دەکات بە بەرزبوونەوە، رۆژى شەممەى سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما زیاتر دەبێت لە زۆربەى ناوچەکان دەگاتە سەرووى 40 پلەى سیلیزى. لە ئێستادا بەهۆى چالاک بوونى نزمە پاڵە پەستۆى وەرزى گەرمى ساڵانە لەگەڵ وەرگەڕانى هاوینە پێشبینى دەکەین، لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بە گشتى بەرزترین پلەکانى گەرما بەردەوام لە سەرووى 40 پلەى سیلیزى بێت ".

ئاماژە بەوەشکراوە: "لەو کاتانەى شەپۆلەکانى گەرما روو لە ناوچەکەمان دەکەن، بەرزترین پلەکانى گەرما تا سەرووى 45 پلەى سیلیزى بەرزدەبێتەوە سەبارەت بە سەنتەرى پارێزگاکان، لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە سەرووى 36 پلەى سیلیزى".