ئه‌مه‌ریكا و رووسیا زانیاری دژیه‌ك له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننا بڵاوده‌كه‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
جێك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا گوتی: له دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، هێشتا ناكۆكی له نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان ماون.
سۆلیڤان گوتی: ئێستا دانوستانه‌كان له ڤیه‌ننا له‌باره‌ی پرسی ئه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه ئه‌و سزایانه كامانه‌ن كه له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران لاده‌برێن!
ئه‌م گوتانه‌ی راویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ وێستگه‌ی "ئێی بی سی نیوز" هاتوون و گوتی: "هێشتا مه‌ودایه‌كی زۆر ماوه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك پرسی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌ش سزاكان و پابه‌ندییه ئه‌تۆمییه‌كان، كه پێویسته ئێران به‌ڵێن له‌باره‌یانه‌وه بدات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پرسیاركردن له باره‌ی هه‌ر سزایه‌ك كه بڕیار بێت له‌سه‌ر ئێران لاببرێت، تا ئێستاش له تاو و توێكردندایه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه میخائیل ئۆلیانۆڤ، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ڤیه‌ننا گوتی: لیژنه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی دڵنیای كردووینه‌ته‌وه، كه پێشكه‌وتنی گه‌وره له دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننادا كراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ناو لیژنه‌كه رێككه‌وتوون، كه پشوویه‌ك وه‌رگرن، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی به‌شدار له دانوستانه‌كان پرسی ئه‌تۆمی ئێران له پایته‌ختی وڵاته‌كانیان تاوتوێ بكه‌ن.
ئه‌م گوتانه‌ی ئۆلیانۆڤ له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆری تویته‌ر هاتوون و گوتی: "لیژنه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران كۆبووه‌وه و تێبینی پێشكه‌وتنی گه‌وه‌ری له دانوستانه‌كانی ڤه‌یننادا كردووه، به‌تایبه‌ت له گه‌ڕی شه‌شه‌می دانوستانه‌كان و بڕیار دراوه، بۆ ماوه‌یه‌ك پشوو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداربووانی دانوستانه‌كان له پایته‌ختی وڵاته‌كانیان تاوتوێی ئه‌و پرسه بكه‌ن و ئاماده‌كاری بۆ دوا گه‌ڕی دانوستانه‌كان بكه‌ن".
له مانگی نیسان/ ئه‌پریلی ئه‌مساڵه‌وه دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران ده‌ستیان پێكردووه و له رۆژی 12ی ئه‌م مانگه گه‌ڕی شه‌شه‌می ئه‌و دانوستانانه به‌ڕێوه‌چوون.
H.B