عێراق بۆ پڕۆژە بودجەی 2022 ئاماده‌كاری ده‌كات

"تا ئێستا چارەنووسی پشکی ھەرێم لە یاسایی بودجەی 2021 روون نییە، پێده‌چێت هه‌مان سیناریۆ بۆ بودجەی 2022یش دووبارە بکرێتەوە"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هه‌ولێر:

عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی 2022، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی راسپاردووە بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پرۆژەکە، ئەم لیژنەیە ھیچ ئەندامێکی کوردی تێدا نییە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ھەمان سیناریۆی رێکكەوتنی بودجەی 2021 و ساڵانی رابردوو بە ھاتنی شاندی ھەرێمی كوردستان و گفتوگۆ و دانوستان، دەبێت بۆ بودجەی 2022یش دووبارە بکرێتەوە، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایە ھێشتا چارەنووسی پشکی ھەرێم لە بودجەی 2021 روون نییە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2022، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ھێشتا 40%ی یاسایی بودجەی 2021 جێبەجێنەکراوە، لیژنەکەی کازمی ھیچ ئەندامێکی کوردی تێدا نییە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە كرد، راستە تا ئێستا چارەنووسی پشکی ھەرێم لە یاسایی بودجەی 2021 روون نییە، بەڵام ھەمان سیناریۆی رێکكەوتنی 2021 و ساڵانی رابردوو بە ھاتنی شاندی ھەرێم و گفتوگۆ و دانوستان دەبێت بۆ بودجەی 2022یش دووبارە بکرێتەوە.

یەکێك لە نەھامەتییەکانی یاسایی بوودجەی 2021 بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بوو، کە راستەوخۆ بارگرانی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك دروستکردووە و رێژەی ھەژاری لە عێراق بەرزکردووەتەوە، ئێستاش سەرباری ھەڵکشانی نرخی نەوت، لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2022 چاوەڕێ دەکرێت دۆلار بەھەمان نرخی بەرز جێگیربکرێت، کە 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 ھەزار دیناره‌، ھاوکات قەرز و کورتھێنان و خەرجی زۆریش رەتدەکرێتەوە لە پەرلەمانی عێراق.

مازن فەیلی، پەرلەمانتاری کوتلەی نەھج وەتەنی گوتی: "ئێستا نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە، ئێمە دەمانەوێت ئیتر قەرزکردن بۆ بودجەی ساڵانە نەمێنێت، چونکە ناکرێت ھەموو ساڵێک بەردەوام قەرز بکەین و کورتھێنانمان ھەبێت و خەرجییەکانیش زۆر بن، بۆیە ئەمە ئابووری وڵات نابووژێنێتەوە و ھەر وا دادەڕمێت، ھیوادارین رەشنووسی بودجەی 2022 بە باشی دابڕێژرێتەوە و وەک 2021 نەبێت، کە پڕبوون لە ھەڵە، لیژنەی دارایی بە تەواوەتی ھەمواریان کردوەوە و ئینجا ھێنایانەوە بۆ پەسەندکردنی".

رێچکەی یاسایی بودجەی ساڵانە لە مانگی شەش تا ناوەڕاستی مانگی 10 دەنووسرێتەوە و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ پەسەند بکرێت، بە ھۆی ئاڵۆزی رەوشی سیاسی و ئابووری عێراق ھیچ ساڵێك بەو رێکارە یاساییە بودجەی پەسەند نەکراوە، بەڵام بە ھۆی ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی عێراق، حکومەتەکەی کازمی ھەوڵی جددی دەده‌ن بۆ ئەوەی بتوانن بودجەی 2022 نەبێتە قوربانی کێشمەکێشمی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ململانێی سیاسی.

د.ی