زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوتی عێراق کۆدەکەنەوە

"تەنیا ئەوە ماوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وادەیەك بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت دیاری بکات"
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە 100 واژۆیان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت کۆکردووەتەوە.

عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتی نەوت کردووەتەوە، بەشێک لە بڕگەی یاسای گەڕەکانی پێدانی مۆڵەت دابڕێژێتەوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئەوە ئەندامە دەڵێت، کۆبوونەوەیەك بۆ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت ئەنجامدەدن. روونیشی دەکاتەوە، لێپرسینەوەکە پەیوەستە بە دۆسیەکانی وەزارەتی نەوت و لە دیارترینیان گەڕی پێدانی مۆڵەت و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بەتایبەت ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیای پێترۆ و گواستنەوە و تەنسیبی بەشێک لە بەڕێوەبەران لەکاتی راییکردنی حکومەتی کاربەڕێکەردا.

ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی لێپرسینەوەکە بە شێوەیەکی یاسایی تەواوکراوە و تەنیا ئەوە ماوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وادەیەک بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت دیاری بکات. دەشڵێت، ئەگەر وەڵامەکانی وەزیری نەوت باوەڕپێکراو نەبوون، ئەوکاتە کار بۆ لەکاردوورخستنەوە و وەرگرتنەوەی متمانە دەکەن.