عێراق چاوه‌ڕێی كاره‌ساتێكی ته‌ندروستی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
پسپۆران و شاره‌زایانی بواری ته‌ندروستی له عێراق هۆشداری ده‌ده‌ن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، له به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به كۆرۆنا و بێتوانایی سیسته‌می ته‌ندروستی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه، كه تا ئێستا زیاتر له 17 هه‌زار كه‌سی له‌و وڵاته كوشتووه، عێراق چاوه‌ڕێی كاره‌ساتێكی ته‌ندروستی گه‌وره ده‌كات.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی ئه‌لحوڕه له راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه سیسته‌می ته‌ندروستی عێراق توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنای نه‌ماوه، كه به‌رده‌وام ئاماری رۆژانه له هه‌ڵكشانێكی پێوانه‌یی دایه و به‌م دواییانه ئاماری تووشبوونی رۆژانه سنووری 9 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، له‌كاتێكدا تێكڕای رۆژانه‌ی مردن له نێوان 30 بۆ چل حاڵه‌ت دایه.
سه‌تار سامر، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی ته‌ندروستی له عێراق گوتی: سیسته‌می ته‌ندروستی له وڵات له لێواری هه‌ره‌سهێنانی یه‌كجارییه، دوای ئه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوونی رۆژانه گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی هه‌ستیار.
سامر گوتی: "نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق پڕبوونه له تووشبووانی كۆرۆنا و له‌مه زیاتر توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشیان نییه".
هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش رایگه‌یاند، "وڵات رووبه‌ڕووی هه‌ڵكشانێكی خێرای تووشبوون به كۆرۆنا بووه و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی حاڵه‌ته‌كانیان توندن زۆر له جاران زیاترن".
جه‌نگێكی شكستخواردوو:
پزیشكانی عێراقی ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، "به‌هۆی نه‌بوونی ژماره‌ی كارمه‌ندی ته‌ندروستی پێویست و كه‌می ده‌رمان و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سووتانی یه‌كه‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردنی تووشبووان، ئه‌وان له جه‌نگی دژ به كۆرۆنا رووبه‌ڕووی شكست ده‌بنه‌وه".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا به‌رپرسانی ته‌ندروستی له عێراق ئاشكرایان نه‌كردووه، ئاخۆ هۆكاری ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه له ئاماری تووشبووانی رۆژانه زنجیره‌ی ده‌لتایه یان هه‌ر نه‌وه كۆنه‌كه‌ی كۆرۆنایه، به‌ڵام وه‌ك سامر ئاماژه‌ی پێدا، زنجیره نوییه‌كه زۆر به‌خێرایی ته‌شه‌نه ده‌كات و كوشنده‌تره له كۆنه‌كه، هه‌ر به‌ڕاستی له عێراق بڵاوبووه‌ته‌وه و به‌گوته‌ی ئه‌و، هۆكاری ئه‌و زیادبوونه به‌هۆی زنجیره نوییه‌كه‌یه.
له راپۆرتێكیشدا كه رۆژی هه‌ینی بڵاوبووه‌وه، ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتید پرێس رایگه‌یاند، نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق پڕبوونه له تووشبووانی كۆرۆنا و ئه‌مجاره زۆربه‌یان گه‌نجن، پزیشكانیش له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی كۆمه‌ك و به‌خشینی ده‌رمان و ئۆكسجین كردووه.
ئه‌و ئاژانسه له‌سه‌ر زاری سه‌رمه‌د ئه‌حمه‌د، پزیشك له نه‌خۆشخانه‌ی كندی له به‌غدا گواستییه‌وه، "دۆخه‌كه شێواوه و هه‌موو باڵه‌كانی نه‌خۆشخانه پڕ بوونه له كه‌سانی تووشبوو".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك ئاگر له به‌شی تایبه‌ت به چاودێری تووشبووانی كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌ی "حوسێن"ی تایبه‌ت به كۆرۆنا له شاری ناسرییه‌ی باشووری عێراق كه‌وته‌وه و به‌ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.
رۆژی هه‌ینیش ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی رایانگه‌یاند، ئاگر له نه‌خۆشخانه‌ی حبوبی له ناسرییه كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانیی به‌دواوه بێت.
ئه‌مه‌ش دوای كه‌متر له سێ مانگ به‌سه‌ر رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن خه‌تیبی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی كۆرۆنا دێت، كه به‌هۆیه‌وه 82 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 110ی دیكه‌ش برینداربوون، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو رووداوانه‌ش، هاووڵاتیان متمانه‌یان به چاودێری ته‌ندروستی له نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق نه‌ماوه.
هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه نییه:
ئه‌سۆشێیتد پرێس نووسیویه‌تی: پزیشكان ترسیان له كاركردن له‌و شوێنانه‌ی چاودێریكردنی تووشبووانی كۆرۆنا هه‌یه، كه هیچ بنه‌مایه‌كی سه‌لامه‌تییان تێدا نییه.
له‌و باره‌شه‌وه هه‌دیل شبل، پزیشكی تایبه‌ت به چاودێریكردنی تووشبووانی كۆرۆنا له سه‌نته‌رێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی له ناسرییه سووتا، گوتی: "ته‌واوی نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق مه‌ترسی سووتانیان له‌سه‌ره، به‌ڵام ئێمه هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان نییه، ئێمه ناتوانین ده‌ستبه‌رداری وه‌زیفه‌كه‌مان بین، هه‌وره‌ها نه‌خۆشه‌كانیش هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌یان نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه وێڕای ئه‌و هه‌موو مه‌ترسیانه، چاره‌سه‌ری له نه‌خۆشخانه‌كان وه‌ربگرن".
سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق دووپاتی كرده‌وه، رێكاری نوێیان بۆ رێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه گرتووه‌ته‌به‌ر و گوتی: به‌ر له چه‌ند مانگێك بڕیارێك بۆ داخستنی هه‌موو ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌ركراوه، كه هیچ بنه‌مایه‌كی سه‌لامه‌تییان تێدا نییه.
به‌در ره‌خنه‌ی توندی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندروستی له پارێزگاكانی عێراقیش گرت و گوتی: ئه‌و رووداوانه په‌یوه‌ندییان به كه‌مته‌رخه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه نه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وه‌ك سه‌تار سامر، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی ته‌ندروستی له عێراق گوتی: پشێوییه‌كی زۆر له نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق هه‌یه و له نه‌خۆشخانه‌كان هاووڵاتی خاوه‌ن قسه‌ی به‌رزه به‌سه‌ر پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و به‌هۆی كاردانه‌وه‌ی عه‌شائیری و هۆزایه‌تی خه‌ڵك، پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ترسێكیان له هاووڵاتییان هه‌یه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، "تا هاووڵاتییان به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بن و پابه‌ند نه‌بن به رێنماییه‌كان، ئاگركه‌وتنه‌وه له نه‌خۆشخانه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه زۆرێك له نه‌خۆشه‌كان ته‌باخ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێننه نه‌خۆشخانه و له نزیك بوتڵه‌كانی ئۆكسجین خواردن لێده‌نێن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كه زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات".
سامر گوتی: هاووڵاتییان رێگه به پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ناده‌ن كاری خۆیان راپه‌ڕێنن، خۆیان بوتڵه‌كانی ئۆكسجین هه‌ڵده‌گرن و ده‌یانگوازنه‌وه، یاوه‌ری هه‌ر نه‌خۆشێكیش ده‌ست به‌سه‌ر 2 تا 4 بوتڵی ئۆكسجیندا ده‌گرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ململانێیه‌كی زۆر ده‌كات.
چاره‌سه‌ری ته‌نیا به وه‌رگرتنی ڤاكسینه:
له‌كاتێكدا خه‌ڵكی عێراق گوێ به رێكاره‌كانی خۆپارێزی و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان ناده‌ن و پابه‌ند نین به به‌كارهێنانی ده‌مامك، پزیشكان چاوه‌ڕێی كاره‌ساتێكی گه‌وره ده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتداران هه‌وڵ ده‌ده‌ن متمانه به خه‌ڵك بكه‌ن، كه ڤاكسین چه‌نده گرنگه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان له‌و پێناوه‌دا بێسوودن، ئاماره‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، كه تا ئێستا رێژه‌یه‌كی یه‌كجار كه‌می هاووڵاتیانی عێراق ڤاكسینی دژی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.
سامر جه‌ختی كرده‌وه، له‌و دۆخه‌دا و به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی هاووڵاتییان، مه‌حاڵه بتوانن رووبه‌ڕووی ڤایرۆسه‌كه ببنه‌وه.
دووپاتیشی كرده‌وه، تاكه چاره‌سه‌ر بۆ به‌لاوه‌نانی كاره‌ساته‌كه، یه‌كه‌مجار وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنایه و دواتریش پابه‌ندبوونه به رێكاره‌كانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌كارهێنانی ده‌مامك.