نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی کێبڕکێ لەسەر بازاڕی کاری عێراق دەکەن

"نابێ حکومەت رێگە بدات هەموو کرێکارە بیانییە بێنە عێراق"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

فازڵ فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقن و کێبرکێ لەسەر بازاری کاری عێراق دەکەن.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەکەیان ئامادەکاری دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆژە یاسای دەستەبەر و خانەنشینی کۆمەڵایەتی، کە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتە یاساییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاتنی کرێکارانی بیانی و کێبرکێکردنیان لەگەڵ عێراقییەکان، بۆ دەستکەوتنی هەلی کار.

دەشڵێت، زۆربەی کرێکارانی بیانی بە رێگەی نا یاسایی و لەرێگەی کۆمپانیاکان هاتوونەتە عێراقەوە، ئامانج لەو یاسایەش بەخشینی مافی لەپێشینەیە بۆ خەڵکی عێراق لە دەستکەوتنی هەلی کارە بۆ عێراقییەکان، دەبێت حکومەتیش دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکات و رێگە نەدات ئەو هەموو کرێکارە بیانییە بێنە عێراق کە دەرفەتی کاریان بۆ عێراقییەکان کەمکردووەتەوە.