بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر هەلی کار بۆ گەنجان دەدۆزێتەوە

"ئەمڕۆ ناونووسین بۆ خولی کارمەندان لە بنکەکانی گەشتوگوزار دەستپێدەکات"
دیمەنێکی پارکی شار - هەولێر
دیمەنێکی پارکی شار - هەولێر

K24  - هه‌ولێر:

بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، خولێک بۆ گەنجان دەکاتەوە،و دوای تەواو کردنی خولەکەش هەلی کاریان بۆ دەدۆزێتەوە.

گوته‌بێژی بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژباش"ی کوردستان24 رایگەیاند : "ئەمڕۆ دەست بە ناونووسین دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی ئارەزومەندن بەشداربن لەم خولەی ئامادەکردنی کارمەند بکەن کە پێشتر راگەیەنراوە، تاکە مەرجیش تەنها ئەوەیە تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵ بێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت".

نەریمان فازڵ، گوته‌بێژی بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر، راشیگەیاند: "دەبێت ٪30 لە کارمەندانی هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان کارمەندی خۆماڵی بن، سەرجەم دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەتوانن ناویان بنووسن و بەشداری بکەن، مەرج نییە تەنها دەرچووی بەشی گەشتوگوزار بێت، هەروەها لەلایەن چەند راهێنەرێکی پسپۆڕەوە وانەی خولی گەشتیاری چەند رۆژە بۆ کارمەندانی پێشوازی میوان دەکرێتەوە، بۆ فێرکردنی "ئەتەکێت"ی پێشوازی لەمیوان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کارمەند لە سەرجەم بەشەکانی دیکە".

روونیشیکردەوە: "هاووڵاتییان لە هەر دوو رەگەز دەتوانن بەشداری ئەو خولە بکەن و ناونووسین تا رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

نەریمان فازڵ ئەوەشی راگەیاند: "رێژەی کارمەندانی ناوخۆ کە 30٪یـە وەک پێویست نییە و لە هەوڵی ئەوە داین رێژەکە زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێت، هەروەها گرنگە کارمەندی گەشتوگوزار بەلایەنی کەمی زمانی دووەم بزانێت، بۆ ئەوەی هەلی وەرگێڕانی زیاتر بێت، چونکە بێگومان کارمەندی گەشتوگوزار بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ گەشتیار هەیە، پێشبینی دەکرێت زیاتر گەشتیارانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە ئەو کەسەی داوای دامەزراندن دەکات زمانی عەرەبی بەباشی بزانێت".

لەبارەی ناو و ناونیشانی چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکانیش، نەریمان فازڵ ، گوتی: "سەرجەم چێشتخانە و شوێنەکانی ترمان ئاگادار کردووەتەوە، کە بەهەر چەند زمان دەنووسێت ئاساییە، بەڵام پێویستە زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێت و تێیدابێت، و چێشتخانەکان پێویستە نموونەیەکی لیستی خواردنەکان و ناوی چێشتخانەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بنێردرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی کە زمانی کوردی تێدایە ئەوکات مۆڵەتەکەی پێدەدرێت، چونکە پێشتریش و لە ئێستا و داهاتووشدا خاوەن چێشتخانەکان ئاگادار کراونەتەوە ئەگەر زمانی کوردی لە لیستەکان نەبێت ئەوا سزا دەدرێن".

ئاماژەی بەوەشدا: "مافی سەرجەم کارمەندەکان پارێزراوە و ئەو کارمەندانەی کە لە شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکەن، ناسنامەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیان پێدەدرێت و لەلایەن تیمەکانی گەشتوگوزار و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە چاودێری دەکرێن، بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو".