ده‌نگ مه‌ده به گه‌نج
که ده‌گوترێت سیاسه‌ت بۆ پیره‌کانه له خۆڕا نییه. بنه‌مای ئه‌م قسه‌یه به گشتیی له جیهاندا ده‌به‌سترێته‌وه به ئه‌زموونه‌وه. لێبه‌لێ هه‌نووکه زانستی مێشک نۆیرۆلۆگییانه ده‌یسه‌لمێنێت، که توانا کۆگنێتیڤییهکانی مرۆڤ له‌نێوانی چل و پێنج ساڵیی هه‌تا شه‌ست و هه‌شت ساڵیی و زیاتریش به‌هێزترن وه‌ک له توانا کۆگنێتیڤییهکانی گه‌نجانی نێوان بیست و بۆ خوارووی چل و پێنج ساڵ.
له‌مڕووه‌وه زانای مێشک نۆربه‌رت هێرشکۆڤیتس (Norbert Herschkowitz)، له کتێبی ئێمه چۆن بیرده‌که‌ینه‌وه و فێرده‌بین ده‌ڵێ، کاری وه‌بیرهاتنه‌وه له ته‌مه‌نی چل و پێنج ساڵییدا ده‌گاته چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. له هه‌مان کتێب‌دا زانایه‌کی تری مێشک مانفرێد شپیتسه‌ر (Manfred Spitzer)، که له هه‌مانکاتدا چ فیلۆسۆفه و چ پسیشیاتهر (دکتۆری ده‌روونیی) ده‌ڵێ، مێشکی مرۆڤ له سروشته‌وه بۆ ئه‌وه نه‌کراوه، که هه‌موو شت به به‌رده‌وامیی له گۆڕاندا بن. با کۆنه‌پارێزیی به ساده‌تریین نموونه بهێنینه‌وه. کۆنه‌پارێزیی له خودی خۆیدا چ هه‌ڵگری دیوێکی نێگه‌تیڤه و چ پۆزه‌تیڤیش. نێگه‌تیڤ له‌و ڕووه‌وه، که هه‌ندێک که‌س له ڕووی کو‌لتووریی و فه‌رهه‌نگییه‌وه ده‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌کانی دوو هه‌زار ساڵ پێش ئێستا بژیین. پۆزه‌تیڤیش له‌و ڕووه‌وه، که هه‌ندێک که‌س له ڕووی گه‌شه و ماف و ئازادییه‌وه ده‌یانه‌وێت به‌های ماف و ئازادیی به‌رده‌وامیی هه‌بێت. تاکێکی وه‌ها کۆنه‌پارێزه به‌رانبه‌ر ئه‌م چه‌مکانه، وێڕای ئه‌وه‌ی، که خودی چه‌مکه‌کان به‌رده‌وام له گۆڕان و گه‌شه‌دان وه‌ک ناوه‌ڕۆکی چه‌مکه‌که خۆی. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که ماف و ئازادیی به‌رده‌وام ده‌بێت باشتر و باشتر گه‌شه بکات. جیهان له ڕێگای ته‌کنه‌لۆژیاوه به به‌رده‌وامیی له گۆڕانکارییدایه، که مێشکی مرۆڤ به ده‌ستیه‌وه تووشی گرفتێکی گه‌وره بووه، چونکه له ڕێگای ته‌کنیکه‌وه بۆ نموونه ماف و ئازادییه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ته‌ماشای جیهانی ئیمڕۆی درۆنه‌کان بکه‌ن و ده‌رئه‌نجامه‌کانی ببینن، لانیکه‌م له باشووری کوردستاندا، که ڕۆژانه له‌ژێر هێرشی تورکیادایه و هه‌نووکه‌ش ڕاکێته‌کانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی تری نوێن بۆسه‌ر ماف و ئازادییه‌کانی کورد له باشووردا.
مانفرێد شپیتسه‌ر قسه له‌سه‌ر ئێکسپهریمێنتێک ده‌کات، قسه له‌سه‌ر تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌کات، که تێیدا گه‌نجانی بیست ساڵه و به ته‌مه‌نانی شه‌ست ساڵه به‌شدار بوون. هه‌ردوو لا پیشهکاربوون، پیشه‌که‌یان دروستکردنی که‌مانه. له تاقیکردنه‌وه‌که‌دا شه‌ست ساڵه‌کان زۆر وردهکارتر و به‌تواناتربوون له دروستکردنی که‌ماندا وه‌ک له بیست ساڵانه‌کان. ئه‌و کهمانانهی، که شه‌ست ساڵانه‌کان دروستیان کردوون، هه‌موو چوونه‌ته ئۆکێسترا گه‌وره‌کانه‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئه‌م تاقیکردنه‌وه نۆیرۆلۆگییه ده‌یسه‌لمێنێت، بریتییه له ئه‌زموون، وه‌ک له سه‌ره‌تادا قسه‌مان له‌سه‌ر کرد. لێ خودی ئه‌زموون پرۆسه‌یه‌کی نۆیرۆلۆگییه، که له ڕێگای سوناپسه‌کانی مێشکه‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان نۆیرۆنه‌کانی مێشک چ به‌هێزتر و چ خێراتر ده‌بێت. ئه‌زموون وه‌ک وه‌رزشی فیتنس وه‌هایه، که موسکله‌کانی جه‌سته‌مان به‌هێز ده‌کات، ئاوهاش ئه‌زموون ده‌بێته هۆی به‌هێزبوون و گه‌شه‌ی سووناپسهکانی مێشک.
یه‌کێک له ئاسترۆناوته به‌ناوبانگه‌کانی جیهان، که ئه‌ڵمانه به ناوی گێرهارد تیله (Gerhard Thiele) ده‌ڵێ، باشتریین ته‌مه‌ن بۆ ته‌مه‌نی ئاسترۆناوت، ته‌مه‌نی چل و پێنج ساڵییه. ئێمانوێل کانت له ته‌مه‌نی په‌نجاوحه‌وت ساڵییدا کتێبی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانی هۆشیاریی ده‌نووسێت. فریدریش نیچه له‌دوای چل و پێنج ساڵییه‌وه زۆرتریین تێکست و باشتریین کتێبه‌کانی نووسیوه له کورتتریین ماوه‌دا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستییه‌وه، که پێویست بووه په‌له بکات، نه‌باده فریا نه‌که‌وێت. مانفرێد شپیتسه‌ر ده‌ڵێ، ژیان له‌نێوانی ته‌مه‌نی چل بۆ شه‌ست ساڵییدا گوڵ ده‌گرێت. شپیتسه‌ر له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ، منداڵێک به خێراییه‌کی خه‌یاڵیی فێرده‌بێت و مرۆڤێکی به ته‌مه‌نیش له‌سه‌رخۆ. منداڵ بێ ئه‌زموونه، هه‌ربۆیه خێرا فێرده‌بێت و فێربوونه‌که‌ی دهڕووخێنێتهوه و شتێکی تر فێرده‌بێت، لێ مێشکی به ته‌مه‌نێک ئه‌م ڕێگایانه‌ی هه‌موو بڕیوه، هه‌ربۆیه له قۆناغێکدا ئه‌و کۆنه‌کان فڕێنادات، به‌ڵکوو ده‌یانهێڵێته‌وه و نهۆمی تریان له‌سه‌ر دروستده‌کات، که شپیتسه‌ر ناوی ده‌نێت مۆدۆلار (Modular).
له کۆتاییدا، هه‌نووکه که کورد له باشووردا سه‌رقاڵه به گه‌ڕێکی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه، دیسانه‌وه ئێمه‌ش سه‌رقاڵ ده‌بین به کۆمه‌ڵێک ڕووداو و باسه‌وه، که هه‌ر له سه‌ره‌تای بینینیانه‌وه ده‌زانین، که له‌نێوانی ئه‌م خه‌ڵکانه‌دا چی ده‌گووزه‌رێت، به‌تایبه‌ت له‌و دیداره سیاسییانه‌دا، که میدیای کوردیی بۆ هه‌ڵبژارده‌کان ته‌رخانیان کردووه. هه‌ردوو گه‌وره زانای ئه‌ڵمان شپیتسه‌ر و هێرشکۆڤیتس له ڕێگای زانستی مێشکه‌وه ده‌یسه‌لمێنن، که بۆچیی به‌رده‌وام نه‌وه‌یه‌کی خێزانی سه‌وزه‌کان له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگ به سه‌وزه‌کان ده‌دات، کریسه دیموکراته‌کان ده‌نگ به کریسته دیموکراته‌کان ده‌ده‌ن، کریسه سۆسیالیسته‌کان ده‌نگ به کریسه سۆسیالیسته‌کان ده‌ده‌ن، توندڕه‌وه‌کان ده‌نگ به توندڕه‌وه‌کان ده‌ده‌ن. هه‌ردوو زانا له ڕێگای ئێکسپهریمێنتهوه ده‌یسه‌لمێنن، که مرۆڤ خێراتره له نرخاندندا وه‌ک له تێگه‌یشتندا.
هه‌ردوو زانا ده‌یسه‌لمێنن، که مرۆڤ له‌کاتی بیرکردنه‌وه و گفتوگۆدا، چوارسه‌د میلی چرکه پێشتر له‌وه‌ی، که له قسه‌ی به‌رانبه‌ر بگات، بۆچوونی به‌رانبه‌ر ده‌نرخێنێت. ئه‌م نرخاندنه له زۆرینه‌ی دیبه‌یته‌کانی میدیادا کاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی لێده‌که‌وێته‌وه و زۆرجار به‌پێی ئه‌و سرووشت و کولتووره‌ی، که مرۆڤ تێیدا ده‌ژیی، قسه‌که‌ران ده‌ستده‌ده‌نه ئێخه‌ی یه‌کتریی و له یه‌کتریی ده‌ده‌ن. هه‌ردوو زانا تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر ڕۆڵی میدیاکاری پرۆفێشناڵ و خاوه‌ن کۆمپێتێنت، که له ڕێگای تێگه‌یشتنێکی زانستیانه‌وه ده‌بنه ڕێگر له که‌وتنه‌وه‌ی شه‌ڕی فیزیکیی نێوان قسه‌که‌ران.
هه‌ردوو زانا ئه‌م نرخاندنه ده‌به‌ستنه‌وه، به گه‌شه‌ی پێشینه‌ی ده‌روونیی منداڵیی، که تاک له ڕێگایه‌وه بووه‌ته خاوه‌نی ناوه‌خنێکی ده‌روونیی، که بۆ ئه‌و خاوه‌ن نرخه، ئیدی به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ناوه‌ڕۆکه‌که ئایینییه یان سیاسیی یان کو‌لتووریی. بۆ ئاییندارێک حه‌یا و حورمه‌ت له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه، بۆ ئاتهیستێک مرۆڤایه‌تیی و ئازادیی و ماف و ژیان.
بۆ پیرێکی کورد ئازادیی و ماف و سه‌ربه‌ستیی و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه، بۆ گه‌نجێکی ئیمڕۆ پاره و ده‌سته‌ڵات، ئیدی له‌نێوانی پاره و ده‌سته‌ڵاتدا ماف و ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی و هه‌بوونی ده‌وڵه‌تیی کوردیی هیچ به‌هایه‌کیان بۆ نامێنێته‌وه، چونکه گه‌نجێکی وه‌ها پێیوایه له ڕێگای حکومه‌تی ئێراقییه‌وه به هه‌موو مافه هاوڵاتییبوونیهکانمان ده‌گه‌ین، چونکه دواجار هه‌موومان ئێراقیین. گه‌نجێکی وه‌ها له په‌رله‌مانی ئێراقدا هیچ سوودێکی بۆ ئازادیی و ماف و سه‌ربه‌ستیی و ده‌وڵه‌تی کوردیی نییه. گه‌نجێکی وه‌ها له ڕێگای لیستێکی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌چێته په‌رله‌مانی کوردستان له خزمه‌تی ئێراقدا ده‌بێت نه‌ک له خزمه‌تی کوردستاندا.
ئێمه له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا و به‌تایبه‌ت له‌دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه، خاوه‌نی سیاسیی پیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانی پیریش بووین له په‌رله‌مانی ئێراق، لێ له زیان زیاتر هیچ قازانجێکیان بۆ کورد نه‌بووه. هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و نرخاندنه‌ی هه‌ردوو زانای ئه‌ڵمان قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن. که ناوهخنهکانی نائاگایی ئه‌و پیرانه خاوه‌نی نرخێک بوون بۆ هه‌ندێک شت و هه‌ندێک شتی تریشیان بێنرخکردووه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه کاریان کردووه و خاوه‌نی تێگه‌یشتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و فه‌رهه‌نگیی نه‌بوون. په‌رله‌مانی کوردستان پڕ بکه‌ن له پیر، لێ ئه‌و پیرانه‌ی، که تێگه‌یشتنیان پێش نرخاندن ده‌که‌وێت، ئه‌وا ئایندهی چوار ساڵیی ئایینده‌تان ئایینده‌یه‌کی تر ده‌بێت. ماوه‌ته‌وه بڵێم، کاتێک پرسیارت لێده‌كرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ده‌نگ به به‌ربژێره‌کان ده‌ده‌یت، ئه‌وا له وه‌ڵامدا پێویسته بیر له ته‌مه‌ن بکه‌ینه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستیی.