عێراق داوای سووتەمەنی ناووکی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناووکی دەکات

ئەو داواکارییە بەشێکە لە سیاسەتی دامەزراندنی وێستگه‌ی ناووكی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1980
دیمه‌نێكی وێستگه‌ی ته‌مموزی ناووكی پێش ئه‌وه‌ی ئیسرائیل بۆردومانی بكات
دیمه‌نێكی وێستگه‌ی ته‌مموزی ناووكی پێش ئه‌وه‌ی ئیسرائیل بۆردومانی بكات

K24 – هه‌ولێر:

چەند سەرچاوەیەک بڵاویان کردووەتەوە، حکومەتی عێراق داوای دابینکردن سووتەمەنی ناووکی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناووکی کردووە.

ئەو داواکارییەش بەشێکە لە سیاسەتی دامەزراندنی وێسگەی ئەتۆمی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە پەیوەستە بە پەیماننامەکانی رابردوو و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1980.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی عێراق داواکاری مەرسوومی سەرۆکایەتی ساڵی 1980ـی هاوپێچی داواکارییەکەی کردووە، جگە لەوەش لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو بابەتە لە ئەرشیفی نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، حکومەتی عێراق پرۆگرامێکی ئەتۆمی داڕشت، لە ناوەڕاستی حەفتاکان کار بۆ فراوانکردنی وێستگەی ئەتۆمی کرد، دواتر توانرا حکومەتی فەرەنسا رازی بکرێت بە فرۆشتنی وێستگەیەکی گازی ساردکەرەوە لە گرافایت، هەروەها وێستگەیەکی دووبارە چارەسەرکردن بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم دابمەزرێنێت. بەڵام نەتوانرا حکومەتی ئیتاڵیا رازی بکەن بۆ فرۆشتنی وێستگەی سیرین.

هاوکات لەو سەردەمەدا حکومەتی عێراق توانی حکومەتی فەرەنسا رازی بکات بە فرۆشتنی ئۆزۆرێس کە وێستگەیەکی تایبەتی توێژینەوەی ئاشتی بوو، لە پرۆسەکەدا وێستگەیەکی بچووکی هاوبەشیش لە جۆری ئێزیس لە فەرەنسا کڕا، بە گوێرەی رێککەوتنەکە، فەرەنسا 72 کیلۆگرام یۆرۆنیۆمی پیتێندراوی بەرێژەی 93٪ بە عێراق فرۆشت هەروەها مەشقی کارمەندانی عێراقیش بەشێک بوو لەو رێککەوتنە، بەمەش کۆی قەبارەی گرێبه‌ستەکە 300 ملیۆن دۆلار بوو.

لە ساڵی 1979 لە ناوەندی تویسە لە نزیک بەغدا دەست بە کارکردن لە وێسگەکە کرا کە توانای 40 مێگاوات بوو و بە ئاوی سووک کاری دەکرد. وێستگەکە ناونرا وێستگەی تەمموز و فەرەنسیاکان ناویان نا ئۆزیراک (Osiraq).

بەڵام ئیسرائیل گومانی لە هەوڵەکانی عێراق هەبوو، کە وزەی ئەتۆمی لە سەربازی بەکاربهێنێت و هەڕەشە بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی، بۆیە لە 7ـی حوزەیرانی 1981 لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا بە ناوی (ئۆپەراسیۆنی ئۆپێرا) هێرشی ئاسمانی کردە سەر وێستگە ئەتۆمییەکە و خاپووری کرد، لە هێرشەکەدا 10سەربازی عێراقی و کەسێکی مەدەنی فەرەنسی کوژران.

جێگەی ئاماژەیە ئەو فڕۆکە ئێف 16ـانەی لە بۆردوومان کردنی وێستگەکە بەشداربوون، بڕیاربوو لە ساڵی 1979 ئەمریکا بە ئێرانیان بفرۆشێت، بەڵام دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 گرێبەستەکە هەڵوەشێندرایەوە و فڕۆکەکان بە ئیسرائیل فرۆشران.