"ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری سیاسی لە عێراق دروستدەکات"

چاودێرێكی سیاسی: پێویسته‌ کورد بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق ئامادەبێت
هه‌ڵبژاردنی عێراق.. ئه‌رشیڤ
هه‌ڵبژاردنی عێراق.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق بەشێکی زۆریان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دۆخی سیاسی عێراق دوای ھەڵبژاردنەکان جیاواز دەبێت و رەنگە چەند گۆڕانکارییەک ڕووبدات، کوردیش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی عێراقدا دەبێت و بە پێویست دەزانرێت بۆ ئامادەسازی ھەر ئەگەرێك کورد یەکڕیز و یەک گوتار بێت.

عێراق بەرەو ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە ھەنگاو دەنێت، ھەڵبژاردنێک کە رەنگە شانۆی سیاسی عێراق بەرەو دیمەنێکی دیکە ببات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بەردەوام کێشەی ململانێی سیاسی و تائیفی ھەبووە، لە ماوەی رابردوشدا بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختە درا، چاودێرێکی سیاسی پێیوایە عێراق لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و کوردیش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریەدا دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی خۆی بۆ ھەموو ئەگەرێک ئامادە بکات، پێویستە یەکڕیز بێت و یەک گوتاری ھەبێت.

کاروان ئەنوەر، چاودێری سیاسی گوتی: "پێوسته‌ كورد بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ ململانێ له‌سه‌ر كورسی نه‌كات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پشت كورسی سیاسه‌ت بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر چۆنێك بێت، كورد ناگاته‌ 80 كورسی په‌رله‌مانی، واته‌ هه‌ر به‌ كه‌مینه‌ی په‌رله‌مان ده‌مێنێته‌وه‌، باشترین بژارده‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق".

دۆخی عێراق لە زۆر لاوە ئاڵۆزە، بۆیە بەشێکی دیکە لە چاودێرانی سیاسی بە ئاستەمی دەزانن ھەڵبژاردن چارەسەری سەرجەم کێشە و گرفتەکانی عێراق بکات، چونکە دەڵێن عێراق وڵاتی ئەگەرەکانە و رەنگە بە شەو و رۆژێک چەند گۆڕانکارییەک روووبدات.

کامەران غەریب، کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌گه‌ر پێمانوابێت هه‌ڵبژاردن كلیلی چاره‌سه‌رییه‌كانه‌، ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌دا چووین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، بینیمان ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان كاریگه‌ریی ئه‌رێنییان له‌ عێراق درووست كرد، بۆیه‌ پێویسته‌ كورد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان یه‌كڕیز بێت و ره‌وچاوی مه‌ترسییه‌كانی چالاكبوونه‌وه‌ی داعش بكه‌ین".

بە ئومێدی ھێوربوونەوەی دۆخی سیاسی و رەواندنەوەی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان و لەسەرووی ھەمووشیەوە رازیکردنی شەقامی توڕەی عێراقییه‌، وا بڕیارە 10ی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئایندەش ئەوە رووندەکاتەوە عێراق دوای ھەڵبژاردن بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.

د.ی