زمان و تێگه‌یشتن
بیرکردنه‌وه پرۆسێسێکی نۆیرۆلۆگییه. من هیچ گرفتێکم له به‌کارهێنانی چه‌مکی نۆیرۆلۆگییدا نییه، چونکه چه‌مکێکی زانستییه و له ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا به کار دێت؛ ده‌شێت جیاوازییه‌كی بچووك له ده‌نگی ده‌ربڕیندا هه‌بێت و هیچی تر. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بیر بکه‌ینه‌وه، پێویسته ئاگامه‌ند بین، چونکه به‌بێ ئاگایی هیچ ئیمپولسێك (impulse) بۆ بیرکردنه‌وه بوونی نییه. ده‌شێت ئێستا کێشه‌یه‌کت له‌گه‌ڵ چه‌مکی ئیمپولسدا هه‌بێت، لێ کێشه‌که له منه‌وه نییه، به‌ڵکو کێشه‌که له گرنگینه‌دانه به گه‌شه و تێگه‌یشتن.
به‌ردی بناغه‌ی زمانی زانست یۆنانی کۆن و لاتینە. لە هه‌مان کاتدا ئه‌و چه‌مکانه‌ی، که وڵاتانی تر به‌رهه‌میان هێناون. ئه‌مەش به واتای ئه‌وه دێت، که هه‌مووان پێکه‌وه کار ده‌که‌ن بۆ گه‌شه‌پێدانی زمانی زانست. لێ له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، به پێچه‌وانه‌وه، هەر هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ بێنرخکردنی زمان به ئارگومێنتی لێکتێنه‌گه‌یشتن و کوردیینه‌بوونی چه‌مك و وشه. من ناڵێم به بیانووی، به‌ڵکو ده‌ڵێم به ئارگومێنتی، چونکه جیاوازییه‌کی گه‌وره لەنێوان ئار‌گومێنت و بیانوودا هه‌یه. بیانوو هه‌میشه ئامرازێکه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، لێ ئار‌گومێنت پێ له‌سه‌ر به‌ڵگه و سه‌لماندن داده‌گرێت. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که زۆرجار تاکی ره‌خنه‌گر هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی زانستی بۆ سه‌لماندنی کێشه‌یه‌کی زمان و زمانه‌وانی نییه.
ئیمپلوس یه‌که و قه‌واره‌یه‌کی فیزیاییه، که میکانیزمی جوڵه‌ی فیزیایی ئۆبیه‌کتێك کارەکته‌رایز (characterize) ده‌کات. بۆچی کارەکته‌رایز نه‌ك پراکتیزه؟ وه‌ڵام: چونکه هه‌ر مەکینە و ده‌زگایه‌ك، هه‌ر تاکه و خاوه‌نی کارەکتەرێکی تاکەکەسیانە و تایبه‌تیی ئیمپولسی خۆیه‌تی، نه‌ك هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بن.
ئاگایی به‌رهه‌مهێنه‌ری هه‌موو پڕۆسێسێکی ژیانمانه. ئاگایی به‌رهه‌مهێنه‌ری راستییه، به‌رهه‌مهێنه‌ری ریالیتێتمانه. ده‌شێت ئێستا کێشه‌ت له‌گه‌ڵ ریالیتێتدا (reality) هه‌بێت، به‌ڵام من ئاماده نیم "واقیع" له جیاتی ریالیتێت به کار بهێنم. ژیانت به‌رهه‌م، رەنگدانەوە و داوای خۆته؛ ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ر، نابه‌خته‌وه‌ر، هه‌ژار، ده‌وڵه‌مه‌ند، چه‌وساوه، ئازادیت، به‌رهه‌می خۆته و به‌س، به‌رهه‌می ئاگامه‌ندیی خۆته.
به‌ڵام کێ له ئێمه به‌ئاگایه له ژیانی رۆژانه‌یدا؟ به‌ئاگایه له به‌کارهێنانی وشه‌دا، به‌ئاگایه له قسه‌کردندا، به‌ئاگایه له بیرکردنه‌وه‌دا؟ له رۆژنامه، ته‌له‌ڤیزیۆن، له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کاتێك قسه له‌سه‌ر داشکاندنی نرخ ده‌که‌ن، ده‌گوترێت ته‌حفیزات هه‌یه. ده‌گوترێت ئاو ده‌خۆیت، جگه‌ره ده‌خۆیت و چەندان نموونەی هاوشێوەی تر. ئاخر ئاو ده‌خورێته‌وه نه‌ك بخورێت، جگه‌ره ده‌کرێت به دوکه‌ڵ یان دەکێشرێت نه‌ك بخورێت. یاخود هه‌ندێك کێشه‌یان له‌گه‌ڵ پاشگری "یۆن"دا هه‌یه، چونکه پاشگرێکی ئه‌وروپییه، هه‌روه‌کو "موس" و "ئیزم". ناسیۆناڵیسمووس و ناسیۆناڵیزم. مێدیتاسیۆن و مێدیته‌یشن. که‌چی کورد کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆندا نییه.
زۆر شت هەن، که به هیچ شێوه‌یه‌ك موڵکی کورد نییه، لێ کورد به کاری ده‌هێنێت و به شانازیشه‌وه به هیی خۆی ده‌زانێت، وه‌ك: چوکلێت، شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر، چووپ، کێك، ته‌له‌ڤیزیۆن، ئۆتۆمبیل. یاخود ده‌گوترێت، که کورد ده‌ڵێت: چاوێکت ئێشا ده‌ریبهێنه. ئه‌م تێزه (دەربڕینە) به هیچ شێوه‌یه‌ك موڵکی کورد نییه و کورد کردوویه‌تی به هیی خۆی. ئه‌م تێزه موڵکی نیچه‌یه.
پاوڵ ئاوسته‌ر له رۆمانی (The New York Trilogy) قسه له‌سه‌ر بێنرخبوونی وشه‌کان ده‌کات. ئه‌و ئاماژە بەوە دەدات، کە کاتێك وشه‌کان هیچ واتایه‌کیان نامێنێت، ئه‌وا ده‌بێت وشه‌ی نوێ به‌رهه‌م بهێنین. هه‌ر بۆیه ده‌گه‌ڕێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌مك و وشه‌ی نوێ، هه‌تا واتا و نرخیان پێ بدات. من چه‌مکی زانستی به کار ده‌هێنم هه‌تا زمانێکی زانستی به‌رهه‌م بێت. هه‌ندێك ده‌ربڕین و وشه به کوردی به کار ده‌هێنم، که بوونیان نه‌بووه یان نییه، کە ئامانج تێیدا خزمه‌تکردنی زمانی کوردییه. بۆ نموونه من ناڵێم مه‌طبخ، به‌ڵکوو ده‌ڵێم چێشتڕاڕ. ئه‌م وشه‌یه به‌رهه‌می خۆمه له چه‌ند رۆمانێکمدا به به‌رده‌وامی به کارم هێناوه. من ناڵێم راستییه‌که‌ی، به‌ڵکو ده‌ڵێم: له راستییدا. من خاوه‌نی "ڕ"ێکی قوڵم له قسه‌کردندا، ئه‌مانه و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تر قسه له‌سه‌ر من ده‌که‌ن وه‌ك تاك، وه‌ك ئیندیڤیدووم. زمانی کوردیی زمانێکی داگیرکراوه، ئازادیی زمان به قه‌د ئازادیی نه‌ته‌وه خۆی گرنگه. زمان ده‌بێت گه‌شه بکات، زمان به تێگه‌یشتنه (نیچه)ییه‌که‌ی پێویسته خاوه‌نی کولتوورێکی ترانس (trans) بێت نه‌ك داخراو. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که زمان پێویسته گه‌شه بکات و ئاماده‌ی وه‌رگرتن بێت. له هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا به نه‌خۆشیی (Alzheimer) ده‌گوترێت ئاڵتسهایمه‌ر، که‌چی کورد پێیده‌ڵێت ئه‌لزه‌هایمه‌ر، لێ که‌س نییه ره‌خنه‌یه‌کی لێ بگرێت، چونکه خاوه‌نی هیچ پاشخانێکی زانستی نین له‌باره‌یه‌وه، بگره ناشزانن که ئاڵتسهایمه‌ر چییه. ماوه‌ته‌وه بڵێم، که نووسین هه‌میشه بۆ دەستەبژێرە، نه‌ك بۆ هه‌موو. کاتێك نووسیین ده‌بێت به هیی هه‌موو، ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو له هه‌وڵی بیرکردنه‌وه و تێگه‌یشتندا بن. (نیچه) له‌مباره‌یه‌وه، له باره‌ی تێگه‌یشتنه‌وه، ده‌ڵێ، 'ئه‌وه‌ی من ده‌خوێنێته‌وه، سه‌ره‌تا پێڵاوه‌کانی داده‌که‌نێت، نه‌ك جزمه‌کانی.' پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که تۆ وه‌ك خوێنه‌ر کێیت؟