بۆچی پارتی ئەم جارەش یەکەمە!!

Kurd24

چەند رۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتە سیاسیەکان و بەشێك لە بەربژێرانی سەربەخۆش لە تەواوی وڵات، بەهەرێمی کوردستانیشەوە لە کێبڕکێ و ململانێدان. بەپێی رای زۆربەی چاودێران و ئەو راپرسیانەش کە رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانیش ئەنجامیانداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە. ئەم راستییە نەك هەر بە جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە دیارە، بەڵکو رکابەر و نەیارەکانیشی ئەم راستییە چاك دەزانن، بۆیە تیرەکانیان زۆر توندتر دەگرنە پارتی و سەرکردایەتیەکەی، هەندێك جار ئەوەندە تەنگاو دەبن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئەدەبیاتە پڕ لە جنێو و تەشهیرەی سەردەمە خوێناویەکانی شەڕی ناوخۆ، کە دڵنیام هیچ کەسێکی نیشتمانپەروەر حەز لە بیستن و بیرهاتنەوەی ناکات.

ئەو هۆکارانەی وایان کردووە ،کە پارتی دوای حەفتا و پێنج ساڵ حزبی یەکەمی کوردستان و عێراق بێت، گەلێك زۆرن. لەهەمووی بەهێزتر پارتی خاوەنی سەرۆکێکی بەهێزە، هەر بۆیەش زۆر جار دەبینین نەیارەکانی پارتی هیوایان لەسەر دوای نەمانی سەردەمی سەرۆك هەڵچنیوە، ئەمە نیشانەی بێ ئومێد بوونیانە لەململانێکردنی پارتی. خاڵێکی دیكه‌ی بەهێزی پارتی ئەوەیە، ساڵانێکی گەلێك زۆر پارتی و سەرکردایەتیەکەی بوونەتە ناونیشانی کوردبوون و کوردایەتی، سەیرکەن هەر کەسێك لە هەر شوێنێك باس لە کوردبوون و شوناسەکەی بکات، ئەوە بە پارتی بوون مەحکومە، سەرەڕای ئەو بەرگریەی پارتی لە شوناسی کوردبوون دەیکات، لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاکانی دیكه‌ش راستگۆیە و بەتەواوی مافەکانیانەوە قبووڵکراون. خاڵێکی دیكه‌ ئەوەیە، ئەم بنەماڵەیەی ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات، ئەمە زیاتر لەسەدەیەکە لە مەیدانی بەرگریکردن لە کوردبوون و کوردایەتی وەك کێۆ چەقیون، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هیچ جارئەم پرسه‌، لەدەستیان نەشکاوە و دووچاری نسکۆبوون نەبوونه‌، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو جارێك لە ژێر هیچ بارودۆخێکی قورس و گراندا چۆکیان دانەداوە و دووبارە بۆ بەرگری لەو مەسەلەیە تێهەڵچوونەتەوە، خاڵێکی دیكه‌ ئەوەیە، هیچ پارت و لایەنێك لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگه‌ی کوردی وەك پارتی نەیتوانیوە تێبگات، یان خوێندنەوەی بۆ بکات، بۆیە دەبینین هەمیشە پارتی و خەڵك لەیەکەوە نزیکن، هەرچەندە ئێستا بەهۆی خراپی هەندێك لە بەرپرسەکانی درز کەوتۆتە ئەو پەیوەندییە.

 زۆر جار ئێمەی رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ناو پارتی، رەخنە دەگرین و پێمانوایە كه‌ دەبێت پارتی لیبراڵتر بێت لەوەی کە هەیە، یان دامەزراوەتر و کراوەتر بێت، هەروەها سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین سینگی فراوانتر بێت، بەڵام کە سەیری لایەنەکانی دیكه‌ دەکەین، کە لەرووی راگه‌یاندنه‌وه‌ زۆر باس لە ئازادی رادەربڕین و لیبراڵبوون دەکەن، هیچیان بەقەد پارتی کراوەتر و لیبراڵتر نین، بۆ ئەوەی بە بەڵگەوە قسە بکەین، سەیری هەردوو کەناڵی تەلەفزێۆنی رووداو کوردستان24 بکەن، کە چەند بابەتیانە و نیشتیمانیانە سەرەدەری لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان دەکەن، لەمانەش بگەڕێن سەیری لاپەڕەی بیروڕای رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بکەن، دەبینن چۆن رای جیاواز و بابەتی رەخنە ئامێزی بابەتیانە بڵاودەکاتەوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە جیاوازی و رەخنە و ئازادی رادەربڕین، پێویستمان بەوە هەیە، جیاوازی لە نێوان رەخنە و تەشهیر بکەین، ئەوەی ئەمڕۆ باوە لە ناو کۆمەڵگه‌ی ئێمە، پێمانوایە تەشهیر، ئازادی رادەربڕین و رەخنەیە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنێکی قورسە و پێویستمان بە هۆشیاری فیکری هەیە بۆ تێگەیشتن لەم ئیشکالیەتە.

زۆر جار من وتار و بابەتی رەخنەیی بڵاودەکەمەوە، کادری خۆمان هەبووە بەمنی گوتووە، ناتوانێت یان ناوێرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك لایکی ئەم وتارە بکات، کەچی رۆژی دواتر رۆژنامەی خەباتی حزبی بابەتەکەمی بڵاوکردووه‌تەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە پارتی رەخنەی قبووڵە، بەڵام ئەوەی کۆمەڵێك خەڵك لێی تێناگات، ئەوەیە، پێیانوایە دەبێت پارتی تەشهیر و لێدان و ناوزڕاندنیش قبووڵ بکات.

ئەم هۆکارانەی سەرەوە و کۆمەڵێك هۆکاری دیكه‌ش هەیە، وای کردووە پارتی بە حزبی یەکەم بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی وتارەکەم درێژتر نەبێت باسیان ناکەم.