گرافیک... شارۆچکەی عەنکاوە
K24 – هەولێر
لە 4/10/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ عەنکاوە، رایگەیاند، عەنکاوە لە ناحیەوە دەکرێت بە قەزا، وەزیری ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانشی بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان راسپارد.
ناحیەی عەنکاوە سەر بە قەزای ناوەندی ھەولێرە و کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای شاری ھەولێر. لە ساڵی 1956 بووەتە شارەدێ و ژمارەی دانیشتووانی 40 هەزار کەسە.
عەنکاوە ھیچ گوندێکی نییە و زۆربەی دانیشتووانی لە گەلانی کلدانی، ئاشووری، سریانی پێکهاتوون. لە 90٪ دانیشتووانی عەنکاوە کریستیانن و لە 10٪ موسڵمانن.
14 کڵێسای مەزهەبی و زیاتر لە 20 کۆمەڵە و یانەی رۆشنبیری لە عەنکاوە هەن. بارەگای پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری و بارەگای هاوینەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی (لویس ساکۆ) لە عەنکاوەیە. بارەگای یەکەم مەترانی کلدانی لە ساڵی 1967 لە عەنکاوە دامەزرا.
زانکۆی کاسۆلیکی کە زانکۆییەکی جیهانییە و لەلایەن ڤاتیکانەوە پشتگیری دەکرێت لە عەنکاوەیە.
عەنکاوە بە یەکێک لە شوێنە ھەرە کۆنەکانی جیھان دادەنرێت. تەل قەسر یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی عەنکاوە و رووبەرەکەی 1250 مەتر دووجایە. مۆزەخانەی کولتووری سریانی عەنکاوە دەیان پارچە شوێنەواری تێدا هەڵگیراوە.